ڕۆڵی ئەمریکا لە(ڕاپەرین)و کارەساتی (کۆڕەو)دا، (ئەوەى میدیای کوردی باسی ناکات)   
  2022-03-09       888       

  د.فوئاد ره‌شید

 

بەشێوەیەکی گشتی گۆڕانکاری و  ڕووداوە گەورەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕووداوگەلێکی سروشتى و زادەی ڕێکەوتی ئاسایی نین، مێژووی نوێی ئەم جوگرافیایە پێمان دەڵێت (بەشی زۆربەی گۆڕانکاری و تراژیدیا گەورەکان دەستێکی زلهێزەکانی لە پشتەوە بووە، جا ڕاستەوخۆ بووبێت یان ناڕاستەوخۆ، بەتایبەتی لە ئاست تراژیدیا و مەرگەساتەکانی کورددا.

 لە مێژووی نوێدا،هیچ مه‌رگه‌سات و ماڵوێرانییه‌كی كورد نییه‌،به‌هاوكاری و ده‌ست له‌پشتدانی زلهێزێكی ڕۆژئاوایی(به‌ریتانیا،ئه‌مریكا،فه‌ره‌نسا )ئه‌نجام نه‌درابێت. لەم میانەدا و لە چوارچێوەى باسکردنی ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ خەڵکی کوردستان، سەرچاوەکان ئاماژەیەک بە دەستى دەرەکی پشت ئەم ڕووداوەش دەکەن.

پڕۆفیسۆر (مایکیل نەهمە) کە مامۆستای کۆلێژی زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی ئەمریکی- لوبنانی نۆتەردام، لەگەڵ پڕۆفیسۆر (لوقمان محۆ) مامۆستای بەشی زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی ئیندیانا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لە لێکۆڵینەوەیەکیاندا دەڵێن (( ئەمریکا پاش ئەوەی دووجار کوردەکانی دژی ڕژێمی عیراق هاندا، نەیتوانی لەماڵ وێرانبوون بیانپارێزێت ، هەردوو جارەکە کە ئەمریکا دەستوەردانی لە کێشەکە کرد ، دەستێوەردانی نهێنی لە شەڕی ١٩٦١-١٩٧٥ و دەستێوەردانی ئاشکرا لە شەڕی ١٩٩١) ئامانجی تەنها ڕاگرتنی هاوسەنگی هێزبوو لە ناوچەکەدا.١

ناوبراوان وردتر ئاماژە بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ دەکەن و دەڵێن (( دەست بەجێ دوابەدوای ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی لە شوباتی ١٩٩١ و هەرەسهێنانی سوپای عێراق ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەبانگەوازێکدا  داوای لەخەڵکی عیراق کرد ڕاپەرن و ڕژێمی سەدام حوسێن بڕوخێنن)).٢

ئەوە بوو لە مانگی ئاداری ١٩٩١ لە باشووری عیراق شیعە و لە کوردستانیش میللەتی کورد لە دژی ‌دامودەزگاکانی ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆر ڕاپەڕی، بەڵام هێندەی نەبرد سوپای سەدام لە پاش هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاوە ، پەلاماری شار و شوێنە ڕزگارکراوەکانی داو کارەساتێکی گەورەى لێکەوتەوە، هەردوو پڕۆفیسۆر (مایکیل و محۆ) دەڵێن (( کوردەکان پاش ئەوەی لەلایەن وڵایه‌كگرتووه‌کانی ئەمریکا هاندران دژی سەدام ڕاپەرن ، بەتەنیا لەبەرامبەر ئاکام و ئەنجامگەلی خوێناوی ڕووبەڕووبوونە و ئەمریکا هیچ یارمەتییەکی نەدان))٣

نووسەر و لێکۆڵەر (د.عادل باخەوان)یش ئاماژەیەکی کورتی بەم مەسەلەیە داوه‌و نووسیوێتی:

((لە ١٦ شوباتی ١٩٩١ (جۆرج بۆش) داوا دەکات لە گەلانی عیراق ڕاپەرن و کاروباری عیراق بگرنە دەست و خۆیان لە (سەدام) ڕزگاربکەن . لە مارسی ١٩٩١ دا گەلی کورد لە کوردستان ڕادەپەڕێت))٤ .ئه‌م داواو بانگه‌وازه‌ی جۆرج بوش به‌ئاشكرابوو،كات و دۆخه‌كه‌یشی دیاربوو، ،ئیتر له‌ پشت په‌رده‌وه‌ چیتر كراوه‌و چیتر گوتراوه‌ ، ئه‌مه‌یان نادیارو شاراوه‌یه‌.

