ئا: وریا حسێن
مووچەى مانگى ١٢ى فەرمانبەران دەکەوێتە ساڵى داهاتوو ئەگەر وەکو مووچەکانى دیکە پاشەکەوت نەکرێت، بەڵام مووچەى مانگى یانزە لەڕێگایەو دابەشکردنى بووەتە ئەمرى واقعى ناچارى بەسەر ئەنجومەنى وەزیرانەوە.
سێ رۆژی تر ئەوەى هەرێمى کوردستان پێدەنێتە ساڵى نوێى ٢٠٢٥وە، بەڵام مووچە خۆرانى هەرێمى کوردستان تا ئەم ساتە بووەتە پرسیارێکى گرێ ئاڵۆز ئایا مووچەکانیان پێش سەری ساڵ وەردەگرن، ئەگەر بکەوینە ساڵى داهاتووەوە چى بەسەر مووچەکانیان دێت؟
سەرچاوەیەک لەئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بەئاوێنەى ڕاگەیاند، دواى گفتگۆیەکى دوور درێژ لەگەڵ بەغدا ئەو بڕە پارەیەیى لەبەغداوە هاتووە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە کۆنوسێک بۆ مەسرور بارزانى سەرۆکى کاربەڕێکەرى هەرێمى کوردستان گەڵاڵەکراوە تاوەکو بەگوێرەى ئەو کۆنووسە مووچە پێش سەریساڵ دابەش بکرێت.
سەرچاوەکەى ئەنجومەنى وەزیران ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، پێش سێ شەممە ئەگەر مەسرور بارزانى بڕیار بدات، مووچە دابەش دەکرێت.
بەگوێرەى یاساى ژمیڕیارى حکومى عێراقى کە هەرێمى کوردستانیش پەیڕەوى دەکات ساڵى دارایى کۆتایى هاتووە، لەدواهەمین ڕاگەیانراوى وەزارەتى دارایى عێراق کە بڵاویکردوەتەوە عێراق بۆ ساڵى دارایى ٢٠٢٤ بۆ مووچە ١٠ تریلیۆنو ٩٠١ ملیار و ٢٦١ ملیۆنو ٩٥٧ هەزار زياتریان بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە.
پەیامنێرى ئاوێنە پەیوەندى بەدوو پەرلەمانتارى عێراق کرد دەربارەى چارەنووسى مووچەکانى مانگى تشرینى دووەمو کانوونى یەکەمو ئەگەرەکان، ئەوان وێناى دۆخەکەیان بەئاڵۆزو تەمومژاوى کرد.
نەرمین مەعروف ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بۆ ئەوە کرد تەنها وەزارەتى دارایى دەزانێت مووچەکانى مانگى تشرینى دووەم و کانوونى یەکەم چیان لێدێت.
هاوتاکەشى لەلیژنەى ئابوورى پەرلەمان سۆران عومەر زانیارى مووچەى ئەو دوو مانگانەى لانەبوو، پێىوابوو ئەو دوو مووچەیە تەنها وەزارەتى دارایى عێراقو هەرێمى کوردستان دەتوانن یەکلاییان بکەنەوە، ئەو وتى "لەکاتێکدا ساڵى دارایى دادەخرێت نازانین چارەنووسى ئەو دوو مووچەیە چى لێدێت".
بەگوێرەى بەداواداچوونەکانى ئاوێنە، مەرجى بەغدا زۆر جەختى لێدەکاتەوە پەیوەستە بەتەسفیەکردنى ناوى دووبارەو پاکتاوکردنى گەندەڵیەکانى ناو لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، دواهەمین داوکاری بەغداش ئەوەبوو گرنگە ساڵى دامەزراندن بۆ لیستى مووچەى فەرمانبەران لەسەر لیستى مووچەى فەرمانبەران ڕەوانە بکرێت، ئەمەش ترسى لاى بەرپرسانى هەرێمى کوردستان دروستکردووە، چونکە دەیان هەزار کەس لەمدوایە لەکەرتى ئەمنىو هێزی پێشمەرگە دامەزراون.
