بە بڕیاری دەزگای ئاسایشی هەرێم بارەگای بەرەی گەل لە هەڵەبجە دادەخرێت
  2024-09-12       950       

لەگەڵ نزیکبونەوە لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژراندن لە هەرێمی کوردستان، بارەگای بەرەی گەل لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە لە پارێزگای هەڵەبجە داخرا و بەرپرسانی بارەگەکەش دەڵێن، ئێمە مۆڵەتمان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێم هەیە، بەڵام سەرجەمی ڕێکارەکانی کردنەوەی بارەگاکەمان تەواو نەکردون.

ئاوێنە: هێزێکی یاریدەدەرێتی ئاسایشی شارەزور، رۆژی چوارشەممە بە فەرمانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەرگای بارەگای بەرەی گەلیان لە هەڵەبجە بەهۆکاری "تەواونەکردنی رێکارە ئیدارییەکان و نەبونی مۆڵەت" بە قوفڵ و زنجیر داخست، بەرپرسانی بارەگاکەش دەڵێن، ئەمڕۆ دەرگای بارەگاکەیان دەکەنەوە و رێکارەکان تا پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن تەواودەکەن.

جەبار نەجیب نامدار، سەرپەرشتیاری بارەگای بەرەی گەل لە پارێزگای هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە پێش ئەوەی ئاسایش بێت بۆ بارەگاکەمان، هەماهەنگیمان هەبوە، هەندێک ڕێکارهەیە بۆ کردنەوەی بارەگا کردومانە و هەندێکی ماوە، لەبەرئەوەی هەڵەبجە پارێزگایە، پێمان وتراوە، کردنەوەی بارەگا وەک شوێنەکانی دیکە نییە، ئەبێت لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە کارەکانتان بکەن، داخستنەکەش بە هەماهەنگی بوە و ئێمەش تا ئێستا بارەگاکەمان بە ڕەسمی نەکردوەتەوە."

جەبار نەجیب نامدار وتیشی، "وەک مۆڵەت نەمان بوە، نوسراوێکمان بە ئاسایشی شارەزور داوە کە ئەم شوێنە بارەگای بەرەی گەلە لە داهاتودا، هۆکاری ئەم روداوەش دەرچونی رێنماییەکە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە کە دەبێت لیستە نوێییەکان، ڕێکارەکان بگرنەبەر، ڕێکەوتوین ئەمڕۆ دەرگای بارەگاکە دەکەینەوە و پاسەوانیشی بۆ دادەنێین."

ئەوەش لەكاتێكدایە چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی دوشەممە 16ی 9ی 2024 بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.

بە گوێرەی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بڕیارە ڕۆژی 20ی مانگی 10ی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێوەبچێت، کە بەپێی تۆمارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، زیاتر لە سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دەیان حزب و هاوپەیمانی و کاندیدی سەربەخۆ، هەوڵی بە دەستهێنانی 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×