سات محەمەد
دو ساڵ لەمەوبەر لە7ی 1ی 2017دا، مەرگ هاتو پیاوێكی گەورەو بەئەدەبی ئێمەی بەیەكجاری لەگەڵ خۆی برد، پیاوێكی میهرەبان كە یەكێك لەجوانترین شاكارەكانی ئەدەبی كوردی لەسێ بەرگدا بەناوی "كێ سالە شێتی كوشت؟" نوسیوە، كە ئەویش "د.عەلی كەریم".
نوسەری رۆمانی "كێ سالە شێتی كوشت"، وەك باڵندەیەكی كۆچەری كورد لەوەرزێكی سارد‌و خەمناكدا لەمۆسكۆ دڵی لەلێدان كەوت، هەمو ئەو خوێنەرانەی ئەو رۆمانە ناوازەو بەنرخەیان خوێندوەتەوە باش دەزانن كە ئەو نوسەری رۆمانێكە هەر لەیەكەم دێڕو لاپەڕەیەوە خوێنەر سەرسام دەكات.
د. عەلی كەریم له‌م رۆمانه‌دا وه‌ك فلیمێكی دیكۆمێنتاریی، روداوه مێژویی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیه‌كانی ده‌یه‌ی چل‌و پەنجای سەدەی رابردوی شاری سلێمانی ده‌گێڕێته‌وه، سه‌ره‌تای رۆمانه‌كه به‌هه‌واڵی كوشتنی ساله شێت ده‌ستپێده‌كات، له‌گه‌ڵ بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌دا به‌ناو شاری سلێمانیدا، شار ده‌شڵه‌قێت، له‌هه‌مو لایه‌كه‌وه ده‌وترێت "كه‌تنی وا هه‌ر له‌سلێمانی ره‌وایه".
كه نه‌نه داروجان ئه‌م هه‌واڵه دڵته‌زێنه ده‌گه‌یه‌نێت به‌فه‌یله‌سوفی گه‌ڕه‌كی حاجی حان "خاڵه بله‌ی جا‌و"، ئه‌و به‌سه‌رسامیه‌وه ده‌ڵێت "نه‌نه داروجان له‌ئاسمانی سلێمانی ته‌ور ئه‌بارێ، خۆم بمردمایه بۆ خۆم نهئهگریام، به‌ڵام بۆ ساله ئه‌گریم، تاوانی وا چۆن ئه‌بێ روبدات؟ دیاره ئه‌وه‌ی له‌هیچ شارێ رونادات له‌م شاره كاوله رو ئه‌دات".
نه‌نه داروجانیش پێیده‌ڵێت "چل ساڵه دراوسێی تۆم یه‌كه‌مجاره فرمێسك له‌چاوتا ببینم".
خاڵه بله‌ی جا‌و له‌وه‌ڵامدا پێیده‌ڵێت "پیرێژن له‌سه‌ری مه‌ڕۆ، منیش خۆتان ئاسایی شێتم، به‌ڵام ساله شێتێكی په‌ته‌ڕی بو، فڕی به‌دنیاوه نه‌بو"!
هه‌ر له‌یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌وه زمان پاراوییو جوانیی داڕشتن‌و ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌و دیالۆگی سه‌یرو سه‌رنجڕاكێشی كاراكتهرهكانو ریتمی روداوه‌كان له‌گه‌ڵ خۆیدا خوێنه‌ر ده‌بات بۆ نێو كۆڵان‌و مزگهوتو چایخانه‌و چیغهكانی گه‌ڕه‌كی حاجی حان.
هه‌رچه‌نده "كێ ساله شێتی كوشت؟" رۆمانێكی دو بەرگیی زیاتر لە ١٢٠٠ لاپه‌ڕه‌یی قه‌باره گه‌وره‌یه، به‌ڵام كه ده‌ستت به‌خوێندنه‌وه‌ی كرد نا‌توانیت تا كۆتایی له‌گه‌ڵی نهڕۆییتو نهیخوێنیتهوهو په‌رۆشی ئه‌وه نه‌بیت كه بزانیت چاره‌نوسی كارهكتهرو پاڵه‌وانه‌كانی به‌كوێ ده‌گات.
له‌پاڵ گه‌ڕان به‌شوێن چۆنیه‌تی كوشتنی ساله‌و بكوژه‌كه‌یدا، د.عه‌لی كه‌ریم وێنه‌ی رۆژگارێكی بێ ریاكارییو تژی لهئارامییو میهرهبانییو ساده‌و ساكارییو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و رۆشنبیریی‌و سیاسی‌و مێژویی سلێمانی سەردەمی دوای جەنگی دوەمی جیهانی بۆ خوێنه‌ر ده‌كێشێت، گۆڕه‌پانی رۆمانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی گه‌ڕه‌كی حاجیحانه، كه لهمنداڵهكانیهوه بگره تا ده‌گات بهههرزهكارو ژن‌و پیاوو پیره‌مێردو پیره‌ژنه‌كانی، هه‌ر هه‌مویان به‌ره‌و چاره‌نوسێكی خهمهێنهرو پڕ لهتراژیدیاو بێهوده‌یی ده‌ڕۆن، ته‌نانه‌ت سهگهكانیشی له‌و چاره‌نوسه به‌ده‌ر نین‌و هه‌میشه دڵتهنگو نیگه‌رانن.
