پارتی بۆ یەكێتی: دۆسیەی تیرۆرکردنی پلەدارەکەی دژە تیرۆر لای کونسوڵخانەکان نییە بەڵکو لای دادگایە
  2022-11-10       1257       

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بردنی دۆسیەی "تیرۆرکردن"ی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆر بۆ لای کونسوڵخانەکان لەجێی خۆی نییە، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە دادگاوە هەیە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەو ناکۆکییەی سەریهەڵداوە، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی نییە، بەڵام یەکێتی دوچاری هەڵچون بوە.

ئاوێنە: عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند"ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ یەکێتی نییە، بەڵام یەکێتی لەخۆڕا ناکۆکی دروستکردوە، ئێمەو یەکێتی شەریکی سەرەکین، یەکێتی هێزێکی گرنگی نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمە، یەکێتی توشی هەڵچون بوە لەسەر ئەو کارە تیرۆرستیەی لەناو شاری هەولێر بەدەستی کۆمەڵێک کادیری ڕویداوەو تۆمەتبارەکان داواکراون لەلایەن دادگاوە."

وتیشی"سەرۆکی حکومەت و دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، یەکێتی کام دەزگای هەواڵگیری دەوێ، ئەمەریکا، یاخود چین و ژاپۆن هەر وڵاتێکی دەوێ، با بێن شاهیدی لێکۆڵینەوەکان بن، بەڵام ئەوان لەوە نیگەران بون، بابەتەکە لە میدیا بڵاوکرایەوە."

دوێنێ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەردانی شاری هەولێری کردو لەگەڵ کونسوڵی هەندێک لە وڵاتاندا کۆبوەوە، ڕونکردنەوەی پێدان لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆرەوەو هەندێک لەو فەرماندانەی دژە تیرۆریشی لەگەڵ بو کە تۆمەتبار دەکرێن، لەوبارەیەوە عەلی عەونی وتی"ئەم کێشەیە لای کونسوڵ و ڕێکخراوی خێرخوازی نییە، ئەم کێشەیە لای دادگایە، جەنابی بافڵ تاڵەبانی یان تیمێکی باوەڕپێکراوی یەکێتی دەتوانن بێنە هەولێرو چاودێری لێکۆڵینەوەکان بکەن."

وتیشی "کاک بافڵ بە تۆمەتبارەکان دەڵێت لەگەڵم وەرن بۆ هەولێر، ئەمە کێشە دروست دەکات، بەڵام حکومەت بە سنگ فراوانییەوە مامەڵە دەکات، ئەوانە داواکراون لەلایەن دادگاوەو دە ساڵی تریش بێت، دەبێت بێنە دادگا، با بێنە دادگاو بیسەلمێنن بێ تاوانن."

لەبارەی رەخنەکانی یەکێتی نیشتیمانی لەوەی کە دانپێدانانی هەندێک لە دەستگیرکراوەکان پێش لێکۆڵینەوەی دادگا بڵاوکراونەتەوەو ئەمەش وایکردوە بڕیارەکە بە سیاسی بزانن، سەرکردەکەی پارتی وتی"دانپێدانی ئەو کەسانە بە ڤیدیۆ مەوجودە، شار بە کامیرا کۆنترۆڵکراوە، کەس دەربازی نابێت، وەک چۆن بکوژی بەرپرسەکەی کونسوڵخانەی تورکیا لەماڵی کەریم خان گیرا، ئاوەهاش ئەمانە گیراون، سەردەمی نکۆڵیکردن تێپەڕیوە، بەڵگەو ڤیدیۆ هەیە."

هەرچەندە سەرکردەکەی پارتی ڕەتیدەکاتەوە وەکو حزب کێشەیان لەگەڵ یەکێتی هەبێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتی هۆکاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بۆ تاکڕەوانە بەڕێوەبردنی هەرێم و کێشەی نێوان هەردو حیزبەکە دەگێڕنەوە، لەوبارەیەوە عەلی عەونی وتی"کێشەکە لای ئێمە نییە، لای ئەوانە، ئێستاش دەبێت بەشداری کۆبونەوە بکەن و گلەیی و ڕەخنەکانیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم باس بکەن، گەر کێشەکەش سیاسییە، پارتی ئامادەیە بۆ دانوستان، هەرچەندە کێشەکە سیاسی نییە، بەڵکو ئەمنییە، ناکرێ خەڵک نەزانێت کێ بەرپرسەکەی دژە تیرۆری لەناو هەولێرکوشتوە و بۆ کوشتویەتی."

عەلی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەردەمی کێشەکانی شەڕی ناوخۆ گەورەتر نین، دەبێت لەکۆتاییدا پێکەوە دابنیشن، وتی "لەناو یەکێتی و پارتیدا، بەشی ئەوە خەڵکی هۆشیار و ژیر هەن، بتوانن زاڵ بن بەسەر ئەم کێشەیەدا، پێویست ناکات بەڕێز قوباد تاڵەبانی بایکۆتی کۆبونەوە بکات، بەڵکو دەبێت خۆیان چاودێری ئاڕاستەی لێکۆڵینەوەکان بکەن لەبارەی کوژرانی عەقیدەکەی دەزگای دژە تیرۆر لەناو هەولێر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×