دوای ئهوهی شاندێكی دهم پارتی سهردانی عهبدوڵای ئۆجهلانی كرد له دورگهی ئیمڕاڵی، ههریهكه له پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر، پهرلهمانتارانی دەم پارتی ڕایگهیاند، ئۆجەلان "تەندروستیی باش بو، هەڵسەنگاندنی بەرەو دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد هەبو"، ئۆجهلان وتویهتی، "ئەم سەردەمە سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە".
ئاوێنە: پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر كه به نوێنهرایهتی دەم پارتی سهردانی عهبدوڵای ئۆجهلان، رێبهری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)یان كردوه، ئهمڕۆ یهكشهممه له ڕاگهیهندراوێكدا ڕایانگهیاند، "دوێنێ شهممه دانیشتنێکی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە ئیمڕالی ئەنجامدا، ئهو تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە، هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بون".
دەقی راگەیێندراوەکەی پەروین بوڵدان و سڕی سورەیا ئۆندەر:
بۆ راگەیاندن و رای گشتی؛
لە 28ـیی کانوونی یەکەمی 2024ـدا، دانیشتنێکی فراوانمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی ئەنجام دا. تەندروستیی باشە و ورەی زۆر بەرزە. هەڵسەنگاندنەکانی سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی بۆ کێشەی کورد، زۆر گرنگ بوون.
لە دانیشتنەکەدا کە هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا کرا، بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەسەری ئەرێنیی خستەڕوو بەرامبەر بە سیناریۆ تاریکەکان کە دەسەپێنرێن.
چوارچێوەی گشتیی بیرۆکەکان و روانگەکانی بەم شێوەیەن:
- بەهێزکردنەوەی برایەتی تورک-کورد، وێڕای ئەوەی بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە، گرنگە و بووەتە پێویستییەکی چارەنووسساز بۆ هەموو گەلان.
- بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و ئاڤاکاریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە، پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
- رووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە کە چیتر ناکرێت چارەسەری ئەم کێشەیە دوابخرێت کە هەوڵدەدرێت لە رێگەی دەستتێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت. بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی کارێک کە گرنگییەکەی هاوشێوەی مەترسییەکەیە، پێشنیاز و بەشداریی ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگن.
- من خاوەنی ئەو شارەزایی و بڕیارەم کە بەشداری پێویست لە پارادایمە نوێیەکەدا بکەم کە بەڕێزان باخچەلی و ئەردۆغان پشتیوانیی لێ دەکەن.
- شاند، ئەم روانگەیەی من لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر رۆشنایی ئەمانە، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم.
- هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیێنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات رێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی.
سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.
بەڕێزەوە بۆ رای گشتی،
29ـی کانوونی یەکەمی 2024
پەروین بوڵدان و سڕی سوورەیا ئۆندەر