مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی وەڵامێكی توندی لێدوانەكانی جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە دەدەنەوە
  2024-09-12       405       

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی وەڵامێكی توندی لێدوانەكانی جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەرورەدەی شارەكە دەدەنەوە كە وتبوی، ئێمە دەستشكاندنەوەكەمان لە مامۆستایانی ناڕازی بردوە. ئەنجومەنەكە دەڵێت، گەر کەمێك لە خەمی پەروەردەدا بونایە دەبو هەر زو دەستی شکاوەتان بکێشایەتەوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوێنێ چوار شەممە جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چوار چێوەی وتارێکی نێو بۆنەیەکی پەروەردەییدا هەندێك دەستەواژەی ناپەروەردەیی بەکارهێنا، وێڕای ئەوەی  تۆمەتێکی ناڕەوای خستە پاڵ مامۆستایانی خاوەن ئیرادەی شەقام، لە بری ئەوەی باس لە گرفتەکانی پەروەردەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پلانی سەرخستنی کەرتی پەروەردە بکات کە ساڵ بەساڵ وێرانتر دەبێت، لە وتارەکەیدا بەڕێز مامۆستا عومەر، زۆر بە توندی و بەخۆهەڵکێشانەوە خەباتی مامۆستایانی ناڕازی بەدەستشکانەوە لەگەڵ پەروەردەدا لەقەڵەمداو وتی"ئێمە دەست شکانەوەکەمان بردەوە" کە لە ڕاستیدا خەباتی مامۆستایان لە پێناوقوت و شکۆو ژیانێکی شایستەدا بوەو هەیە."

ئەنجومەنی وتوشیەتی"ئێمە هەمیشە خوێندکارو مامۆستاو دامەزراوە پەروەردەییەکانمان وەك یەك پاکێج تەماشاکردوەو لە خەمی ئەوەدا بوین کە خوێندن بە شێوازێکی دروست بخرێتەوە سەر پێی خۆی و تەنیا بەڕێکردنی ساڵ نەبێت و گرفتەکان چارەسەر ببن، نەك دەستشکانەوەو بردنەوە و دۆڕاندن."

ئاماژەی بەوەشداوە "ئەو جۆرە لێدوانانە بە دەستەواژەی ناپەروەردەیی و لێکەوتەی دەستوەردانی حیزبی دەزانین لە کایەی پەروەردەدا، بۆیە لێرەوە بە بەڕێزیان و هەمو ئەوانەی بەو شێوازە بیردەکەنەوە دەڵێین نەك دەستشکانەوەکەتان نەبردۆتەوە بەڵکو ئێوە کەرتی پەروەردەتان وێران کردوەو هەر لە یەکەم هەفتەی بڕیاری بوێرانەی خۆپیشاندانەکان و بایکۆتی ناچاری مامۆستایانەوە دەستی حیزبیتان شکایەوەو گەر کەمێك لە خەمی پەروەردەدا بونایە دەبو هەر زو دەستی شکاوەتان بکێشایەتەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە"لەڕاستیشدا دەبو دەستشکانەوەی ئێوە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بێت کە خوێندنی بێ بەها کردوە و قوت و ژیانی خەڵکی بڕیوە کە خۆتان بەشێکن لێی.""

بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی، لە بەشێکیتری قسەکانیدا جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتویەتی "مامۆستایانی ناڕازی ویستیان ئاراستەکەیان بەرەو ماڵی من بێنن و بەرد بارانم بکەن." لەوەڵامی ئەوەدا ئەنجومەنەكە وتویەتی"ئەم قسەیە وێڕای ئەوەی هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نییە، هەوڵی خۆ وەك پاڵەوان نیشاندانەو هیچیتر، چونکە لە ماوەی خەباتی مەدەنیدا مامۆستایان جگە لە دامەزراوە فەرمییەکان و بارەگا حیزبییەکان کە سەرچاوەی هەمو نەهامەتی و وێرانکارییەکانی ئەم وڵاتەن نەچوینەتە هیچ جێگایەکیترو هەر جێگایەکیش بڕیارمان لێدابێت خۆپیشاندانمان تێدا ئەنجامداوە و سڵمان لە فشارو هەڕەشەی هیچ بەرپرسێکی باڵای بڕیاربەدەستیش نەکردۆتەوە نەك ئەوانەی کە هیچ بڕیارێکیان لا نییە."