كاتی روداوه‌كان هاوكاته له‌گه‌ڵ په‌ڕینه‌وه‌ی كوردستان لهسونهتهوه بۆ مۆدێرنه‌و هه‌ڵكشانی ململانێی سیاسی نێوان شیوعییهكانو پارتیهكانو په‌ره‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسیی رژێمی پاشایه‌تی، رۆمانه‌كه شیته‌ڵكاری ئه‌و روداوه كۆمه‌ڵایه‌تیه بچوكانه ده‌كات كه چاره‌نوسی مرۆڤه‌كان له‌و مێژوه‌دا دیاریده‌كه‌ن.
ململانێی توندی شیوعییهكانو پارتیه‌كانی ئه‌و رۆژگاره به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك سه‌رده‌كێشێت بۆ ئه‌ودنیاش، كه خاڵه بله‌ی جا‌و له‌خه‌ویدا ده‌برێت بۆ بهههشتو ساله شێت ده‌بینێت، ساله پێیده‌ڵێت به‌هه‌شت كوردی زۆر كه‌م تیایه، ئه‌ڵێن لهكۆشكێك له‌ولاوه كه 600 ملیۆن كه‌سی تیایه دو كورد هه‌ن، یه‌كێكیان شیوعیه‌و ئه‌ویتریشیان پارتییه، به‌رده‌وام ده‌مه‌قاڵه‌و شه‌ڕیانه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد ئومه‌یه یان ئومه‌ت نییه.
له‌م رۆمانه‌دا وێنه‌ی هه‌مو جۆره مرۆڤه‌كانی نیشته‌جێی شار ده‌بینیت، كه زۆربه‌یان به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك په‌راوێزخراون شوێنێكیان ده‌ستناكه‌وێت بۆ حه‌وانه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌و له‌دنیایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیاندا ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن، خاڵە بلەی جا‌و کە کەس نییە لەساری سلێمانی باوەڕ بەخەوەکانی نەکات، شێره‌ی شاعیر هه‌مو خه‌ونی هۆنینه‌وه‌ی شیعرێكه كه فریشته‌ی شیعر پێی ببه‌خشێت، مه‌لا گونسوتاوی وتاربێژی مزگه‌وتی حاجی حان به‌رده‌وام خه‌ریكی ئامۆژگاری كردنی خه‌ڵكییه بۆ ئه‌وه‌ی "ساڵح" بن، مفه‌وه‌ز شه‌وكه‌ت شێت‌و شه‌یدای نازه‌نینی كچه خاڵیهتیو ئه‌ویش حسابی بۆ ناكات، پێڕی حه‌كه خه‌ریكی دهمڕاستیو گهڕهكچێتین، كه‌ریم پاڵه‌وان فس فس پاڵه‌وانێكی ته‌واوه‌و بهكێلانهوه خه‌نجه‌ر ئهوهشێنێتو سەرەداوی چەندین تاوان ئاشکرا دەکات، ئاسكۆڵ كه قه‌یره‌یی هه‌مو هیوایه‌كی له‌ژیانیدا كوشتوه، دایه ماركۆ كه ئهرمهنییهكی میهره‌بانه‌و ساله شێت‌و سه‌گه‌كه‌شی ده‌لاوێنێت، تا ده‌گات بهعوسمانی مام قادر كه ئاره‌زوی په‌سه‌ندكراوی ئه‌وه‌یه ریش سپییه‌تی خه‌ڵك بكات، هۆمەر بەگو نەشمیل خان کە کوژراوی بەزمو قسەی خۆشن، فەرەجە کوێر کە لەپایتەختی عێراقەوە بەمیوانی رودەکاتە شاری سلێمانی‌و سەری لەبەزمو هەرای شاری هەڵمەت‌و قوربانی‌و خەڵکەکەی سوڕدەمێنێو سوێند دەخوا جارێکی‌تر پێنەخاتەوە ئەم شارە...
له‌م رۆمانه‌دا جاسوس، خزمه‌تكار، سۆزانی، ههتیوبازو ئه‌و پیاوه ئێرانیی‌و كهركوكیو خانهقینیو قهرهتهپهییانه ده‌بینی كه هه‌ریه‌كه‌و مه‌سه‌له‌یه‌كی نادیار سه‌ری پێههڵگرتونو هاتون بۆ ئه‌وه‌ی لهسلێمانیو گه‌ڕه‌كی حاجیحان به‌بێده‌نگی بژین، به‌ڵام دڵتهنگیو مهراقو نیگه‌رانیان كۆتایی نایه.
به‌شێكی به‌رچاوی روداوه‌كانی ئه‌م رۆمانه، ئاماژه‌دانه به‌و چه‌پاندنه سێكسیه‌ی كه هه‌مو مرۆڤه‌كان به‌ده‌ستیه‌وه گیرۆده‌ن، به‌كچ‌و كوڕ‌و بهژنو پیاویانه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌م روداو‌و دیالۆگانهش به‌زمانێكی سیحرئامێزو گاڵته‌ئامێز رازێنراونه‌ته‌وه.
ره‌نگه هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌ناسراویی ئه‌م رۆمانه‌و نوسەرەکەشی وەک پێویست تا ئێستا (کە وا بڕیارە دوشەممەی داهاتو ٧ی ١، لەدوەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ئەم نوسەرەدا دو بەرگی پێکەوە بلاوئهبێتەوه) ئەوە بێت بەرگی یەکەمی رۆمانی "کێ سالە شێتی کوشت؟" له له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا چاپكرابو، رۆماننوسهكهش "د.عه‌لی كه‌ریم" كه حاجی حانو سلێمانی زێدی ره‌سه‌نیه‌تی، لەساڵی ١٩٨٠ەوە بەیەکجاری کوردستانی بەجێهێشتوەو لەگەڵ خێزانە روسییەکەی لەمۆسكۆی پایتەختی روسیا ژیاوە.