ئینستتیوتی پەی، ئەمڕۆ شەممە، راپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پەرلەمانی كوردستانی لە خولی گرێدانی پاییزە(لە 1ی ئەیلولی 2022 بۆ 28ی شوباتی 2023)، بڵاوكردەوەو دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان تەمەنى خۆى درێژکردەوە، کەچى زیاد لە چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەکەشیدا تێپەڕیوە تا ئێستاش هیچکام لەو ئەرکانەى بەجێنەگەیاندوە کە تەمەنى خۆى بۆ درێژکردەوە.
ئاوێنە: ئینستتیوتی پەی لە سەرەتای راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە پەرلەمانى کوردستان (31) ساڵ تەمەنیەتى و (5) خولى تێپەڕاندوە، ئەوەى جێگەى سەرنج و تێڕامانە، خول لەدواى خول رێژەى بەشداریی دەنگدەران لە دابەزیندایە، هیچ کام لە خولەکانى بەپێى یاسا بەڕێوەنەچونەو لەکاتى خۆیاندا هەڵبژاردنیان ئەنجام نەداوە، لە بوارى یاساداناندا لە پاشەکشەدایەو چاودێری لاوازە، ساڵانێکە یاساى بودجە نییەو هیچ لێپێچینەوەیەکى لە دەسەلاتى جێبەجێکردن نەکردوە، بۆ هیچ پرسێکى چارەنوسساز بۆى ناگەڕێنەوەو رۆژ لەدواى رۆژ رۆڵى ئەم دامەزراوە گرنگە بێبایەخ تر دەکرێت.
ئەوەشی خستۆتەڕو"لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان کەمترین دانیشتنى کردوە، داتاکان لەم راپۆرتەدا بەردەستن کە بە مانگ کۆنەبۆتەوە، سەربارى ئەمە تەمەنى خۆیشى درێژکردەوەو نەیتوانى ئامادەکارى بکات لەو ئەرکانەى دەکەوتنە سەر شانى تا هەڵبژاردن لە کاتى خۆیدا ئەنجامبدرێت، جگە لەوەى تەمەنى خۆى درێژکردەوە، کەچى زیاد لە چوار مانگ بەسەر درێژکردنەوەکەشیدا تێپەڕیوە تا ئێستاش هیچکام لەو ئەرکانەى بەجێنەگەیاندوە کە تەمەنى خۆى بۆ درێژکردەوە! نە یاساى هەڵبژاردن هەموارکراوە، نە کۆمسیۆن کارا کراوەتەوە، نە تۆمار پاک کراوەتەوە، نە هیچ کام لە رێکارەکانى هەڵبژاردن گیراوەنەتە بەر."
ئاماژەی بەوەشداوە، دەبوایە لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان (51) دانیشتنى بکردایە، بەڵام ئەو بەلێنەیان بەجێ نەهێنا، تەنها (15) جار کۆبونەوە.
راپۆرتەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە کۆی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە (6/11/2018 تا 28/2/2023) واتە بە (چوار ساڵ و سێ مانگ و بیست و چوار رۆژ)، تەنها (114) دانیشتن کراوە، ئەمە لەکاتێکدا بەپێى پەیڕەو دەبوایە بەلای کەمەوە (331) کۆبونەوەى ئەنجامبدایە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەم خولى گرێدانەدا، خوێندنەوەی یەکەم تەنها بۆ (4) پێشنیاز و پرۆژە یاسا کراوە، (6) یاسا پەسەندکراون، بەگشتى لە خولی پێنجدا (ماوەى چوار ساڵ) خوێندنەوە بۆ (79) پێشنیاز و پرۆژە یاسا کراوەو (47) یاساش پەسەندکراون.
ئاشكراشیكردوە كە "ئەندامانی پەرلەمان لەم شەش مانگەدا هیچ بیرۆکەیان پێشکەش نەکردوە."
هەروەها وتوشیەتی"پەرلەمان نەیتوانیوە وەک پێویست بە ئەرکى یاسادانان هەڵسێت. لەم خولى گرێدانەدا تەنها (6) یاساى پەسەند کردوە، کە تا ئێستاش (5) لەو یاسایانە لە وەقائیعى کوردستان بڵاو نەکراونەتەوە."
هەروەها ئەوەشی وتوە لەلایەن ژمارەى یاسایی ئەندامانەوە هیچ یادداشتێک بەمەبەستى داواى پرساندن پێشکەش نەکراوە."
راپۆرتەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە حکومەت (10) ساڵە پرۆژەى بودجەو (12)ساڵە ژمێرەى کۆتایی بۆ پەرلەمان نەناردوەو چوار ساڵە پەرلەمان ژمێرەى کۆتایی بودجەى خۆى نەخستۆتە بەردەم ئەندامەکانى.
لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا ئینستتیوتی پەی ئاماژەی بەوەداوە كە "لە دانوستانى هەولێر و بەغدا دەبوایە پەرلەمان مەرجەع و کۆکەرەوەى هەمو دەنگ و بۆچونەکان بێت بەڵام وا نەکەوتەوە."
وتوشیەتی"لە خولى گرێدانى پاییزەدا پەرلەمان تەنها (15) دانیشتنى ئەنجامداوە..لەکاتێکدا بەپێى پەیڕەو دەبو بەلاى کەمەوە (51) دانیشتن بکات."
جەختیشی كردۆتەوە كە "لەم خولەى گرێدانەدا (10) پەرلەمانتار ماوەى شەش مانگ لە دانیشتنەکاندا (هیچ) قسەیەکیان نەکردوەو هیچ بەشدارییەکیان نەبوە."