سه‌رخێڵ ئاراز
پسپۆڕی خۆپاراستنی ته‌ندروستی
نه‌خۆشی پاركینسنس چییه؟
نه‌خۆشی پاركینسنس(Parkinsons) یاخود له‌رزین (شلل الرعاش)، بریتیه له‌و نه‌خۆشییه‌ی توشی خانه‌كانی مێشكی مرۆڤ ده‌بێت كه به‌شێكی كۆئه‌ندامی ده‌مارن، ده‌بێته هۆی له‌رزینی ئه‌ندامه‌كانی له‌ش وه‌ك دهستو قاچ‌و گرژبونی ماسولكه‌كانی لهشو خاوبونه‌وه له‌جوڵه‌ی له‌ش له‌مرۆڤدا. نه‌خۆشی پاركینسنس بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن دكتۆر جه‌یمس پاركینسنس كه پزیشكێكی نه‌شته‌رگه‌ری به‌ریتانی بو له‌ساڵی 1817ز دا، پێناسه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ی له‌چه‌ند وتاردا بڵاوكرده‌وه كه تیایدا ئاماژه‌ی به‌نیشانه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه ده‌كرد وه‌ك له‌رزین، به‌پێی ئاماژه‌ی سه‌نته‌ری نه‌خۆشی پاركینسنس له‌وڵاتی به‌ریتانیا له‌كۆی 500 كه‌س یه‌كێك توشی ئه‌م نه‌خۆشیه بوه، له‌ئێستادا ڕێژه‌ی توشبوان به‌و نه‌خۆشیه له‌و وڵاته 127000 كه‌سه، ڕێژه‌ی توشبونی پیاوان جار‌و نیوێك زیاتره له‌ژنان.
هۆكاره‌كانی نه‌خۆشیه‌كه:
نه‌خۆشی پاركینسنس به‌هۆی له‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌خانه‌كانی مێشكی مرۆڤ ده‌بێت كه پێیده‌وترێت substantia nigra كه كارده‌كاته سه‌ر كاردانه‌وه‌ی مێشك بۆ به‌رهه‌مهێنانی مادده‌ی (دۆپامین)له‌نێو خانه‌كانی مێشكدا، ئه‌ركی دۆپامین چالاكی گه‌یاندنی كاره‌كانی نێوان مێشك‌و كۆئه‌ندامی ده‌ماری مرۆڤه، به‌و هۆیه‌شه‌وه كـار له‌كۆنتڕۆڵكردنی جوڵه‌ی مرۆڤ ده‌كات. به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی زانستی پزیشكی نه‌خۆشی پاركینسنس به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه ڕوده‌دات كه ئه‌وانیش بریتین له:
1. هۆكاری بۆماوه‌یی (جینی) به‌پێی هه‌ندێ لێكۆڵینه‌وه‌ی پزیشكی ئاماژه به‌وه‌كراوه كه بۆماوه‌یی یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی كه ده‌بێته هۆی توشبون به‌نه‌خۆشی پاركینسنس واته له‌رزین، ئه‌میش به‌هۆی گواستنه‌وه له‌ڕێگه‌ی سپێرمه‌وه له‌باوانه‌وه بۆ وه‌چه‌كانی، هه‌رچه‌نده تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی ورد ئه‌م بۆچونه پشتڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه به‌ڵام زانایانی پزیشكی مێشك‌و ده‌مار بڕوای ته‌واویان به‌م هۆكاره هه‌یه.
2. هۆكاری ژینگه‌ی: به‌ركه‌وتن به‌گازه ژه‌هراویه‌كانی ژینگه یاخود ماده كیمیاویه مه‌ترسیداره‌كان هۆكارێكه بۆ دروستبونی نه‌خۆشیه‌كه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و ژههرانهوه دێت كه سه‌رچاوه‌كانی بریتین له:
أـ ئه‌و مادانه‌ی بۆ له‌ناوبردنی مێروو زینده‌وه‌ره بچوكه‌كانی ناو كێلگه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
أ. ئه‌و ماده ژه‌هراویانه‌ی به‌هۆی پیشهسازیو پاشه‌ڕۆی پیشه‌سازیه‌كانه‌وه بڵاوده‌بێته‌وه.
ب. پیسبونی هه‌وا به‌تایبه‌ت به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی ڕێگاكانو ده‌ردانی ئه‌و گازانه‌ی لهئامێرهكانهوه ده‌رده‌چێت وه‌ك ماده‌ی دوانۆكسیدی كاربۆن.
3. به‌پێی دواین لێكۆڵینه‌وی پزیشكی ئاماژه به‌وه كراوه خه‌مۆكی‌و توشبون به‌نه‌خۆشی شه‌كره هۆكارێكی تری توشبونن به‌نه‌خۆشی پاركینسنس.
