بەمەبەستی گەیاندنی کێشەو گرفتەکانیان بە بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق شاندێک لە هەرێمی کوردستانەوە كە تایبەتبون بە كەرتی كشتوكاڵ سەردانی بەغدایان كرد. سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان كە ئەندامێكی شاندەكە بوە دەڵێت، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانی داین.
ئاوێنە: نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە ئاوێنەی ڕاگەیاند"رۆژی چوارشەممە شاندێک لە هەرێمی کوردستان کە تایبەت بوین بە کەرتی کشتوکاڵی بەسەرپەرشتی ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵپەلەوەرییەکان و نوێنەری سامانی ئاژەڵ و نوێنەری پرۆژەکانی بەرهەمهێنانەرانی هێلکە، لە شاری بەغدا چاومان کەوت بە دكتور ميساق خەفاجی، جێگری وەزیری کشتوکاڵی عێراق کە تەواوی كێشەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان باسکرا."
نازم عەبدوڵا وتیشی"بەرپرسانی عێراقی بڕیاریاندا ڕێگاکانی کەرکوک و موسڵ و هەولێر دهۆک کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە گیراون بکرێنەوە بۆ ڕۆشتنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی خواروی عێراق بەمەرجێک ڕێنمایی ئەو بەرهەمانەی هەیانە بەزمانی عەرەبیش زانیارییەکان نوسرابێت".
راشیگەیاند"ئێمە پێمان وتن کە لەهەریمی کوردستان پرۆژەمان هەیە بەڵام خۆمان بە خەڵکی عێراق دەزانین جیاوازی ناکەین لە نێوان شارەکانی دیکەی عێراق و نابێت ڕێگری بکرێت لە ڕۆشتنی بەرهەمەکانمان لەکاتێکدت هەر بەرهەمێک لە عێراقەوە دێت بۆ کوردستان ڕێگریان لێ ناکرێت، داواشمانکرد هاوکاری پرۆژەکانی هەرێمی کوردستان بن بەڵام پێی وتین کە ناتوانین هیچ هاوکارییەکمان بکەن و گومرگ لە سەر مریشکی بەستو بە ڕێژەی لەسەدا 50 زیادکراوە بۆ هاتنە ناوەوەی عێراق".
ئاماژەی بەوەشدا، چاوەڕێ دەکەین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوەوە نوسراوی فەرمی بکرێت بۆ تەواوی دەروازەکان بۆ ڕێگەدان بە ڕۆشتنی بەرهەمی هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی خواروی عێراق.