ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرێک لە بەرپرسانی عێراق کە ئێستا حوکمڕانن، لە هەولێر دەژین و منداڵەکانیان لە هەولێر خستووەتە بەر خوێندن. ناوبراو دەشڵێت "بوونی سەرکردەی بەعسی لە هەولێر ڕاست نییە".
ئاوێنە: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای وت "لە هەولێر پانتاییەکی فراوانی ئازادی هەیە، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و برایانی عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەولێر دەژین. بەتایبەت ئەو بەرپرسانەی ئێستا حوکمڕانن لە عێراق کەمیان هەیە لە کوردستان نەژین و منداڵەکانیان لێرە نەخوێنن، هەروەها پشووەکانیشیان لە هەولێر بەسەر دەبەن".
وتیشی "ئەو کرانەوەو ئازادی و سەقامگیرییەی لە هەولێر هەیە، وایکردووە سەرکردەکانی عێراق پێی سەرسام بن و زۆربەیان لێرە بژین، بەڵام باسکردن لە هەبوونی بەعسی لە هەولێر ڕاست نییە".
بەشێک لە بەرپرسانی عێراق بەتایبەت هێزە شیعەکان هەرێمی کوردستان بە داڵدەدانی بەرپرسانی رژێمی بەعس و نەیارانی عێراق تۆمەتبار دەکەن، ئەمە جگە لەوەی لە ڕابردوودا هەولێر لەلایەن ئێران وبەشێک لە هێزە شیعەکان بە هەبوونی بنکەی ئیسرائیلی تێیدا تۆمەتبار دەکرا.
لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە پارێزگاری هەولێر ئاشکرایکرد "تۆمەتبارکردنی هەولێر لە چوارچێوەی دژایەتیکردنی هەرێم و کێشەی قوڵی خۆیانە لە شێوازی حوکمڕانی، ئەوان فشاریان لەسەرەو حکومەت ناتوانێت باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکات و کێشەکانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەزیادبووندایە، بۆیە لەلایەن پەنا بۆ بڕینی بودجەی هەرێم و لەلاکەی تر تۆمەت دەدەنە پاڵ هەرێم، دەیانەوێت پەردەپۆشی خراپی حوکمڕانییان بکەن".
ناوبراو باسیش لەوە دەکات، کە زۆربەی بەرپرسانی عێراق لە هەولێر دەژین، بەڵام حکومەتی عێراق و بەرپرسەکانی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە دروستکردنی سەرئێشە بۆ هەرێم و هەوڵدان بۆ لە قاڵبدانی تۆمەتبار دەکرێن.
بەپێی دەستوری عێراق، هاوڵاتییانی هەرێم و عێراقی دەتوانن لە هەر شوێنێک بژین کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام ناکۆکی نێوان سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا تا ئاستێکی زۆر بۆ نێو شەقام گواستراوەتەوە و ئەمەش جۆرێک لە هەستیاری دروستکردووە.