رۆژنامه‌ی الصباح: دوو پێشنیاز بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم گه‌ڵاڵه‌ كراون
  2023-06-18       1401       

لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی عێراق دوو پێشنیازیان گەڵاڵە کردووە بۆ هەناردەکردنه‌وه‌ی نەوتی هەرێم ئەگەر تورکیا هەر سوور بوو لەسەر رەتکردنەوەی ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌هه‌نارده‌ی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: عەلی مەشکوور، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سرووشتییەکان، بە رۆژنامە عێراقییەکەی راگەیاندووە لیژنەکەیان دوو پێشنیازی داوەتە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵی، بۆ هەناردەکردنه‌وه‌ی نەوتی هەرێم، یەکەمیان بریتییە لە "پشکی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم بە سەرپەرشتیی کۆمپانیای (سۆمۆ) و لە رێی بۆریی گواستنەوەی نەوتی باشوورەوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات".

ئەو پەرلەمانتارە لە درێژەی لێدوانەکەیدا پێشنیازی دووەمیشی خستوه‌تەڕوو: "پێشنیازی دووەم بریتییە لە دەستکردن بە چاککردنەوە و ئامادەکردنی هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق-بانیاس کە بە خاکی سوریادا تێدەپەڕێت بۆ هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنرای هەرێم".

مەشکوور ئاماژەی بە عینادیی تورکیا کردووە لە رێنەدان بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و بە (الصباح)ـی وتووە: "عێراق هەموو رێوشوێنە دیپلۆماتییەکان دەگرێتە بەر لەپێناو دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێی هێڵی گواستنەوەی کەرکوک-جەیهان، بەڵام ئەگەر تورکیا هەر سوور بوو لەسەر هەڵوێستی خۆی و ملی نەدا بۆ بڕیارەکەی دادگای ناوبژیی نێودەوڵەتیی پاریس و پێداگریی کرد لەسەر گرتنەوەی ئەو هێڵی گواستنەوەیەی نەوت کە رۆژانە ملیۆنان دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت، ئەوا عێراق یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ دەکات".

بەپێی سەرچاوەی زانیاریی میدیاکانی عێراق و تورکیا، بڕیارە سبەینێ دووشه‌ممه‌ 19ی حوزه‌یرانی 2023، شاندێکی تورکیا سەردانی بەغدا بکات و بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی نەوت تاووتوێی پرسەکان بکەن، بەڵام پسپۆڕان بۆچوونی جیاوازیان هەیە دەربارەی جددییەتی تورکیا لە رێگەدان بە دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، بە هۆی سکاڵایەکی عێراق لە دادگای نێودەوڵەتیی پاریس، کە دادگایەکی بازرگانیی ناوبژیکەرە، لە دژی توورکیا و بە هۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی هێڵی گواستنەوەی نەوتی کەرکوک-بەندەری جەیهان، لە 25ی ئازاری 2023 وە کە ئەمڕۆ دەگاتە نزیکەی 85 رۆژ؛ هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، بەو هۆیەوە زیانی زۆرتر لە دوو ملیار دۆلار بەر ئابووری عێراق کەوتووە، دادگاکەی پاریس قەرەبووی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بەسەر تورکیادا سەپاندووە، بەڵام وا دیارە تورکیا دەیەوێت بە دواخستنی دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم سازش بەو بڕی قەرەبووە بکات کە دراوە بە سەریدا، لەگەڵ دەستخستنی نەوت بەو نرخەی پێشتر لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە پێی دراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×