هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوای
دەستبەكاربونی، لە پەیامێكدا رایگەیاند، نەكردنەوەی درزو كەلەبەر بۆ خۆدەربازكردن
و گەندەڵی، نەك هەر بەشێك دەبێت لەهەوڵەكانیان بەڵكو كار بۆ سڕینەوەیشیان دەكەن.
جەختیشی كردەوە كە لەگەڵ نوسەران و ڕۆژنامەوانەکاندا ئاڕاستەیەکى ترى پێکەوەکارکردن
دەگرینەبەر.
ئاوێنە: هیوا ئەحمەد، لە پەیامەكەیدا بەڵێنی داوە كە "پاڵپشت بە یاساو
هاوڵاتییانمان لەخزمەت سەقامگیریى و ئاسایشدا بین و ڕێگەنەدەین هیچ کەس و گروپێک، ڕاستەوخۆ
و ناڕاستەوخۆ دەستدرێژى بکاتە سەر ئارامیى سەرو ماڵ و ژیانى خەڵکى."
هەروەها وتوشیەتی"چاودێریکردنى هەموان وەکو یەک و نەکردنەوەى درزو کەلەبەر
بۆ خۆدەربازکردن و گەندەڵى، نەک هەر بەشێک دەبێت لە هەوڵەکانمان، بەڵکو کار بۆ سڕینەوەشیان
دەکەین."
جەختیشی كردۆتەوە كە بۆ ئەو مەبەستە، "هەمیشە دەرگامان کراوە دەبێت لەبەردەم
هەر کەس و گروپ و لایەنێکدا کە بیانەوێت زانیاریمان پێ بدەن، ڕەخنەمان لێ بگرن و بە
بۆچونە ئەرێنیەکانیشیان ئاڕاستەمان بکەن، بەتایبەت لەگەڵ نوسەران و ڕۆژنامەوانەکاندا
ئاڕاستەیەکى ترى پێکەوەکارکردن دەگرینەبەر کە لە خزمەت ئاشتەوایى و پاراستنى گیانى
ئەو وێنایەدا بێت کە ئامانج لێى گواستنەوەى ڕاستى و زانیارییەکان بێت وەک ئەوەى کە
هەیە."
دەقی پەیامەكە...
پەیامى بەڕێوەبەرى نوێى ئاسایشى سلێمانى
بەبۆنەى دەستبەکاربونمان لە بەرپرسیارێتى نوێدا، لەبەردەم خواو خوێنى شەهیدان،
هەمو ئەو لایەن و دڵسۆزانەى کە ئێمەیان بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کرد بەڵێن دەدەین:
پاڵپشت بە یاساو هاوڵاتییانمان لەخزمەت سەقامگیریى و ئاسایشدا بین و ڕێگەنەدەین
هیچ کەس و گروپێک، ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستدرێژى بکاتە سەر ئارامیى سەرو ماڵ و ژیانى
خەڵکى.
پەیمان دەدەین زیاتر لە جاران و ئەو تەمەن و ئەزمونەى بەسەرمان بردوەو پلەبەپلە
هێناومانە، بەبێ جیاوازى، لە ئاست متمانەى هەمواندا بین هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین دامەزاوەی
ئاسایش لەخزمەتی هاوڵاتیاندا بێت ببنە گیانى پێکەوەژیان و هاوکارى یەکترى، چاودێریکردنى
هەموان وەکو یەک و نەکردنەوەى درزو کەلەبەر بۆ خۆدەربازکردن و گەندەڵى، نەک هەر بەشێک
دەبێت لە هەوڵەکانمان، بەڵکو کار بۆ سڕینەوەشیان دەکەین. بۆ هێنانەدى ئەم مەبەستەش:
هەمیشە دەرگامان کراوە دەبێت لەبەردەم هەر کەس و گروپ و لایەنێکدا کە بیانەوێت
زانیاریمان پێ بدەن، ڕەخنەمان لێ بگرن و بە بۆچونە ئەرێنیەکانیشیان ئاڕاستەمان بکەن،
بەتایبەت لەگەڵ نوسەران و ڕۆژنامەوانەکاندا ئاڕاستەیەکى ترى پێکەوە کارکردن دەگرینەبەر
کە لە خزمەت ئاشتەوایى و پاراستنى گیانى ئەو وێنایەدا بێت کە ئامانج لێى گواستنەوەى
ڕاستى و زانیارییەکان بێت وەک ئەوەى کە هەیە.
لەکۆتاییدا سوپاسى هەمو ئەوانە دەکەین کە لەبەردەم ئەم پەیامەدا هاوکارو
پشتیوانمان دەبن و ڕێگە دەکەنەوە بۆ ئەوەى لەئاست خزمەتکردن و مێژودا هەمومان پێکەوە
سەربەرزانە یەکترى تەواو بکەین.
هیوا ئەحمەد
محەمەد
٢٠٢١/٢/٣