لەبارەی ڤیدیۆ نوێیەکانی بێهزاد خوسرەویی بەدیلگیراو
  2024-09-12       1788       

قادر وریا

 

ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لەمەودوا هەولدەدات بێهزادی خوسرەویی بەدیلگیراو لە لایەک بۆ چەواشەکاری دژی حیزبی دیموکرات بەکار بێنێ، لەلایەکی دیکە ڕاستیی ئەشکەنجەکران و تەحویلدرانەوەی ناوبراو لە لایەن ئاسایشی سلێمانی، بەهۆی دانپێدانانە زۆرەملییەکانی ناوبراو بشارێتەوە و وەک گەڕانەوەی دڵخوازانەی بێهزاد بۆ باوەشی پڕ لە مێهرەبانیی کۆماری ئیسلامی، نیشانی بدات. بەڵام وەدرۆخستنەوە و بێ ئاکامکردنەوەی ئەم جۆرە هەوڵانەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، زەحمەتێکی زۆریان ناوێ:

١- بێهزاد کێشەی پشتگیری لەلایەن حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی نەبووە. پشتگیریی حیزب لە پەنابەرێکی ئەندامی خۆی لە کاتی نوێکردنەوەی ئیقامەدا پێویستە. خۆ ئیقامەکەی بێهزاد هەتا نێوەراستی مانگی 12ی 2024 ئیعتیباری هەبوو ونوێکردنەوەی پێویست نەبوو. (وێنەی پشتگیرییەکەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان هەیە) بێهزاد ئەگەر پشتگیریی حیزبی دیموکراتیشی پێویست با، حیزب پشتگیریی دەکرد. چونکە لە ڕوانگەی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دیموکراتەوە ناوبراو هیچ کێشە و گرفتێکی سیاسی و ئەمنیەتیی نەبوو. ئەگەر حیزبی دیموکرات خراپی و بێ لوتفی و کەمترخەمییەکی بەرامبەر بێهزاد هەبا، ناوبراو لەسەدان پۆستی فەیسبووکی خۆیدا، ستایشی ئەم حیزبە و ڕێبەران و تێکۆشەرانی نەدەکرد. (٭)

٢-ئەگەر بەشداریی بێهزاد لەم ڤیدیۆ و دانپێدانانە لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێراندا نییە و ناوبراو بە ڕاستی بە ئازادی لە سەقز دەخولێتەوە، بۆچی لەم ڤیدیۆنەدا هەر خۆی دیارە؟ ئەدی کوا کەسوکار و خەڵکی ناوشار لە دەوروبەری؟ پاشان لە کەنگێوە ڕێژیمی ئێران وای لێهاتووە کەسێک کە چەندین ساڵ لە دەرەوەی ئێران بووە و ئەندام و هاوکاری حیزبێکی دژبەر بووە، هەر کە گەڕایەوە وڵات، لە یەکەم ڕۆژەکانی گەڕانەوەی، ڕێگەی پێدەدرێ، پەیجی تێلگرام و اینستاگرام و...هتد دروست بکا و خەریکی قلیان(نێرگەلە)کێشان بێت؟

٣-ئەگەر بێهزاد بە ویستی خۆی چووەتەوە ئێران و لەم دیو و ئەو دیو ئەشکەنجە نەکراوە، بۆچی نێوچاوان و لووتی شکاون و شوێنەواری لێدانیان پێوە دیارە؟ بۆچی پێش گەڕانەوە بە دایک و خوشکی خۆی نیشتەجێ لە سلێمانیی نەوتووە من دەچمەوە بۆ ئێران؟ گوێ لە وتەکانی خوشکی بێهزاد(دوای تەحویلدرانەوەی براکەی بە ئیتلاعاتی سنە) کە لە میدیاکان بڵاو بووەتەوە، بگرن تا بزانن ئاسایشی سلێمانی چۆن بێهزادیان گرتووە و چ هەڵسوکەوتێکیان لەگەڵ کردووە؛ چۆن بێ ڕێزییان بە دایک و خوشکی بێهزاد کردووە و ناوبراویان تەحویلی ئیتلاعاتی ئێران داوەتەوە.

ئەو کەسانەی ئەم ڤیدیۆیانەی بێهزاد، لەڕاستیدا ئەم شانۆسازییانەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، وەک بەڵگەی ناڕاستبوونی ئەشکەنجەکران و تەحویلدانەوەی ناوبراو بەکار دێنن، یان ڕابردووی بێهزاد لە باری ئەمنییەتییەوە دێننە ژێر پرسیار، با لە خۆیان بپرسن بەم کارەیان خزمەتی کێ دەکەن؟ بێهزاد کەسێکی قوربانییە، لە دیوی هەرێم ئاسایشی سلێمانی، بێ لەبەرچاوگرتنی حورمەتی ئینسانی و مافی ئەو وەک پەنابەرێک و، بێ گرنگیدان بەوە کە لە ئەگەری تەحویلدانەوەیدا چ چارەنووسێکی ڕەش تووشی خۆی و بنەماڵەکەی دەکەن، ناوبراویان بە زۆرەملی تەحویلی ڕێژیمی ئێران داوەتەوە. لەنێوخۆی ئێرانیش ئیتلاعات، ئەو مرۆڤە چارەڕەشە، بۆ سناریۆکانی خۆی بەکار دێنێت. تانە و تەشەر لێدان لە بێهزاد بە بۆنەی ئەم ڤیدیۆیانەی ئیتلاعات لە ناوبراویان دروست دەکات، وتنی شتی ناڕەوا بە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بناغەی داپێدانانە زۆرملییەکانی بێهزاد، ئەو شتەیە کە ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندەکانی دەیانەوێ. پاشان ئەگەر ناتانەوێ هەڵوێستێکی شیاو بگرن و ئەو ئازایەتییەتان نییە، یان بەرژەوەندە تایبەتییەکانتان ڕێگاتان پێنادات ئەم تاوانە مەحکووم بکەن، تکایە ئەم کەیسە لەژێر کاریگەریی ڕق و ناخۆشەویستیتان بۆ ئەم یان ئەو میدیاکاری ڕۆژهەڵاتی، لاڕێ مەکەن. هەروەها بۆ خۆدزینەوە لە هەڵوێستگرتن و دەنگهەڵبڕین، بە تاوانەکانی درۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانیشی مەبەستنەوە.

(٭) بڕواننە کەڤەر و پڕۆفایلی بێهزاد خوسروی لە فەیسبووک. ئەگەر ناوبراو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە قووڵایی دڵەوە خۆش نەویستبا، یا لەم حیزبە تووڕە و ناڕازی با، ئارم و ڕێبەرانی شەهیدی ئەم حیزبەی دانەدەنا. لەمەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە بێهزادخۆی نەک هەر بە ئەندام بەڵکو خۆی بە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران زانیوە و شانازیی پێوە کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×