ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای دهكات كه لەسەرەتای مانگی داهاتوهوه (تەمموز)ی 2023وە دەست بەجێبەجێکردنی بڕگەو ماددەکانی یاسای بودجه دەکرێت.
ئاوێنه: موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگهیاندووه، "چاوەڕواندەکرێت لەسەرەتای مانگی داهاتو (تەمموز) وەزارەتەکانی حكومهتی عێراق دەست بکەن بەجێبەجێکردنی بڕگەو ماددەکانی یاسای بودجە.
وتیشی، ڕەنگە حکومەت تانە لەو ماددانە بدات کە بارگرانی داراییان دروستکردوە، تانەدان بۆ هەر ماددەیەک جێبەجێکردنی ئەو بودجەیە ڕادەگرێت، نەک هەمو بڕگەکانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، "زیاتر لە 500 یەکەی خەرجی هەیە و دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە لەلایەن سەرۆک کۆمار، پرۆسەی جێبەجێکردنی بودجە لەلایەن لیژنەی دارایی و لیژنەکانی پەرلەمانی دەخرێتە ژێر چاودێریەوە، هەریەکەیان بەپێی لێهاتویی خۆیان بەدواداچون دەکەن."
یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.
لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.
بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.
بەرەبەیانی رۆژی (12ـی حوزەیرانی 2023)، لە دانیشتنی چوارەمیدا تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 پەسەندکرد و دوای سڕینەوەی چوار ماددە و زیادکردنی چەند ماددەیەک.