ئا: ئاوێنە
گەنجێک لەشاری سلیمانی کە بڕوانامەی ئەندازیاریی
هەیە، پوخترینو باشترین جۆری روبە هەنار بەرهەمدەهێنێت.
میر دلاوەر عەلی، گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵو
هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیارییە، ئەو زمانەکانی ئینگلیزیو تورکیو عەرەبی دەزانێت،
بەڵام سەرباری ئەوەش وەک زۆربەی گەنجانی کوردستان لەبەر نەبونی هەلی کار ماوەیەک
وڵاتی بەجێهێشتوەو لەتورکیا کاری کردوە، ئەم گەنجە چەند مانگێکە بەهۆی دابەزینی
نرخی لیرەو داشکانی ئابوری تورکیاوە گەڕاوەتەوە کوردستانو بڕیاری داوە کارێک
بدۆزێتەوە تایبەت بەخۆی، ئەو دەڵێت "زۆر شت لەخەیاڵمدایە، بەڵام لەم پایزەدا
بەهۆی زۆریی بەرهەمهێنانی هەنارەوە، بەدروستکردنی روبە هەنار دەستمپێکرد".
میر بۆ بەرهەمێنانی روبە هەنارەکەی لەباخێکی شارباژێڕ،
شەوو رۆژی خستە سەر یەک بۆ ئەوەی پوخترینو باشترین جۆری روبە هەنار بەکوالێتییەکی
بەرز بەرهەمبهێنێت، کە دەیویست بەناوی "دۆشاوی هەناری کانی ئاشقان" بێت،
بەڵام مۆڵەتی پێنەدراو ناوی "روبە هەناری خۆماڵی" خستوەتە سەر، ئەو
دەڵێت "هەنارەکە لەهەڵەبجە ئەکڕم، هەر لەوێش ئاوەکەی ئەگرمو ئەیهێنمەوە لەباخیکی
شارباژێر کاری پاڵاوتنو کوڵاندنو خەستکرنەوەکەی ئەکەم، پاشان جارێکیتر ئەیپاڵێوم،
ئەوکات کاری لەقوتونانەکەی ئەکەم".
وتیشی "ئەو روبە هەنارەی بەرهەمم
هێناوەو ئێستا ئامادەیە بۆ فرۆشتن، ١٠٠% ئاوی هەناری خۆماڵییەو هیچ مادەیەکی
پاریزەرو جۆرە شتێکی تری تێکەڵ نەکراوە بەمەبەستی خەست کردنەوە، ئەتوانم بڵێم هەر
یەک کیلۆ روبە هەنار نزیکەی ١٥ تا ١٦ کیلۆ هەناری تیا بەکارهاتوە".
میر، یەکێکە لەو هەزاران گەنجانەی کوردستان
کە دەرچوی زانکۆنو بەهۆی نەبونی هەلی کار دەستیان داوەتە ئەو جۆرە کارانەی
سەرباری ماندوبونێکی زۆر، داهاتێکی ئەوتۆیان دەستناکەوێت.
میر کە نەوەی خێزانێکی ناوداری شاری
سلێمانییە، بەنیگەرانییەوە باس لەو ئاستەنگانە دەکات کە دێنە بەردەم ئەمجۆرە کارو
دەستپێشخەرییەی لەلایەن گەنجانەوە ئەنجام دەدرێن بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی کارێکی
تایبەت بەخۆیان، ئەو وتی "ئاستەنگەکان زۆرن، لەهەمو دنیادا کە گەنجێک بیەوێت
پرۆژەیەکی بچوک دامەزرێنێ، هاوکاری ئەکرێت تا پێدانی قەرزیش، بەڵام لێرە لەکوردستان
نەک هەر یارمەتیت نادەن، بەڵکو ئاستەنگی وا دێننە بەردەمت تا ئاستی بێهیوایی بێهیوات
ئەکەن، هەرچەندە من هێشتا کۆڵم نەداوە، بەڵام نازانم تا کەی ئەتوانم بڕ بکەم".
میر ئاماژە بەوە دەکات پاش ئەوەی شارەزیی
پەیدا کردوە لەهەندێک کارداو ماوەیەکیش لەدەرەوەی وڵات کاری کردوە، بۆی دەرکەوتوە ئەگەر
ئاستەنگی بۆ دروست نەکرێ لەم وڵاتەشدا ئەتوانرێت کار بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی لەو
کارو پڕۆژانەی کە پڕۆژەی بچوکنو رەخساوترن بۆ کاری گەنجان، ئەو وتی "لەو
شتانەی لەخەیاڵمدان کە لەداهاتودا دروستیان بکەم، گوڵاوو ئارەقی نەعناو گەلێ شتی
تریشە، ئەم جۆرە کارانەش هاندانە بۆ بەرهەمهێنەرانی بەروبومی کشتوکاڵی".
میر ئەوە روندەکاتەوە کە جۆری بە بازاڕ کردنی
روبەهەنارەکەی لەڕێگەی چەند دوکانێکەوەیە کە ئەیانناسێتو کڕیارەکانی لەڕێگەی سۆشیال
میدیاکانی وەک فەیسبوکو ئەنستاگرامەوە ( (Instagram : doshawi_hanari_kani_ashqan پەیوەندی پێوە دەکەنو داوای روبە هەنارەکە ئەکەن، کە دیلیڤەریشی
هەیەو بۆیان ئەگەیەنێتە بەر دەرگای ماڵەکانیان، ئەو وتی "بەرهەمەکەم بڕێکی
دیاری کراوەو تەنها بۆ ئەم وەرزەیە".
وتیشی "من کارەکەم بەشێوەیەکی مۆدێرن ئەنجام
ئەدەم، چونکە گرنگیەکی زۆر ئەدەم بەوەی کە پاکوخاوێنی ڕەچاوبکەم، لەقۆناغی
(پاکینگ)دا واتە لەقوتونانەکەدا بەجۆرێک سەری روبە هەنارەکە وا دائەخەم کە بەهیچ
جۆرێک هەوای تێنەچێتو پارێزراو بێت تا ئەو کاتەی لەلایەن بەکاربەرەوە ئەکرێتەوە
بەمەبەستی بەکارهێنان".