لە ئێستادا به‌رهه‌می ناوخۆی مریشك و ماسی پێداویستییه‌كانی بازاڕ پڕده‌كاته‌وه‌
  2023-06-20       1103       

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا به‌رهه‌می ناوخۆی مریشك و ماسی پێداویستییه‌كانی بازاڕ پڕده‌كاته‌وه‌.

ئاوێنه‌: قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند:" بە مەبەستی گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ و پشتگیریکردنی کێڵگەکانی ناوخۆ و دیاریکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ لە گۆشت و مریشک و ماسی، ئەمڕۆ سێشەممە قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ  بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، ڤێتەرنەری، چاودێری بازرگانی، ئاسایشی ئابووری و نوێنەری خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان کۆبووەوە".

ئەوەشی خستەڕوو": لە کۆبوونەوەکەدا ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێماننی وتی، ئامانجی کۆبوونەوەکەیان گرنگیدانە بەبەرهەمەکانی ناوخۆ و پشتگیریکردنە لە کێڵگە ناوخۆییەکان، هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بەرهەم و بەروبومە ناوخۆییانەی توانایان هەیە پێداویستی بەکارهێنەر و بازاڕەکانی ناخۆ دابین بکەن، لیژنەکە رێگری لە هاوردەکردنیان بكات بۆ بازاڕەکانی شاری سلێمانی".

ئاماژەی بەوەشکرد" هاوکات قائیمقامی سلێمانی جەختیلەوەشکردەوە، یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی ئەم لیژنەیه‌ راگرتنی هاوسەنگی نرخ و دابینکردنی گۆشتی سور و مریشک و ماسی و هێلکەیە و رێگه‌ نادات بەرزبونەوەی نرخ روبدات و ببێته‌ بارگرانی له‌سه‌ر شانی هاوڵاتیان".

قائیمقامیەتی سلێمانی روونیشیکردەوە:" لەسەر بنەمای ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ و بەرزبونەوەی نرخ لەسەر هاوڵاتیان، له‌ کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆی مریشك و ماسی پێداویستییه‌كانی بازاڕ پڕده‌كاته‌وه‌ هاورده‌ ناكرێت، به‌ڵام له‌مانگی داهاتوودا رێگه ‌به‌هاورده‌كردنی بڕی200 تەن گۆشتی سوور ده‌درێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×