جەختیشی كردۆتەوە كە مامۆستایانی ناڕازی "توانیویانە دەنگی ناڕەزایی بگەیەننە تەواوی ناوەندە جیهانییەکان و لە عێراقیشدا بە چاوی خۆتان دەبینن ڕۆژ بە ڕۆژ چ شکستێك ڕوبەڕوی ئەم دەسەڵاتە دەبێتەوەو چۆن هەنگاوە مەدەنییەکانمان توانیان بگەنە دادگای فیدراڵی و پەرلەمان و حکومەت و ناوەندەکانی بڕیار لە بەغداو لە هەموشیاندا ئیرادەی خەباتی مەدەنی سەرکەوتو بوەو دەستی دەسەڵاتی خۆسەپێنی تێدا شکاوە، تازە بەتازە بەرپرسێكی بەتەزکیە دانراوی حیزبی باسی بردنەوەو دەستشکانەوە دەکات، لە بری ئەوەی داوای لێبوردن لە کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایان بکەن و بڵێن ئێمە نەمانتوانی چارەسەری گرفتەکان بکەین و ئەوە چەندین ساڵە خوێندن بەڕێ دەکرێت و هیچ ساڵێك وەك ساڵێکی ئاسایی تێنەپەڕیوە و داوای لێبوردنتان لێ دەکەین، نەك خۆهەڵکێشان و لێدوانی ناپەروەردەیی."

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا وتویەتی، سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت."

دەقی راگەیەندراوەكە:

وەڵامێکی پێویست بۆ جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

دوێنێ چوار شەممە جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە چوار چێوەی وتارێکی نێو بۆنەیەکی پەروەردەییدا هەندێك دەستەواژەی ناپەروەردەیی بەکارهێنا، وێڕای ئەوەی  تۆمەتێکی ناڕەوای خستە پاڵ مامۆستایانی خاوەن ئیرادەی شەقام، لە بری ئەوەی باس لە گرفتەکانی پەروەردەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان و پلانی سەرخستنی کەرتی پەروەردە بکات کە ساڵ بەساڵ وێرانتر دەبێت، لە وتارەکەی بەڕێز مامۆستا عومەر (ج.ب. گ.پ.س)دا، زۆر بە توندی و بە خۆهەڵکێشانەوە خەباتی مامۆستایانی ناڕازی بەدەست شکانەوە لەگەڵ پەروەردەدا لەقەڵەمداو وتی"ئێمە دەست شکانەوەکەمان بردەوە) کە لە ڕاستیدا خەباتی مامۆستایان لە پێناوقوت و شکۆو ژیانێکی شایستەدا بوەو هەیە، ئێمە هەمیشە خوێندکار و مامۆستاو دامەزراوە پەروەردەییەکانمان وەك یەك پاکێج تەماشاکردوەو لە خەمی ئەوەدا بوین کە خوێندن بە شێوازێکی دروست بخرێتەوە سەر پێی خۆی و تەنیا بەڕێکردنی ساڵ نەبێت و گرفتەکان چارەسەر ببن، نەك دەستشکانەوەو بردنەوە و دۆڕاندن.

بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە بە دەستەواژەی ناپەروەردەیی و لێکەوتەی دەستوەردانی حیزبی دەزانین لە کایەی پەروەردەدا، بۆیە لێرەوە بە بەڕێزیان و هەمو ئەوانەی بەو شێوازە بیردەکەنەوە دەڵێین نەك دەستشکانەوەکەتان نەبردۆتەوە بەڵکو ئێوە کەرتی پەروەردەتان وێران کردوەو هەر لە یەکەم هەفتەی بڕیاری بوێرانەی خۆپیشاندانەکان و بایکۆتی ناچاری مامۆستایانەوە دەستی حیزبیتان شکایەوەو گەر کەمێك لە خەمی پەروەردەدا بونایە دەبو هەر زو دەستی شکاوەتان بکێشایەتەوە، کە لەڕاستیشدا دەبو دەستشکانەوەی ئێوە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە بێت کە خوێندنی بێ بەها کردوە و قوت و ژیانی خەڵکی بڕیوە کە خۆتان بەشێکن لێی.

