ئا: ئاوێنە
کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە مۆسادو سوپای ئیسرائیل ڕێگەیان بەبڵاوکردنەوەی زانیاری نوێ دەربارەی چۆنیەتی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیەی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لەتارانی پایتەختی ئێران داوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەی کەناڵەکە، ئیسماعیل هەنیە چەند جارێک بەوردی چاودێری کراوە کە سەردانی تارانی کردووەو تێبینی ئەوە کراوە لەهەمان ئەو ژوورو بینایەدا ماوەتەوە کە کرایە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، مۆساد بەنهێنی بۆمبێکی لەناو ئەو پێخەفەدا شاردوەتەوە لەو ژوورەدا کە ئیسماعیل هەنیەی لەسەر دەخەوت، بەجۆرێک کە لەکاتی تەقینەوەدا تەنها خۆی بکوژێتو کەسی تر پێوەنەبێت.
بەپێی کەناڵی ١٢، بۆمبەکە پێش دەستپێکردنی مەراسیمی دەستبەکاربوونی مەسعود پپزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، لەژووری هەنیە دانراوەو ئیسرائیل بۆمبێکی قەبارە زۆر گەورەتری بەکارهێناوە بۆ تیرۆرکردنی هەنیە بە بەراورد بەو بۆمبانەی لەتیرۆرەکانی پێشوودا بەکاریهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەوی تیرۆرکردنی هەنیە، سپلێتی ژوورەکەی تێکچووە، ئەمەش دەبووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەرکەکە ئەگەر هەنیە شوێنەکەی بگۆڕایە، بەڵام ئێرانییەکان هەر ئەو شەوە سپلێتەکەیان چاککردووە.
ئەو کەناڵە عیبرییە جەغت لەوە دەکات کە تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس یەکێک بووە لەمەترسیدارترینو هەستیارترین کارەکانی مێژووی هەواڵگری ئیسرائیل بووە.
لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل لە سەرەتادا پلانی تیرۆرکردنی هەنیەی لەکاتێکدا داڕشتبوو کە بەشداری لەپرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێراندا دەکرد، بەڵام لەدوایین ساتەکاندا دوایخست.