سەید عەبدوڵا کەردزى، ئەندامى پێشووى سەرکردایەتى پارتى و فەرماندەى باڵاى سەربازى ئەو حزبە، لە پەیامێکدا وازهێنانى خۆى لە ڕیزەکانى پارتى ڕاگەیاند و دەڵێت: وازهێنانم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنم وە سەر بە هیچ حزب و لایەنێک نیم و پێشمەرگەی کوردستانم.
ئاوێنە: لە پەیامێکدا، کە بە ناونیشانى وازهێنانم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی ئەیلول بە خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنم، سەید عەبدوڵا کەردزى ئەندامى پێشوترى سەرکردایەتى پارتى و ئامرلیواى پێشمەرگەى پارتى، وازهێنانى لە پارتى ڕاگەیاند.
سەید عەبدوڵا کەردزى دەڵێت: لە شۆڕشی ئەیلول لە تەمەنی ١٦ ساڵی دەستم کردە چەک بۆ ئەوەی بەرگری لە میللەت و خاکم بکەم و بەو ڕۆحیەتە هینام تا ئەوڕۆ لەو ڕێگا پڕ هەوراز و نشێوە تاقە براکەم شەهید بوو و خۆم ٤ جار بریندار بووم و سەدان هەڤاڵم لە دەستدا، بە گشتی ئەو ڕێگایە پڕ سەختی بوو بەڵام ئەو هەموو دەردە سەری و ماڵ وێرانی و برسیەتی و سەرما و گەرمای ئەو ڕێگایە بە قەد نا دادپەروەری سەردەمی ئێستا بێ ئومێدی نەکردینە.
دەشڵێت: بەڕاشکاوی ڕایدەگەیەنم ئەمن تەمەنێک خۆم بە پێشمەرگە و بەرگریکاری میللەتەکەم زانیە، بەڵام ئێستا کار بگاتە ئەوەی نەتوانم بەرگری لە سادەترین مافی خۆم بکەم ئەی چۆن دەتوانم بەرگری لە خاک و خەڵک بکەم، زۆربەی هەڤاڵانم دەزانن زیاتر لە ١٥ ساڵە لەبەر ڕێزی خەباتەکەم لە زۆر شت بێ دەنگیم هەڵبژاردوە، بەڵام ئیدی گەیشتە ئاستەک بێدەنگی بێڕێزیکردنە بە خەباتی خۆم و ڕێگە خۆشکردنە بۆ زوڵم کردن لە هەموو تێکۆشەرێکی دێرین.
سەید عەبدوڵا کەردزى دەڵێت: بەم نامە کراوەیە وازهێنانم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنم وە سەر بە هیچ حزب و لایەنێک نیم و پێشمەرگەی کوردستانم لە هەمان کاتدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە لێتان دانابڕێم خوای گەورە پشتیوان بێت بە هەمان ڕۆحیەتی ئەوێ ڕۆژێی دێدەوان، بەستی شەرغە، قەرەچوغ و سەفین لە خزمەتتان دا دەبم.