د. رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رەخنە لە گرێبەستەكانی وەزارەتەكەی دەگرێت و دەڵێت، "ئەو گرێبەستەی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و كۆمپانیایەكدا بۆ دابینكردنی ئامێری تاقیگەی نەخۆشخانە حكومییەكان كراوە قۆرخكارییەو بەهیچ شێوەیەك لەئەنجومەنی وەزارەت رەزامەندی وەرنەگیراوەو ئاگاداریش نین".
ئاوێنە: د. رەهێڵ فەرەیدون، كە لە پشكی یەكێتی بریكاری وەزارەتی تەندروستییە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی رەسمی حزبەكەی، ئەوەشی وتوە"ئەم گرێبەستە تەنیا بۆ كڕینی ئامێری تاقیگەكان نییە، بەڵكو پێشتریش بۆ كڕینی دەرمانی شێرپەنجەش هاوشێوەی ئەم گرێبەستە كراوەو كڕینی دەرمانی شێرپەنجە بۆ كۆمپانیایەك قۆرخكراوە، هەرچەندە بڕیار وایە ئەم كارە نەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی پشكنینەكان لەسەر هاوڵاتیان، بەڵام پێمانوایە بۆ حكومەت باشترە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك گرێبەست بكات بەمەبەستی كێبڕكێ لەدابەزاندنی نرخی ئامێرەكان نەك تەنیا كۆمپانیایەكی دیاریكراو."
بریكاری وەزارەتی تەندروستی وتوشیەتی"پێویست بو ئەو گرێبەستەی كە كراوە بەپێی رێكارە یاساییەكان بڕۆیشتایەو ئەنجومەنی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی لێی ئاگاداربونایە، نەك بەم شێوەیەی ئێستا كە پێمانوایە قۆرخكارییە، چونكە تاوەكو ئێستا نازانین سووی ئەم بڕیارە بۆ حكومەت و هاوڵاتی چییە؟".
د. رەهێڵ ئاماژەی بەوەشدا"بۆ هاوڵاتی گرنگە كە نرخی پشكنینەكان لەتاقیگە حكومییەكان كەمبكرێنەوە، بۆ حكومەتیش گرنگە كە نرخی ئامێرەكان گونجاو بێت و باشترین كوالێتی پێشكەش بە نەخۆش بكات، ئەگەر ئەم دو مەرجە رەچاو نەكرێن، كەواتە هۆكارێك لەپشت گرێبەستەكەوە هەیە".
راشیگەیاند"پێویست بو گرێبەستی كڕینی ئامێرە پزیشكییەكان بەڕێكاری یاسایی تێپەڕێت، هاوكات بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستیش كە پەیوەندیدارە بەبابەتەكەوە ئاگادار بێت، هەروەها گرنگ بو دوای كێبڕكێ لەنێوان كۆمپانیاكاندا، بەمەبەستی باشترین كوالێتی و هەرزانترین نرخ ئەم تەندەرە بۆ چەند كۆمپانیایەك دەربچوایە، نەك تاكە كۆمپانیایەك".