روانگە یۆرۆ-مێد كە بنكەی سەرەكی لە جنێفە، داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم
دەكات دەستبەجێ دەستگیركراوانی بادینان ئازاد بكەن كە "لە دۆخێكی نامرۆیی نایاساییدا"
زیندانی كراون و تۆمەتی "ساختە"یان روبەڕو كراوەتەوە لە پەیوەست بە
مومارەسەكردنی مافەكانیان لە ئازادی رادەربڕین. دەشڵێت: ئەو چالاكوانانەی
ئازادكراون بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە كە لەبارەی دۆخی زیندان هیچ لێدوانێك نەدەن.
ئاوێنە: روانگە یۆرۆ-مێد، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هێشتا
دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان 55 كەسیان لە كۆی 81 كەسی بادینان لە زینداندا
هێشتۆتەوە كە لەسەر ناڕەزایەتی و داواكردنی مافە بنەڕەتییەكانیان دەستگیركراون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەوانەش تاوەكو ئێستا پێنج كەسیان روبەڕوی
دادگاكراونەتەوەو ئەوانی دیكە بەبێ دادگاییكردن لە زینداندا هێڵراونەتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەسەڵاتدارانی هەرێم زۆربەی ئەو چالاكوانانەیان
بەتۆمەتی "بێ بنەما" دەستگیركردون كە دیارترینیان تۆمەتی تێكدانی
ئاسایشی هەرێمە.
لەبەشێكی تری بەیاننامەكەدا روانگە یۆرۆ-مێد ئاماژەی بەوەداوە كە بەپیی
زانیارییەكانیان، دەسەڵاتدارانی هەرێم، ئەو چەند چالاكوانەی كە تاوەكو ئێستا
ئازادكراون، ناچاریان كردون ئیمزا لەسەر بەڵێننامەیەك بكەن كە لەبارەی دۆخی دەستگیركردنیان
و وردەكاری ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەریان كراون، لێدوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن
نەدەن و بابەتیش لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاونەكەنەوە.
هەروەها لەزاری یەكێك لە ئەندامانی تیمی بەرگری لە دەستگیركراوانەوە
ئاماژەی بەوەداوە كە زیندانیانی هەرێم لە دۆخێكی سەختدان و روبەڕوی چەندین جۆری
پێشێلكاری لەوانە ئەشكەنجەی جەستەیی و دەرونی دەبنەوە.
بەپێی قسەی ئەو ئەندامەی تیمی بەرگری لە دەستگیركراوان كە نەیویستوە ناوی
ئاشكرابكرێت، دەستگیركراوانی بادینان لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژین و لەژورێكی 12 بە
6 مەتریدا، لە 140 زیندانی بۆ 157 زیندانی تێدایە كە هەندێكیان جێیان نابێت
بەشێوەیەكی ئاسایی دابنیشن و ناچاریشن بەنۆرە بخەون و چونكە هەمویان جێیان نابێت
لە یەك كاتدا بخەون.
ئەو ئەندامەی تیمەكە ئاماژەی بە مانگرتنی زیندانیانی بادینان داوەو باسی
لەوەش كردوە كە بەڕێوەبەرانی زیندان بەبێ ئەوەی دۆخەكەیان چاك بكەن، ناچاریان دەكەن
مانگرتنەكەیان بشكێنن.