دڵشاد میرانى، یەکێک لەو مامۆستایانەى کارى لەسەر پرسى بەنیشتمانى کردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان "تەوتین" کردووە، زانیارى ئەوەى بەئاوێنە دا، هاوشانى ڕێکارەکانى بەغداد لەگەڵ هەرێمى کوردستان پرسى "تەوتین" هەنگاوى باشى بڕیوە، ئەو وتى "لقەکانى بانکى ڕەشیدو ڕافیدەین لەسلێمانى بیناکانیان تەواو بووەو عەلى عەلاق فەرمانى کردنەوەکەشى داوە، تەنها کارى لۆجستى ناو ئۆفیسەکان ماوە".
ئەو مامۆستایە کە بەنوێنەرایەتى مامۆستایان سەرۆکوەزیرانى عێراقى بینیوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات عێراق تێگەیشتووە لەوەى هەرێمى کوردستان یارى بەکات دەکات، بۆیە بە"یوپێ ئێن"ى سیستمى بایۆمەترى هەرێمى کوردستانو کارتى نیشتمانى دەستدەکەن بەپرسى تەوتین.
بەگوێرەى دوا بڕیارى ئەو لیژنانەى سەرپەرشتى بایکۆتو خۆپیشاندانى مامۆستایانو فەرمانبەرانى ناڕازى دەکەن، ئەگەر مووچەى مانگى تشرینى دووەمو کانوونى یەکەم نەدرێتو پرسى تەوتین جێبەجێ نەکرێت، بایکۆت بەردەوام دەبێت، ئەوەش چیرۆکى ناخۆشى بۆ هاوڵاتیان دروستکردووە، بەتایبەت لەسلێمانى کە بەدڵى بایکۆت دادەنرێت.
فەرمانگەى هاتووچۆى سلێمانى یەکێکە لەفەرمانگە قەرەباڵغو ڕێک پۆشەکان، بەڵام بایکۆت وێنەیەکى شێواوى بۆ ئەو فەرمانگەیە دروستکردووە، ئەوەش زیانو زۆرجار نیگەرانى لاى هاوڵاتیان دروستکردووە.
ڕێژین عیرفان تابلۆى ئۆتۆمبێلە نوێکەى کە "کاتى" بوو بەسەرچووە، هەفتەیەک پێش ئێستا سەردانى هاتوچۆى سلێمانى کردووە کەس بۆى نەکردووە بەهۆى بایکۆتەوە، ئەم هەفتەیە دوو ڕۆژ بەسەر کاتەکەى بەسەرچووە بۆ هەر ڕۆژێک وەکو سزاى دواکەوتن هەشت هەزاریان لێوەرگرتووە، ئەو بەئاوێنەى وت "خەتاى من نیە کە ئەو پارەیە دەدەم چونکە من لەکاتى خۆى هاتم کەس تابلۆکەى بۆ تازە نەکردمەوە، بەناچارى بۆ ئەوەى ئیشەکەم بڕوات ئەو پارەیەم دا".
وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لەو پرسە ئاگادارکراوەتەوە بەڵام فەرمانیکردووە، ئەو پارەیە لەشۆفێران وەربگیرێتو هیچ چاوپۆشییەک نەکرێت، بۆیە هاوشێوەى ڕێژین هەبووە زیاتر لە ١٠ ڕۆژ دواکەوتووە.
چیرۆکى هاتو نەهاتى مووچە چیرۆکى ١٠ساڵى هەرێمى کوردستانە، ٢٠٢٤ ئەو چیرۆکە هەر بەردەوام بوو، پرسیارەکە ئەوەیە ٢٠٢٥ ئەم پرسە بەردەوام دەبێت یان نا؟
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.