هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان -پژاك- رایگەیاند، لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی سەر شەقام لهلایهن دهسهڵاتدارانی ئێرانهوه، سەلمێنەری ئەوەیە کە لەکۆتاییەکانی تەمەنیدا لەکۆمەڵگەو ڕاپەڕین تۆقیوە.
ئاوێنه: سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک لەزنجیرە توییتێکدا لەبارەی سێدارەدانی محەمەد مەهدی کەرەمی و سەید محەمەد حوسەینی لەلایەن ئێرانەوە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند.
هاوسەرۆکی پژاک نوسیویهتی، لەسێدارەدانی تێکۆشەرانی سەر شەقام بەتۆمەتی هەڵبەستراو، کارەکتەری گەندەڵی ڕژێمی تۆتالیتەری کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات و سەلمێنەری ئەوەیە کە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا لە کۆمەڵگە و ڕاپەڕین تۆقیوە.
سیامەند موعینی دەسڵێت، ئەم ئێعدامانە بۆ ترسی ڕژیم لە سەرهەڵدانی شۆڕشێکی گەورەی سەرتاسەری دەگەڕێتەوە. کۆمەڵگە چیتر نەک بە شێوەی کەمپەین، بەڵکو بە سەرهەڵدانی سەرتاسەری بەرپەرچی ئەو تاوانانەی ڕژیم دەداتەوە.
ئەمڕۆ دەسەڵاتی دادی ئێران ڕایگەیاند، محەمەد مەهدی كەرەمی و محەمەد حسێنی لەسێدارە داوە، كە دوو لەو خۆپیشاندەرانە گەنجانە بوون، كە لەمیانی ناڕەزاییەتیەكانی دوای كوژرانی ژینا ئەمینیی دەستبەسەر كرابوون.
محەمەد مەهدی كەرەمی، كوردە و خەڵكی شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنەیە، لەگەڵ محەمەد حسێنی لە كاتی بەڕێوەچوونی چلەی “حەدیس نەجەفی”، یەكێك لە گیانبەختكردووانی ناڕەزایەتیەکانی ئێران، لە ڕۆژی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە شاری كەرەج دەستبەسەر كرابوون.
دەسەڵاتی دادی ئێران لەسەر كوژرانی ئەندامێكی بەسیج بەناوی (ڕوحوڵا عەجەمیان)، سزای لە سێدارەدانی بەسەر محەمەد مەهدی كەرەمی و محەمەد حسێنی سەپاندبوو و جگە لەوەش ١٤ كەسی تریشی لەسەر هەمان دۆسیە تۆمەتبار كردووە.