ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكان و گواستنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە پەرلەمانتاران دەكات، دەنگ لەسەر دانانی باج لەسەر كۆمپانیاكانی هێڵی پەیوەندیكردن نەدەن و راشیدەگەیەنێت، "دانانی باج لەسەر باڵانسی مۆبایل لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی كەمدەرامەت نیە.
ئاوێنە: كاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكان و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە بڵاویكردەوە، "بەهەوڵی لیژنەكەمان و وەزارەتی پەیوەندیەكانی عێراق لەچەند مانگی رابردودا توانرا باجی 20% سەر كارتی باڵانسی مۆبایل لاببرێت، ئەمەش بۆ خەڵك سودی باشی هەبو، بەڵام بەداخەوە دیسانەوە لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئەم باجە دانراوەتەوە لەسەر كارتی مۆبایل بەڕێژەی 10٪، كە ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی خەڵكی كەمدرامەت نیە".
كاروان یاروەیس دەشڵێت، "ئەگەر بابەتەكە زیادكردنی سەرچاوەی داهاتە بۆ حكومەت، ئەوە فەرمون ئەو ملیۆنان دۆلارەی لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندییكردن كەڵەكە بوە وەریبگرنەوە و بیخەنە خەزێنەی حكومەتەوە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەكان داواش لە پەرلەمانتاران دەكات، "دەنگ بەو مادەیە نەدەن بۆ ئەوەی نرخی كارتی باڵانسی مۆبایل وەكخۆی بمێنێتەوە و زیاد نەكرێت".
لە ساڵی 2015 بەهۆی شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت و دروستبونی قەیرانی دارایی، حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەڕێژەی 20% باج بخاتە سەر كارتی باڵانسی كۆمپانیاكانی پەیوەندیكرد، ئەوەش بوە هۆی زیادبونی نرخی باڵانسی مۆبایل و هەر كارتێكی پێنج هەزار دیناری بە شەش هەزار و 10 هەزار دیناری بە 11 هەزار دینار دەفرۆشرایە هاوڵاتیان.
رۆژی 22ی (تشرینی دوەم/12)ی 2022 محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی باج لەسەر كۆمپانیاكانی پەیوەندیكردن و بەوەش نرخی باڵانسی مۆبایل ئاساییكرایەوە و لەئێستادا باڵانسی پێنج هەزار دیناری، بە پێنج هەزار دینار دەدرێتە هاوڵاتیان.