جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زەحمەتە لەو کاتەی دیاریکراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، دەشڵێت: دۆخی هەرێم بەرگەی ململانێی زیاتر ناگرێت.
ئاوێنه: مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانى ناوخۆی هەرێمی ڕایگەیاند، زەحمەتە لەو کاتەی دیاریکراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
مستەفا سەید قادر وتیشی: دۆخی هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و ململانێی زیاتر ناگرێت.
سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی گۆڕان و ئەو کەسانەى لە بزوتنەوەکە تۆراون، جێگری سەرۆکى هەرێم، ئەوەى خستەڕوو، لەم ماوەیەدا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانیان ئاشتببنەوە،دەشڵێت: دەکرێت جارێکی دیکە بەیەکەوە کاربکەین، وەکو وەفایەکیش بۆ کاک نەوشیروان بتوانین ئەگەر گۆڕانیش نەکەینەوە بە هێزەکەی جاران، بیکەینە هێزێکی کاریگەر.
مستەفا سەید قادر باسی لەوەشکردوە، ئەو ناکۆکییانەی لەنێوانیاندان ئەوەندە قووڵ نین و شتی ستراتیژی و نەتەوەیی نی، بۆیە دەکرێت ئاشتببنەوە.
جێگری سەرۆکى هەرێم پشکى بزوتنەوەى گۆرانەو لە خولی هەلبژاردنى ڕابردوو، مستەفا سەیدقادر وەک بەرپرسێکى باڵای گۆڕان ئەو پۆستەى وەرگرت، لەگەڵ ئەوەشدا لە حکومەتدا چوار وەزیریان بەرکەوت، بەڵام چوونە ناو حکومەت و بێدەنگیان بەرامبەر دۆخى ناوخۆی هەرێم، بزوتنەوەکەى ڕووبەرووی تۆران و جیابوونەوەیەکى زۆری سەرکردەو هەڵسوڕاوەکانى کردەوە.