هەسەدە رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، شەڕڤانانیان هێرشیان كردۆتەوە سەر چەند بنكەیەكی میلیشیاكانی سەر بە توركیا لە چەند گوندێكی سنوری شارۆچكەی سەرێ كانی و لە ئاكامدا ژمارەیەك لە چەكدارانی میلیشیاكان كوژراون.
ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، یەكەیەكی هێزەكانیان لە ئەنجومەنی سەربازیی سەرێ كانی، هێرشیان كردۆتە سەر چەند خاڵێكی میلیشیاكان لە گوندی "رەیحانیە"ی سەربە سەرێ كانی و لە ئاكامدا شەڕ دروست بوەو پێنج چەكداری میلیشیاكانی سەربە توركیا كوژراون.
ئەوەشی خستۆتەڕو، هەر ئەمڕۆ، شەڕڤانان لە هێرشیان كردۆتەوە سەر میلیشیاكان لە گوندی "قاسمیە"ی سەر بە سەرێ كانی و لە ئەنجامی هێرشەكەدا ژمارەیەك چەكداری میلیشیاكان كوژراون و برینداربون كە هێشتا ژمارەی تەواوەتیان نەزانراوە.
هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، شەڕڤانان هێرشێكی دیكەیان كردۆتە سەر میلیشیاكان لە گوندی "دبس" لە سنوری سەرێ كانی و زیانەكانی میلیشیاكان هێشتا نەزانراون.
بەپێی راگەیەندراوەكە لەو هێرشانەدا هیچ زیانێك بەر شەڕڤانان نەكەوتوە.
هەسەدە وتوشیەتی، ئەو هێرشانە بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی بەرگرییەكانی شەڕڤانان بوە لە پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین.