میدیای یەكێتی لە زاری سەرچاوەیەكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویكردەوە، دوێنێ سێشەممە، لەژێر رۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەریی عێراقدا، بارەگای حزبەكانی نزیك لە پەكەكە لە سلێمانی داخران.
ئاوێنە: سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە دوێنێ سێشەممە 31ـی کانونی یەکەمی 2024ـەوە بارەگا و ئۆفیس و ناوەندەکانی سەر بە حزبەكانی "تەڤگەری ئازادی"، "حیزبی ئازادی و دیموکراتیی ئێزدی" و "حیزبی بەرەی خەباتی دیموکراتی" لە شاری سلێمانی داخراون.
ئەنجومەنی دادوەریی عێراق لە 1ـی ئابی 2024ـدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سێ حزبەی بەپاساوی پەیوەندییان بە پەكەكە دابو.
سەرچاوەكەی دەزگای ئاسایش وتوشیەتی"داخستنی بارەگاکان بە بڕیاری دادوەر و لەژێر رۆشنایی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بوە."
بەقسەی سەرچاوەکە، پێشوەخت سەرجەم بارەگا و ئۆفیسەکان لە کۆتاییهاتنی مۆڵەتەکانیان ئاگادارکرابونەوە و "پێیان وترابو مۆڵەتی کارکردنیان کۆتاییهاتوە."
ئەمڕۆ، ئاسایشی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر هەریەک لە کۆمپانیای “گزنگی بەربەیان”، ڕێکخراوی نوێگەر، ڕێکخراوی مەرزییە و ڕێکخراوی ڕژاک، سەرجەمیانی بەبێ هەبوونی نووسراوی دادگا داخست.
ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ سێشەممە، ئاژانسی رۆژنیوز، نزیك لە پەكەكە، بڵاویكردەوە، پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە، لە یەک کاتدا ئاسایشی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەریی، ڕێکخراوی مەرزییە بۆ دەرخستنی تواناکانی ژنان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان-ڕژاک و بەبێ ئەوەی هیچ نوسراوێکی یاساییان پێ بێت بە فشار هەر سێ ناوەندەکەیان داخست.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها ئێوارەی رۆژی سێشەممە، جارێکی دیکە ئاسایشی سلێمانی هەڵیکوتایە سەر کۆمپانیای “گزنگی بەربەیان”، کە بەرنامە بۆ کەناڵی ئاسمانی ژن تیڤی ئامادە دەکات و نوسینگەکەیان داخست.
رۆژنیوز وتویەتی"ئەمە لە کاتێکدایە، هەردو ڕێکخراوەکانی “نوێگەر و مەرزییە” ڕێکخراوی ناحکومی و فەرمین و لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مۆڵەتی فەرمییان پێ بەخشراوە و لەبواری هونەرییدا کارەکانی خۆیان دەکەن. هەرچی ڕێکخراوی ڕژاکیشە، لە بواری تایبەت بە مافەکانی ژن، ئازادیی ژناندا کاردەکات و تا ئێستا لەگەڵ ڕێکراوەکانی دیکەدا دەیان کۆڕ و سیمینار و چالاکیی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە و بەهەمان شێوە لەلایەن حکومەتەوە مۆڵەتی فەرمیان پێ بەخشراوە."