نیشانه‌كانی:
نیگه‌رانی له‌وه‌دایه نیشانه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشیه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هێواش له‌مرۆڤدا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌ندێ كات 2-3 ساڵ ده‌خایه‌نێت كه ئه‌وانیش بریتین له:
1. له‌رزین له‌به‌شێك یاخود چه‌ند به‌شێكی جه‌سته‌ی مرۆڤ وه‌ك دهستو قاچ كه هه‌ندێكجار ته‌نها ده‌ستێك ده‌بێت یاخود دهستو قاچێك یان چه‌ند به‌شێكی جه‌سته‌ی ده‌بێت كه ئه‌میش به‌هۆی كه‌می ده‌ردانی ماده‌ی دۆپامینی مێشكه‌وه ده‌بێت.
2. خاوبونه‌وه‌ی جوڵه‌ی له‌ش بۆنمونه هێواش ڕۆشتن به‌ڕێگادا واته توشبوانی ئه‌م نه‌خۆشیه جوڵه‌یان هێواش ده‌بێت له‌كاتی ڕۆشتندا.
3. گرژبونی هه‌ندێ لهماسولكهكانی له‌شی مرۆڤ له‌كاتی توشبون به‌م نه‌خۆشیه‌دا.
چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی پاركینسنس:
له‌ئێستادا له‌جیهاندا چه‌ندین چاره‌سه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه هه‌یه‌و چه‌ندین هه‌وڵی به‌رده‌وامیش هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئاسان‌و خێرا، به‌ڵام له‌وڵاتانی هه‌ژارو تازهپێگهشتوهكاندا ته‌نها چاره‌سه‌ر له‌ڕێگه‌ی ده‌رمانه‌وه‌یه. چاره‌سه‌ره‌كانیش ته‌نها بۆ كه‌مكردنه‌وه‌و نه‌هێشتنی نیشانه‌كانی نه‌خۆشیه‌كه‌ن كه بریتین له:
1. چاره‌سه‌ر له‌ڕێكه‌ی ده‌رمان.
2. چاره‌سه‌ری نه‌شته‌رگه‌ری كه ئه‌مه‌ش به‌چه‌ند شێوه‌یه‌ك ئه‌نجامده‌درێت له‌وانه بریتیه له‌جێگیركردنی ته‌زوی كاره‌بایی كه له‌ڕێگه‌ی باتریهكهوه كارده‌كات له‌ناو خانه‌كانی مێشكدا كه ئه‌م نه‌شته‌رگه‌ریه ماوه‌ی 4 كاتژمێر دهخایهنێتو بڕی زیاتر له 30000 بۆ 50000 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی تێده‌چێت ئه‌م نرخه به‌پێی وڵات گۆڕانی به‌سه‌ردادێت، به‌ڵام كێشه‌ی گۆڕینی شوێنی تهزوهكانو پاتری ئامێره‌كه وایكردوه ئه‌و ئامێره جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی نه‌خۆش نه‌بێت، ڕێگایه‌كی نوێی نه‌شته‌رگه‌ری بریتیه له‌چاندنی خانه‌كان‌و گه‌شه پێكردنیان.
3. چاره‌سه‌ری سروشتی: چه‌ندین جۆری چاره‌سه‌ری سروشتی هه‌یه كه پزیشكانی مێشك‌و ده‌مار له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه زانستیه‌كانه‌وه ئاماژه‌یان پێكردوه ئه‌ویش بریتین له:
أ. وهرزشكردنو ڕێگا ڕۆشتن: ئه‌مه به‌شێكی گرنگه بۆ چاره‌سه‌رو كه‌مكردنه‌وه‌ی نیشانه‌كانی نه‌خۆشی پاركینسنس واته له‌رزین ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كار له‌سه‌ر ماسولكه‌كانی له‌ش ده‌كات لهگرژبون بیانپارێزیت، بۆیه پێویسته ئه‌و كه‌سانه‌ی توشبون به‌نه‌خۆشی له‌رزین ڕۆژانه بۆ ماوه‌ی 30- 45 خولهك هه‌ندی جۆری وه‌رزش ئه‌نجامبده‌ن وه‌ك ڕۆشتن به‌پێ، مه‌له، به‌كارهێنانی هه‌ندێك جۆری پاسكیلی پزیشكی.
ب. به‌كارهێنانی ئه‌و خوارده‌مه‌نیانه‌ی سودمه‌ندن بۆ نه‌خۆشیه‌كه‌و تایدا ڤیتامینی جۆری D وE تیایاندا زۆره، هه‌روه‌ها خۆدانه به‌ر تیشكی خۆر بۆ ده‌ستكه‌وتنی ڤیتامین Dو هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی omega 3، كه ئه‌مه‌ش له‌گۆشتی ماسیدا هه‌یه.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌خۆشی پاركینسنس واته له‌رزین نه‌خۆشیه‌كی نیشانه‌ییه، واته ته‌نها نیشانه‌ی هه‌یه‌و له‌ڕوی فیزیاییو ده‌رونیه‌وه كار له‌نه‌خۆشه‌كه ده‌كات، تائێستا هیچ ئاماژه‌یه‌كی پزیشكی‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروستی نیه، ئاماژه به‌هۆكاری مردن بكات له‌ڕێگه‌ی پاركینسنسهوه.