بەڵکوو خوێنی بەناحەقڕژاوی ئەم دوو لاوە پێشمەرگەیە، وەخۆتان بێنێتەوە!
  2023-06-22       892       
سامان ئیبراھیمی‌و ھیوا سادقی

قادر وریا 

 

هەرچی دەکەم ناتوانم بەسەرخۆمدا زاڵ بم و لە ئاست ئەم کارەساتەی ڕوویداوە و لە ئاست لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی، بێدەنگ بم. بە ڕواڵەت کێشەکە، کێشەیەکی نێوخۆیی ڕێکخراوێکی سیاسییە، بەم پێیە مەمانان کە لەدەرەوەی ئەم ڕێکخراوەین، بۆمان نییە خۆی تێهەڵقوتێنین! بەڵام هەمووشمان دەزانین کە دووکەڵی ئەم کێشە نێوخۆییە، دەچێتە چاوی سەرجەم حیزب و ڕێکخراوەکانی پەڕیوەی هەرێمی کوردستان. دووکەڵی ئەم کێشەیە، دەچێتە چاوی خەڵکی زامداری ڕۆژهەڵات کە ڕۆڵەکانیان دڵگەرم بە پشتیوانیی ڕێبەران و تێکۆشەرانی سیاسیی نێو حیزب و ڕێکخراوە لەمێژینەکانیان، چوونە سەر شەقام، دابێژدابێژ کران و شەهید بوون، یا بە دیل گیران و لە چاوەڕوانیی پەتی سێدارەدان.

بە کورتی ئەم جۆرە ڕووداوانە هەر تەنیا ئیعتیباری ڕێبەرانی لایەنەکانی کێشەکە لە بەرچاوی بیروڕای گشتیی کوردستان و دەرەوە ناسووتێنێ، هەموومان کە پشکێکمان لە حیزبایەتی و پێشمەرگایەتیدا هەیە و بەشێکین لە ئیعتیباری بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێیەوە سووک دەبین. هەر بۆیە تاک تاکی ئێمە ئەرکمانە، سەنگەرگرتن لە یەکتر و قوربانییکردنی گیانی ڕۆڵە پاک و بەهەستەکانی کوردستان لەم ململانێ نێوخۆییانەدا، مەحکووم بکەین. ئەرکمانە ڕێبەران وسیما دیارەکانی بەرپرس لەم کارەساتە سەرکۆنە بکەین.

بەڵێ دەبێ کەمێک ڕاشکاوانە لە گەڵ کەسانی بەرپرس لەم کارەساتە بدوێین. من سیما دیارەکانی لایەنەکانی نێو ئەم کێشەیە، بە دۆست و براگەورە و هاوخەباتی خۆم دەزانم و بۆ زیانپێگەیشتنی ئیعتیباری سیاسیی ئەوان بەداخ دەبم، بەڵام حەق بە خۆم دەدەم هەر بۆ ئەوەی بەرپرسایەتیی خۆیان لەم ڕووداوانەدا وەبیر بێنمەوە، هەر یەکەی ڕیزە پرسیارێکیان لێ بکەم. ئەو پرسیارانە، جارێ لێرە ناخەمەڕوو، بۆ ئەوەی لە لایەک چاوەڕێم خوێنی بە ناحەق ڕژاویی ئەمڕۆی ئەم دوو لاوە، ئەو بەڕێزانە وەخۆ بێنێتەوە و کێشەکە لانیکەم لێرە بەدواوە، بە شێوەیەکی ژیرانە چارەسەر بکەن. لە لایەکی تر نامەوێ لەم دۆخەدا، بیانوو بدەمە دەست لایەنگرانی ئەم یا ئەو کەسایەتیی نێو کێشەکان تا بە بیانووی پرسیارەکانی من، ئەوەندەی تر ئاگری قین و یەکترنەویستن خۆش بکەن.

بۆ مەرگی تراژیکی ئەو دوو لاوە پێشمەرگە و بۆ نەفسی ڕووداوەکەش زۆر بە داخم. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییەکان دەکەم. هیوادارم ئەم ڕووداوە ببێتە دەرسی عیبرەت و، ڕێگر بێت لەوەی جارێکیتر کێشەکان بەم ئاقارەدا بڕۆن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×