یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆ نوێنەرایەتی چینێک دەکەن کە قورسایی زانستی و رۆشنبیری خۆیان ھەیە، کە ئامانجی سەرەکیان دەستکەوتی زانستیە نەک بابەتی جۆر ومۆدێل ورەنگی پۆشاک، لەم ڕوانگەوە زانکۆکانی کوردستان بەئاراستەی یەکپۆشی ھەنگاو دەنێن، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی سلێمانی ڕاپرسیەکی ئۆنلاینی بۆ خوێندکاران داناوە تاوەکو پشت بەست بە (بەڵێ) و (نەخێر)ی زۆرینە بڕیاربدرێت.
ئاوێنه: د.پێشڕەو حەمەجان عەزیز، یاریدەدەری زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بڵاویکردوەتەوە،"یەکپۆشی خوێندکارانی زانکۆ چەندین سودی سایکۆلۆجی وکۆمەڵایەتی وئابوری وزانستی ھەیە وەک، کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی ونەھێشتنی دڵەڕاوکێ وگاڵتەجاڕی لە جیاوازی پۆشاک وبەدەستھێنانی جۆرێک لە یەکسانی ودادپەروەری لە پۆشاکدا کە ئەمانەش کەشی ڕق وتوندوتیژی وناکۆکی وھەستیاری نێوان خوێندکاران کەمدەکاتەوە وھاوکاری ونزیکبوونەوە وڕێکەوتن زیاتر دەکات، خەرجی خوێندکار وکەسوکارییان بۆ کڕینی مۆدێلاتی پۆشاک کەمدەکاتەوە، لەبری ئەوە پاشەکەوت دەکەن بۆ پێداویستیەکانی تری ڕۆژانەیان".
رونیشیکردوەتەوە،"یەکپۆشی کات وھەوڵ بۆ خوێندکار دەگێڕێتەوە کە لەدەستی بدات بۆ ھەڵبژاردنی نوێترین مۆدێل و رەنگی پۆشاک و ململانێ لە مۆدێلات و شانازیکردن بە پۆشاکەوە، ھەستکردنی خوێندکار بە کەسێتی زانستی و ناسنامەی زانکۆیی خۆی زیاتر دەکات و وادەکات پابەندبێت بە ھەلسوکەوتی گونجاو لەگەڵ ئادابی گشتی، ئەمانەش وادەکات ڕەچاوی پێگەی خۆی وکەسانی تر بکات دەرکەوتنێکی شایستە ودیاردەیەکی شارستانیە وڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی حەرەمی زانکۆییە، وئاسایش وئارامی بەزانکۆ دەدات".
باسی لەوەشکردوە،"لەگەڵ ھەمو باشیەکان ھەندێک پێیان وایە یەکپۆشی دژی ئازادی تاکەکەس و ئازادی ڕادەربڕین و نەھجی دیموکراتیەتە، ڕەچاوی ئەو جیاوازی وفرەییە ناکات کە سروشتی مرۆڤن، و خەرجی زیادە و ڕۆتینات و بێزاری وتوندی تێدایە بۆ خوێندکار، لەگەڵ ئارەزوی ھەندێک خوێندکار یەکناگرێتەوە، وە ھەندێک ترسیان لە توانای پابەندبونیان ھەیە، کاری لیژنەی بەرزەفتەکردنی کۆلێجەکان زیاتر دەکات".
ئاشکراشیکردوە،"خوێندکارانی زانکۆ نوێنەرایەتی چینێک دەکەن کە قورسایی زانستی و رۆشنبیری خۆیان ھەیە، کە ئامانجی سەرەکیان دەستکەوتی زانستیە نەک بابەتی جۆر ومۆدێل ورەنگی پۆشاک، لەم روانگەیەوە زانکۆکانی کوردستان بەئاراستەی یەکپۆشی ھەنگاو دەنێن، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی سلێمانی ڕاپرسیەکی ئۆنلاینی بۆ خوێندکاران داناوە تاوەکو پشت بەست بە (بەڵێ) و (نەخێر)ی زۆرینە بڕیاربدرێت".