2025-01-03   568     
دەستگیركردنی هاووڵاتییەكی ئێرانی لە ئیتاڵیا، كاردانەوەی توندی كۆماری ئیسلامی لێدەكەوێتەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایدەگەیەنێت: ئەم كارە كاریگەری زۆر خراپ لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان تاران و رۆما دروستدەكات.
ئاوێنە: میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، باڵاَیۆزی ئیتاڵیای لە تاران بانگهێشتكردووە بۆ پێگەیاندنی ناڕەزایەتی توند بەرامبەر دەستگیركردنی هاووڵاتییەكی ئێرانی لەو وڵاتە.
مەجید نیلی ئەحمەدئابادی، بەرپرسی كاروباری ئەوروپای رۆژئاوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ پاولا ئامادی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە تاران، ناڕەزایی توندی دەربڕی بەرامبەر دەستگیركردنی هاووڵاتییەكی ئێرانی بەناوی محەمە عابدینی لەلایەن پۆلیسی ئیتاڵییەوە، وتی:" ئەم كارە نایاساییە، لەسەر داوای ئەمریكا ئەنجامدراوەو مەبەستی سیاسی و دوژمنكارانەی لەپشتییەوەیە".
بەرپرسەكەی ئێران بە باڵیۆزی ئیتاڵیای راگەیاندووە، دەستگیركردنی بێ پاساوی هاووڵاتییە ئێرانییەكە، جگە لەوەی سەرپێچییەكی ئاشكرای پێوەرە نێودەوڵەتییەكانە، هاوكات كاریگەریی زۆر خراپیشی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان تاران و رۆما لێدەكەوێتەوە.
باڵیۆزەكەی ئیتاڵیا بەڵێنی بە كۆماری ئیسلامی داوە، لەگەڵ حكومەتی وڵاتەكەی قسە بكات بۆ زانینی هۆكاری دەستگیركردنی هاووڵاتییە ئێرانییەكە.