ئەحمەد شەرع: سیستەمی فیدرالی بەهەموو شێوەیەک لەسوریادا رەتدەکەینەوە
  2024-12-29       895       

ئا: ئاوێنە

 

ئەحمەد شەرع سەرکردەی دەستەی تەحریری شام‌و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەسوریا ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی فیدرالی بەهەموو شێوەیەک لەسوریادا رەتدەکەنەوە، ئەو دەڵێت "خۆم بەڕزگارکەری سوریا نازانم".

 

شەرع لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبیە وتی "من خۆم بەڕزگارکەری سوریا نازانم، هەرکەسێک قوربانی دا وڵاتەکەی ڕزگار کرد، ئەوە گەلی سوریا بوو کە خۆیان ڕزگار کرد".

ئاماژەی بەوەش کرد کە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن زۆر بەتەنگ ئەوەوە بوون لەکاتی پڕۆسەی ڕزگارییدا زیانی گیانی روونەدات‌و خەڵکی ئاوارە نەبن، ئەو وتی "زۆر هەوڵماندا گواستنەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی ئاسانی بەڕێوەبچێت".

وتیشی  "رزگارکردنی سوریا گەرەنتی ئاسایشی ناوچەکەو کەنداو دەکات بۆ پەنجا ساڵی داهاتوو".

 

دەستورو هەڵبژاردن

ڕوونیشیکردەوە، ئامادەکردن ‌ نووسینی دەستوورێکی نوێ لەوڵاتدا ڕەنگە نزیکەی 3 ساڵ بخایەنێت، ڕێکخستنی هەڵبژاردنیش ڕەنگە پێویستی بە 4 ساڵ بێت.

شەرع وتی "هەر هەڵبژاردنێکی دروست پێویستی بەسەرژمێرییەکی گشتگیری دانیشتوان دەبێت، ئەمەش پێویستی بەکات هەیە".

هەروەها پێیوابوو کە ئەمڕۆ وڵات لەقۆناغی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی یاسادایە، جەختی لەوە کردەوە کە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی" هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە کۆدەکاتەوە، لیژنەی تایبەتمەند پێکدەهێنن‌و هاوکات دەنگدانیش بەخۆوە دەبینێت.

پێشنیاری کرد کە "سوریا پێویستی بەساڵێکە بۆ ئەوەی هاوڵاتی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە خزمەتگوزاریدا ببینێت".

سەبارەت بەخۆپیشاندانەکان، جەختی لەوە کردەوە کە مافی ڕەوای هەر هاووڵاتییەکە ئازادانە ڕای خۆی دەرببڕێت، بەبێ ئەوەی زیان بەدامودەزگاکان بگەیەنێت.

 

حکومەتی یەک ڕەنگ

سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی ڕاگوزەری ئێستا کە تەنها یەک رەنگە، شەرع ڕوونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لەوەوە هات ئەم قۆناغە پێویستی بەهەماهەنگی‌و کۆدەنگییە لەدەسەڵاتی نوێدا، ئەو وتی "شێوەی دیاریکردنی ئەندامانی حکموتی ئێستا پێویستی ئەم قۆناغە بوو، نەک بەدەرکردنی هیچ کەس‌و لایەنێک".

هەروەها پێیوابوو کە "پشکپشکێنە لەم قۆناغەدا پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵاتی لەناو دەبرد".

سەبارەت بەهەندێک لەو ئۆپەراسیۆنانەی تۆڵەسەندنەوە کە ڕوویانداوە، ئاماژەی بەوە کرد "کەمتر بوو لەوەی چاوەڕوان دەکرا بە بەراورد بەگەورەیی قەبارەی رووداوەکان"، ئەو وتی "ڕژێمی پێشوو کەلێن‌و دابەشکارییەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگەی سوریادا دروستکرد".

بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ نیگەرانییەک لەناوخۆی سوریادا نییە، بەو پێیەی سوریاییەکان پێکەوە دەژین".

دووپاتیشی کردەوە، سەرجەم تاوانباران سزای خۆیان وەردەگرن.

 

دەستەی تەحریری شام‌و هەسەدە

سەبارەت بەهەڵوەشاندنەوەی گروپەکان‌و لەنێویاندا دەستەی تەحریری شام، شەرع وتی "بەدڵنیاییەوە دەستەکەمان هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش لەکۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانیدا ڕادەگەیەنرێت".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەسەڵاتی نوێ بەعەقڵیەتی دەوڵەت وڵات بەڕێوە دەبات‌و جەختیشی کردەوە کە "سوریا نابێتە مایەی ناڕەحەتی بۆ هیچ کەسێک".

وتیشی "ئیدارەی ئێستا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه سه ده) دانوستان دەکات بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، دواتر لکاندنی ئەو هێزە بەهێزه چەکدارەکانی حکومەتەوە".

جەختیشی کردەوە کە کورد بەشێکی دانەبڕاوە لەپێکهاتەکانی سوریاو وتی "سیستەمی فیدرالی بەهەموو شێوەیەک لەسوریادا رەتدەکەینەوەو دابەشبوونی وڵاتیش هێڵی سوورە".

هیوای ئەوەشی خواست کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرێت.

 

شانازی دەکەم لەسعودیە لەدایکبووم

سەبارەت بەسعودیە، ئاماژەی بەوەدا کە سعودیە هەلی وەبەرهێنانی گەورەی لەسوریا هەیە، شەرع وتی "شانازی بەهەموو ئەو کارانە دەکەم کە سعودیە بۆ سوریا کردوویەتی‌و ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لەداهاتووی وڵاتەکەماندا".

هاوکات شانازیی خۆی بە لەدایکبوونی لەڕیازی پایتەختی سوریا دەربڕی‌و رونیکردەوە کە "تا تەمەنی حەوت ساڵی لەپایتەختی سعودیە ژیاوەو تامەزرۆی سەردانکردنەوەیەتی".

 

دەست تێوەردانی ئێران

سەبارەت بە ئێران هیوادارم تاران دەستێوەردانەکانی خۆی لەناوچەکەدا رابگرێت‌و بەسیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد "ئاواتەخوازین ڕۆڵی ئەرێنی ئێران لەناوچەکەدا ببینن".

جگە لەوەش ڕوونی کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان "سەرەڕای برینەکان، ئەرکی خۆی بەرامبەر بنکەکانی ئێران جێبەجێ کردو چاوەڕوانی لێدوانی ئەرێنیمان لەتاران دەکرد".

 

دەرچوونی روسیا

لەکاتێکدا جەختی لەوە کردەوە کە نایەوێت روسیا بەشێوەیەک دەربچێت کە لەگەڵ پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا نەگونجێت، ئاماژەی بەوەش کرد "روسیا دووەم بەهێزترین وڵاتی جیهانەو گرنگییەکی زۆری هەیە".

هەروەها پێیوابوو کە دیمەشق بەرژەوەندی ستراتیژی لەگەڵ مۆسکۆدا هەیە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×