39یه‌مین سه‌رۆكى ئه‌مریكا كۆچى دوایى كرد
  2024-12-30       283       

جیمی کارتەر سەرۆکی پێشوتری ئەمریکاو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لەتەمەنی 100 ساڵیدا لەشوێنی لەدایکبونی لەویلایەتی جۆرجیا کۆچی دوایی کرد، لاى خۆیشیه‌وه‌ بایدن بڕیاریدا به‌دیاریكردنى 9ى كانونى دوه‌مى 2025 وەک ڕۆژی ماتەمینی نیشتمانیی.

ئاوێنە: سەنتەری کارتەر لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، جیمی کارتەر، 39یەمین  سەرۆکی ئەمریکا کە لەساڵی 2002 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بەدەستهێنا، ڕۆژی یەکشەممە، 29ـی کانونی یەکەمی 2024، لەماڵەکەی لەشاری پلاینز لەویلایەتی جۆرجیا بەشێوەیەکی ئاسایی کۆچی دوایی کرد.

کوڕەکەی واته‌ چیپ کارتەر دەڵێت:"باوکم پاڵەوان بوو، نەک تەنها بۆ من، بەڵکو بۆ هەموو ئەوکەسانەی باوەڕیان بەئاشتی‌و مافی مرۆڤ‌و خۆشەویستیی دور لەخۆپەرستیی هەیە".

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، کارتەر "پیاوێکی خاوەن بنەما، باوەڕو خۆنەویست بوو، پرسەی فەرمی بۆ مردوەکە لەواشنتۆنی پایتەختی فیدراڵی بەڕێوە دەچێت".

لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ڕایگەیاند، "خوالێخۆشبوو هەموو ئەوەی لەتوانایدابوو کردی، بۆ باشترکردنی ژیانی هەموو ئەمریکییەکان، لەبەرئەوەش هەمومان قەرزارو سوپاسگوزارین".

بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا وتویه‌تى، "سەرۆکی کۆچکردوو تا دوا ساتەکانی ژیانی بۆ خزمەتکردنی کەسانی دیکە ژیاوە"، هاوكات جۆرج بوشى سه‌رۆكى پێشوتریش نوسیویه‌تى، "میراتی کارتەر، ئیلهامبەخش دەبێت بۆ ئەمریکییەکان‌و نەوەکانی داهاتوو".

هەروەها باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوتری ئەمریکاش ماتەمینی بۆ سەرۆکی پێشوی خۆی دەربڕی‌و ڕایگەیاند، "کۆچکردوو هەمومانی فێری، ژیانێکی پڕ لەنیعمەت‌و کەرامەت‌و دادپەروەری‌و خزمەتکردن کرد".

کارتەر، بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمریکا بوو کە لەژیاندا مابوو، لەساڵی 1977 بوە بەسەرۆکی ئەمریکا  تاساڵی 1981و لەساڵی 2015دا دیموکراتەکان ڕایانگەیاند، توشی شێرپەنجەی مێشک بوە.

لای خۆیەوە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن بڕیاریداوه‌ کە 9ـی كانونی دوەمی 2025ى داهاتوو وەک ڕۆژی ماتەمینی نیشتمانیی دیاریکرد وەک ڕێزێک بۆ جیمی کارتەر.

لەفەرمانەکەدا کە سەرۆکایەتیی کۆمار لەماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردوەتەوە، بایدن دەڵێت:"داوا لەگەلی ئەمریکا دەکەم لەم ڕۆژەدا لەپەرستگەکان کۆببنەوە بۆ ڕێزگرتن لەیادی سەرۆک جەیمس ئێرل کارتەر جونیۆر".

کارتەر لە 1977 بۆ 1981 سەرۆکایەتیی ئەمریکای کرد، لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، ئەمریکا ڕوبەڕوی خراپیی ئابوری، هەڵاوسان، بێکاریی‌و قەیرانی وزە بوەوە، به‌ڵام لەسیاسەتی دەرەوەدا، ژمارەیەک دەستکەوتی گرنگی هەبوو، لەوانەش لەساڵی 1978 نێوەندگیریی کرد بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی ئاشتیی کەمپ دەیڤد لەنێوان میسرو ئیسرائیلدا واژۆبکرێت، هەروەها دانوستاندنی کرد بۆ واژۆکردنی دوو ڕێککەوتنامە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵکردنی کەناڵی پەنەما لەدەستی ئەمریکاوە بدرێتەوە بەپەنەما.
هەر لەماوەی سەرۆکایەتیی کارتەردا، لەساڵی 1979، خۆپێشاندەرانی توڕە لەتاران هەڵیانکوتایەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکاو ستافی نێردە دیپلۆماسییەکەیان بۆ ماوەی 444 ڕۆژ بەبارمتە گیران کە ئەوە کاریگەریی زۆری لەسەر کارو ناوبانگی سەرۆکایەتییەکەی هەبوو.
 
یەکێتیی سۆڤیەت لەساڵی 1979 ئەفغانستانی داگیرکرد، ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی کارتەر بڕیاریدا بەشداریی لەئۆڵۆمپیادی 1980ی مۆسکۆدا نەکات‌و سیاسەتی دەرەوەی گۆڕی، کارتەر ساڵێک دوای تەواوبونی خولی سەرۆکایەتییەکەی، واتە ساڵی 1982 سەنتەری کارتەری دامەزراند کە لەبواری یارمەتیی مرۆیی، بەرەنگاربونەوەی نەخۆشییەکان‌و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرتاسەری جیهان کاردەکات.
 
لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان‌و داکۆکیکردن لەمافەکانی مرۆڤ، کارتەر لەساڵی 2002 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەش بەکاتی ئەمریکا، واتە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە بەکاتی هەولێر، گیانلەدەستدانی کارتەر لەتەمەنی 100 ساڵیدا لەشاری پلەینز لەویلایەتی جۆرجیا ڕاگەیه‌ندرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×