د.باخەوان بەپێی چوارچێوەی نووسینەکەی دەڵێت (( من لێرە دا باس لەو کارەساتانە ناکەم کە بەدوای بەڵێنەکانی سەرۆکی ئەمریکا دا هات))٥

لە ئاست تراژیدیا و کارەساتەکانی دوای ڕاپەڕین ، ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە (جۆرج بۆش)ی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکاش پاکانەی بۆ ئەم سیاسەتە نا ئینسانیە دەکرد و دەیگوت (( پێم وانییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گوناهبار بێ لەبەر ئەوەی پێشنیاری ئەوەی بە خەڵکی عیراق کردبێ ، حکوومەتی عیراق بڕوخێنن و مەبەستى ئەوە بووبێ کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێتە مەیدان و پشتیوانی  سەربازییان لێ دەکات ، نا شتی وا ڕاست نییە))٦    

بەم جۆرە قسانە ئەمریکا بەهانەی بۆ هەڵوێستی خراپی خۆی دەهێنایەوە لەئاست شاڵاوی دڕندانەی سوپای سەدام بۆ سەر کوردستان و شیعەی ڕاپەڕیوی عیراق.

هزرڤان و زمانناسی ئەمریکی ((چۆمسکی)) لە کتێبی ((٥٠١ ساڵە داگیرکاری بەردەوامە)) دەربارەی ئەم ڕێگە پێدانەی ئەمریکا بە سەدام بۆ هێرشکردنە سەر کورد و شیعە دەڵێت:

(( جۆرج بۆش دووبارە گەڕایەوە بۆ هاوکاریکردنی هاوڕێ کۆنەکەی خۆی ( سەدام حوسێن) لەسەر کوتکردن و لەناوبردنی شیعە لە باشووری عیراق و کوردەکان لەباکوور))٦  

ئۆباڵی بەشێکی ئەم گەمە سیاسیە قێزەونەى کە ئەمریکا بە میللەتی کوردی دەکات لە ئەستۆی خودی کورد خۆیدایە ، هەروەک هەردوو پڕۆفیسۆر (مایکیل) و (محۆ) دەڵێن (( گوناهی بەشێک لەم سەرزەنشتانە لە ئەستۆی نەبوونی دووربینی سیاسی نێو نەتەوەیی لەنێوان کوردەکانە.

بێخەبەریی ڕێبەرانی کورد ،CIA  و ئیدارەی ئەمریکای هاندا لەکێشەی ئاڵۆزی کورد کەڵک وەربگرن و پاشان وەک ئامرازێکی بێ کەڵک بیخەنە لاوە))٧

لە ئاست ئەم مەسەلەیەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە

١- ئەمریکا هەمیشە کوردی وەک ئامرازێکی بەدیهێنانی ئامانج  و بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکارهێناوە.

٢- هەر هەڵوێستێکی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد ، ئەگەر بەڕوواڵەت لە ڕوویەکەوە ئیجابی بووبێت، لە ناواخندا و لە چەندین ڕەهەندی دیکەوە ماڵوێرانی بۆ کورد لێکەوتۆتەوە.

٣- ئەگەر ڕاپەرین بە فیت و هاندانی ئەمریکا بووە ، ئەوا کارەساتەکانی دوای ڕاپەڕینیش هەر بە فیت و هاندانی ئەمریکا بووە....

 

پەراوێزەکان

١- سیاسەتی ئەمریکا لە کوردستان لەڕوانگەی پسپۆڕانی ڕۆژئاوایی ، ئامادەکردنی وریا ڕەحمانی ، بەڕێوبەرایەتی بڵاوکردنەوەی هەولێر، ٢٠١١، لا٤٢.

٢- هەمان سەرچاوە ، لا٧١.

٣- هەمان سەرچاوە ، لا٧٢.

٤- هەمان سەرچاوە ، لا٧٣.

٥- لە فەیسەڵەوە تا تاڵەبانی ، عادل باخەوان ، ٢٠٠٦، لا٢٧.

٦- هەمان سەرچاوە ، لا٢٧.

٧- (٥٠١ سنة و الغزو مستمر ، نغوم تشومسکی ، ت: مي النبهان، دار المدى ط٢، ٢٠١٤ ، ص٦٨)

٨- سیاسەتی ئەمریکا لە کوردستان .... ، لا٧٩.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×