ئەنەكەسە: بەهیچ جۆرێك قبوڵ ناكەین سوریا ببێتە دەوڵەتێكی ئیسلامی
  2025-01-01       611       

جدعان عەلی، سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دەمانەوێت كورد بە یەك شاندی یەكگرتو بچێتە دیمەشق و دەشڵێت، بەهیچ جۆرێك قبوڵ ناكەین سوریا ببێتە دەوڵەتێكی ئیسلامی یان ئایینی ئیسلام ببێتە سەرچاوەی نوسینەوەی دەستوری ئەو وڵاتە.

ئاوێنە: جدعان عەلی، سەرۆکی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند"ئێمە دەخوازین کورد بە یەک شاند و بە یەکگرتویی بچینە دیمەشق هەتا داواکاری و مافەکانمان لە دەستوری نوێی سوریادا بچەسپێنین."

جدعان عەلی لەبارەی دوایین کۆبونەوەیان بە نێوەندگیری فەرەنسی، ئەمەریکی و بەریتانییەکان لەگەڵ هەسەدە، وتی"داواکاری و مەرجی ئێمە بۆ پەیەدە ئەوە بو کە پەیەدە هەمو جۆرە پەیوەندی و گرێدراوێکی خۆیان بە فەرمی لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنن، پەیەدە خۆیان وەک پارتێکی کوردی سوریا بناسێنن لە پێناو مافەکانی گەلی کورد لە سوریا، داوامانکرد سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی ژێر دەستی پەیەدە ئازادبکرێن، بەتایبەت ئەوانەی بە هۆکاری سیاسی و ئەندامێتی ئەنەکەسە دەستگیرکراون، بەڕێز کاک مەزڵوم عەبدی ئامادەیی خۆیانی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو خاڵانە پیشان دا بە شاهێدی ئەمەریکی و فەرەنسییەکان."

وتیشی"ئێمە داواکارین و دەخوازین کە هەسەدە، مەسەدە، داواکاری و داخوازی کورد بن و ببنە هێزێکی کوردی، نەک باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، چونکە بە چونە ناو سوپای سوریا لە داهاتوو و بەم شێوە کارکردنەیان بە ناوی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ سیمایەکی کوردی پێوە نابێت، لەم حکومەتە کاتییەی سوریا جگە لە (تەحریری شام) هیچ پێکهاتەیەک بەشداری نەکردوە، ئەگەر کورد بەم شێوەیە نایەکگرتو و نایەکڕیز بێت زۆر مەترسیدارە بۆ داهاتووی کورد لە سوریا."

جەختیشی كردۆتەوە كە "وەک ئەنەکەسە بە هیچ جۆرێک قبوڵ ناکەین سوریا ببێتە دەوڵەتێکی ئیسلامی، تەنانەت ئەوەش قبوڵ ناکەین هیچ ڕەنگێکی ئیسلامی بە دەوڵەتی داهاتوەوە بێت یاخود ئایینی ئیسلام ببێتە سەرچاوەی نوسینەوەی دەستورز بەهیچ جۆرێک قبوڵ ناکەین دەستورەکەشی ڕەنگی ئیسلامی پێوەبێت، ئەمە داواکاری ئێمەیە وەک ئەنەکەسە و تەنانەت میلـلەتی کوردو لە 70%ی سوریایە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×