هه‌سه‌ده‌ داوایه‌كى حکومەتی عێراق ڕه‌تده‌كاته‌وه‌
  2025-01-01       784       

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقى ئاشكرایانكردوه‌، حكومه‌تى عێراق به‌فه‌رمى داواى له‌هه‌سه‌ده‌ كردوه‌ داعشە عێراقییەکانى ڕاده‌ستبكاته‌وه‌ ئه‌وانه‌ى ئێستا له‌زیندانه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستاندان، به‌ڵام هه‌سه‌ده‌ ڕه‌تیكردوه‌ته‌وه‌ ئه‌وكاره‌ بكات.

ئاوێنە: له‌و زانیاریانه‌دا كه‌ له‌زارى چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقیه‌وه‌ ئاشكراكراون، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) ڕەتیانکردوەتەوەوه‌ داعشە عێراقییەکان لەزیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەستی عێراق بکەنەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئەمنییانە؛ دوو هەزارو 500 ئەندامی داعشی بەڕەچه‌ڵه‌ك عێراقی لەزیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان، حکومەتی عێراقیش داوای ڕادەستکردنەوەی کردون، بەڵام هەسەدە داواکەی ڕەتکردوەتەوە.

سەچاوە ئەمنییەکان ئاماژەیان بەوەشداوە؛ هەسەدە دەیەوێت چەکدارە داعشەکان وەک کارتی گوشار دژی تورکیاو گروپە چەکدارەکانی سوریا بەکاربهێنێت، هەربۆیە ڕادەستکردنەوەیان ڕەتدەکاتەوە.

پێشتریش كاتێك گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانى نزیك له‌توركیا هێرشیان بۆسه‌ر شه‌ڕڤانانى هه‌سه‌ده‌و شارۆچكه‌ كوردیه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێكردبوو، ڕۆژنامه‌نوس‌و سیاسییه‌ دیاره‌كانى ئه‌وروپاو چه‌ند سیناتۆرێكى ئه‌مریكیش هۆشدارییاندابوو له‌وه‌ى، ئه‌گه‌ربێت‌و ئه‌و هێرشانه‌ به‌رده‌وام بن، ئه‌وا مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ ڕوو له‌جیهان ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین زیندانى چه‌كداره‌ داعشه‌كان له‌جیهاندا، ڕۆژئاواى كوردستانه‌و زۆرترین ئه‌میرو به‌رپرسى باڵاو چه‌كدارى داعش‌و ته‌نانه‌ت ژن‌و منداڵه‌كانیشیان له‌ژێر چاودێرییه‌كى چڕوپڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×