وەزیری دارایی هەرێم ئاشکرایکرد، لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان پەسەندکراوە و کێشەی تەمویل و تەرخان چارەسەر کرا، هەروەها بەبێ کێشە مانگانە لەکاتی خۆی خەرج دەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات کەلەچەند مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆران دەبنە خاوەن هەژماری بانکی لە (هەژماری من).
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا دەڵێت "ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەمیانی پێشوازیکردنی لە ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لەهەرێمی کوردستان و وەفدێکی یاوەری باسی لە دواین رێکكەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ كردووە و دوای ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی چڕوپڕ و کۆبونەوەی نێوان وەفدەكانیان لە هەولێر و بەغدا، دواجار لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان پەسەندکراو کێشەی تەمویل و تەرخان چارەسەر کرا و، بڕیاردرا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەساڵی ٢٠٢٥ بەبێ کێشە مانگانە لەکاتی خۆی خەرجبکرێت".
ئاوات جەناب وێڕای باسکردنی لەبەرەو پێشچونەکانی پڕۆژەی هەژماری من، ئەو رونیشیکردەوە "هەژماری من پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق و بەئاگاداری سەرۆک وەزیرانی عێراق قۆناغی باشی بڕیووە و، لەچەند مانگی داهاتوودا سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەڕێی بانکە بەشداربووەکانی ناو پڕۆژەکە دەبنە خاوەن هەژماری بانکی".