موسەننا ئەمین: پارتی و یەکێتی رێکبکەون هەموی دەخۆن، رێکنەکەون تێکی دەدەن
  2023-05-29       833       

 موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆی خۆیان دەبنەوە ناو بودجەی عێراق کە ئەوەش "ئاسەواری خراپی دەبێت لەسەر داهاتوی مافەکانی کورد و پێگەی هەرێمی کوردستان"، دەشڵێت، ئەو دو حزبە هەرکاتێک "رێکبکەون هەموی دەخۆن، رێکنەکەون تێکی دەدەن".

ئاوێنە: موسەننا ئەمین ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بەداخەوە ئێستا یاسای بودجە لەسەر ئەو بڕگانە گیری خواردوە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، مەسەلەیەک هەیە دەڵێت، مەیمون ئەگەر لە دارستان رێکەوتن هەموی دەخۆن، ئەگەریش شەڕیانکرد هەموی وێران دەکەن، برادەرانی پارتی و یەکێتی ئاوا لە خەڵکی کوردستان و مافەکانی کورد دەکەن، کاتی خۆی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار تکامانکرد کە شەڕی نێوان کورد نەهێنن بۆ بەغدا چونکە ئاسەواری خراپی دەبێت و ئەو پۆستە ئەوەنیە کە شەڕی لەسەر بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی و یەکێتی جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆی خۆیان دەبنەوە ناو بودجەی عێراق کە ئەوەش "ئاسەواری خراپی دەبێت لەسەر داهاتوی مافەکانی کورد و پێگەی هەرێمی کوردستان و  ئێمە هەرگیز بەشێک نابین لەو ململانێ ناوخۆییەی کورد کە دەبرێت بۆ بەغدا، بۆیە رون و ئاشکرا دەڵێین، دەسکەوتی گەورە لەناو بودجەدا هەیە و پێویستە هەردو حزب واز لە شەڕەکانی خۆیان بهێنن بۆ دابینکردنی ئەو بودجە باشەی کە ئەمساڵ بۆ هەرێم دابینکراوە".

پەیوەست بە دیاریکردنی رێژەی 10%ی پاشەکەوت کە بدرێتەوە بە فەرمانبەران، موسەننا ئەمین وتی، "حزبێکی پۆپۆلیست دەیەوێت بیکات بەهی خۆی لەکاتێکدا ئەندامی لە لیژنەی دارایشدا نیە، لەولاشەوە وەزیری دارایی هەرێم تەنگی بەخۆی هەڵچنیوە و دەڵێت، کوا تەخسیساتی دارایی تاوەکو خەرجی بکەم؟ من بە بەڕێزت دەڵێم بەو 10%ی دانراوە بە 30 ساڵی دیکە پاشەکەوتی موچە نادەنەوە بۆچی بێزار دەبیت ئەگەر 100 هەزار زیادبکەیت لەسەر موچەی موچەخۆرێک کە چەندین ساڵە زوڵمی لێدەکەن".

موسەننا ئەمین پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری دارایی هەرێم کرد و وتی، "کێ دەستی خستوەتە ناو پارەی بانکی بازرگانی عێراقی کێ قەرزەکانی بردوە؟ بە چ دیاریکردنێکی دارایی ئەو پارەیە مانگانە دەدەیتەوە؟ بەڵام 10%ی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەرانیان پێقورسە، پێمان ناڵێن چەندین ساڵە بە یاسایەک تەسەروف بە پارەی کوردستانەوە دەکەن؟ ئێوە کە یاسای بودجەتان نیە چ یاسایەک رێگەتان پێدەدات دەستکاری پارە بکەن؟".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتو دەڵێت، "پارتی و یەکێتی شەرعیەت و پیرۆزییان بۆ پەرلەمان و کۆمسیۆن و ئەنجومەنی دادوەری و دادگای تەمیز نەهێشتوە، پێمان بڵێن بە چ بنەمایەکی یاسایی باج، غەرامە و رسومات سەپێنراوە لەکاتێکدا بە دەقی یاسا نەبێت کەس مافی نیە فەرزی بکات، چەندین ساڵە داهات لەم وڵاتە دەشارنەوە و ئێستا کە باسی بودجە دەکرێت دان بەوەدا دەنێن کە داهاتی نانەوتی هەرێم بریتییە لە هەشت ملیار دۆلار کە چوار ملیار دەدەنە عێراق و چوار ملیاریش بۆ خۆیان دەمێنێتەوە، ئەو پارەی چەندین ساڵە چی لێکراوە". 

لەبارەی موچەی خانەنشینان، موسەننا ئەمین پرسیاری ئاڕاستەی وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم کرد و وتی، "بە چ یاسایەک خانەنشینی دەدەن بە خانەنشینانی هەرێمی کوردستان؟ تۆ بە یاسایەکی کۆنی پوچەڵکراوەی عێراق دەیدەیت کە لە عێراق پوچەڵ بوەتەوە، ئێستا لە عێراقدا یاسای خانەنشینی یەکگرتو هەیە و کەمترین خانەنشینی 400 هەزار دینارە بەڵام لە هەرێم 200 هەزار دینارە، چۆن کار بە یاسا کۆنەکە دەکەیت؟".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×