وەزارەتی نەوتی عێراق: بەمزوانە وەفدێكی عێراق دەچێتە ئەنقەرە بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت
  2023-04-01       758       

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە پێگەی ئەلمۆنیتۆری راگەیاند، بەمزوانە وەفدێكی عێراق سەردانی ئەنقەرە دەكات بۆ گفتوگۆ لەبارەی شێوازی هەناردەكردنەوەی نەوت لە رێگەی ئەو وڵاتەوە، ئەوەش لەدوای بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دژی توركیا لەبارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەبێ رەزامەندی عێراق.

ئاوێنە: عاسم جیهاد، ئەمڕۆ شەممە، بە پێگەی ئەلمۆنیتۆری راگەیاندوە، بەمزوانە وەفدێكی عێراقی سەردانی ئەنقەرە دەكات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و جەختیشی كردۆتەوە كە نە توركیاو نە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییان رەتنەكردۆتەوە. وتوشیەتی، ئەوەش هەڵوێستێكە بۆ "دەسپێكێكی نوێ."

عاسم جیهاد وتوشیەتی، "نەوت لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدا بێت لە هەمو شتێك گرنگترە."

پێگەی ئەلمۆنیتۆر باسی لەوەش كردوە كە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەمریكای هێنایە نێو كێشمەكێشەكەوەو هەفتەی رابردو ڤێدانت پاتێل، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە ئەنقەرەو بەغدا كرد دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوت بكەن و وتیشی"پچڕاندنی هەناردەی وزەی جیهان خزمەت بە بەرژەوەندی هیچ لایەك ناكات."

پێگەی ئەلمۆنیتۆر نوسیویەتی، پێویستە بەغدا لەگەڵ هەولێر بگاتە رێككەوتن بەرلەوەی گفتوگۆی بابەتەكە لەگەڵ ئەنقەرە دەستپێبكات.

بەپێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەغدا ئامانجی ئەوەیە میكانیزمێكی نوێ لەژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆدا بدۆزرێتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، بەڵام تاوەكو ئێستا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەیشتونەتە چارەسەرێكی مامناوەند، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆكان بەردەوامن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×