بەهۆی رێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودیە بە نێوەندگیری چین و کاراکردنەوەی دوو رێککەوتننامەی کۆنی نێوان هەردوو وڵات، بەهای تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
ئاوێنە: ئێستا لە بازاڕەکان، 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر بە 4 ملیۆن و 200 بۆ 4 ملیۆن 700 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهای 100 دۆلار بەرزبووەوە بۆ سەرووی 6 ملیۆن تومەن، ئەمەش گەورەترین داکەوتنی بەهای تومەن بوو لە مێژووی خۆیدا. بەهای تومەنی ئێرانی کە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە زیاتر بەرەو دابەزین دەڕوات و گەمارۆ و سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانیش زیاتر کارییگەرییان لەسەر دابەزینی بەهاکەی هەیە، ئێستا رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و سعوودیە، کەمێک بەهای بەرزکردەوە.
رۆژی هەینی 10/3/2023، تاران و ریاز لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان رێکەوتن و، بڕیارە هەردوو حکومەتی ئێران و سعوودیە لە ماوەی دوو مانگدا باڵیۆزخانەکانیان بکەنەوە.
لە ساڵی 2016 خۆپیشاندەرانی ئێران بەرامبەر لە سێدارەدانی ئەبونەمر، کەسایەتی شیعە مەزهەب لە سعوودیە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران، ئەمەش نیگەرانی سعوودیەی لێکەوتەوە و پەیوەندییە سیاسی و دپلۆماسییەکانیان پچڕا.