لە بەشێکیتری قسەکانیدا دەڵێت "مامۆستایانی ناڕازی ویستیان ئاراستەکەیان بەرەو ماڵی من بێنن و بەرد بارانم بکەن." ئەم قسەیە وێڕای ئەوەی هیچ بنەمایەکی ڕاستی تێدا نییە، هەوڵی خۆ وەك پاڵەوان نیشاندانەو هیچیتر، چونکە لە ماوەی خەباتی مەدەنیدا مامۆستایان جگە لە دامەزراوە فەرمییەکان و بارەگا حیزبییەکان کە سەرچاوەی هەمو نەهامەتی و وێرانکارییەکانی ئەم وڵاتەن نەچوینەتە هیچ جێگایەکیترو هەر جێگایەکیش بڕیارمان لێدابێت خۆپیشاندانمان تێدا ئەنجامداوە و سڵمان لە فشارو هەڕەشەی هیچ بەرپرسێکی باڵای بڕیاربەدەستیش نەکردۆتەوە نەك ئەوانەی کە هیچ بڕیارێکیان لا نییە، بۆیە قسەکانی جێگری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕەتدەکەینەوە و بەهەوڵی خۆبردنە پێشەوەی حیزبی دەزانین و بە بیری دێنینەوە کە مامۆستایان لەماوەی خەباتی مەدەنی چەند ساڵەدا لە هەر جێگایەك بڕیارمان لەبارەوە دابێت خۆپیشاندانەکانمان ئەنجامداوە، هەر لە چونە هەولێرو بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان و بەردەم بارەگای سەرەکی حیزبەکان و سەرای ئازادی و گرتنی رێگای سەرەکی کەرکوك -سلێمانی لە بازگەی چیمەن و دوا خۆپیشاندانیش بۆ بەردەم دەباشان بو، چەندین بڕیاریتری گرنگی بوێرانە.

لەکۆتاییدا ڕایدەگەیەنین کە حکومەتێكی شکستخواردوی پڕ لە قەیرانی نابەرپرس دەبێت بزانێت بەرپرسەکانی چۆن قسەدەکەن تا لەوە زیاتر نەبنە بارگرانی، چونکە مامۆستایان و فەرمانبەران وەك زیندوترین توێژ لە دەساڵی ڕابردودا گەورەترین نەخێریان بەگوێی دەسەڵاتدا داوەو توانیویانە دەنگی ناڕەزایی بگەیەننە تەواوی ناوەندە جیهانییەکان و لە عێراقیشدا بە چاوی خۆتان دەبینن ڕۆژ بە ڕۆژ چ شکستێك ڕوبەڕوی ئەم دەسەڵاتە دەبێتەوەو چۆن هەنگاوە مەدەنییەکانمان توانیان بگەنە دادگای فیدراڵی و پەرلەمان و حکومەت و ناوەندەکانی بڕیار لە بەغداو لە هەموشیاندا ئیرادەی خەباتی مەدەنی سەرکەوتو بوەو دەستی دەسەڵاتی خۆسەپێنی تێدا شکاوە، تازە بەتازە بەرپرسێكی بەتەزکیە دانراوی حیزبی باسی بردنەوەو دەستشکانەوە دەکات، لە بری ئەوەی داوای لێبوردن لە کەسوکاری خوێندکاران و مامۆستایان بکەن و بڵێن ئێمە نەمانتوانی چارەسەری گرفتەکان بکەین و ئەوە چەندین ساڵە خوێندن بەڕێ دەکرێت و هیچ ساڵێك وەك ساڵێکی ئاسایی تێنەپەڕیوە و داوای لێبوردنتان لێ دەکەین، نەك خۆهەڵکێشان و لێدوانی ناپەروەردەیی.

سەبارەت بە ساڵی نوێی خوێندن لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی

12/9/2024

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×