ئەو رۆژەی جۆ بایدن لە كەركوك بو
  2020-11-20       2335       
كەركوك/ 13ی كانونی دووەمی 2009/ كۆبونەوەی جۆ بایدن، وەكو سیناتۆر لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك

ئاوێنە، كەركوك ناو:

"کەرکوک گەورەترین خاڵی وەرچەرخانە بەرەو توندوتیژی زیاتر..."، جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا پێش یانزە ساڵ وایوت، ئەوەش دوای سەردانێكی بۆ پارێزگای كەركوك و كۆبونەوە لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكان. لە كۆبونەوەكەدا لەسەر یەكنەگرتویی پێكهاتەكانی پارێزگاكە جۆ بایدن وتی"ئێمە عێراق جێدەهێڵین، ئەوکات ئەگەر دیکتاتۆرێک لە سەدام خراپتریش بێت هەقمان نییە، مادام پڕۆژەیەکتان نییە بۆ پێکەوەژیان."

بایدن كە هەم بۆ گوێگرتن هەم بۆ ئامۆژگاری نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان سەردانی كەركوكی كردبو، بە نیگەرانییەوە پارێزگاكەی بەجێهێشتوە، كاتێك هەستیكردوە بۆچونی پێكهاتەكان بۆ ئایندەی پارێزگاكە لەیەكترەوە دورە. ئەو لە كۆبونەوەكەدا داوای لێكردون لەسەر "یەك بەرنامە رێكبكەون و پێكەوە شكۆمەندی بۆ خەڵكی كەركوك بگەڕێننەوە"، تا ئەویش بتوانێت لەگەڵ بەغدا بۆ ئەو مەبەستە قسە بكات.

کۆبونەوەکە لە 13ی كانونی دوەمی 2009 لە فڕۆکەخانەی کەرکوک بەڕێوەچو، کە ئەوکات بایدن سیناتۆر بو، هاوکات پاڵێوراویش بو بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما)، سەردانەکە هاوكات بو لەگەڵ مقۆمقۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 31ی هەمان مانگ بۆ بەڕێوەچونی دیاریكرابو بە پارێزگای کەرکوکیشەوە، بەڵام ئەوكات زۆرترین ململانێی هەولێر و بەغدا لەسەر چۆنیەتی بەشداربونی كەركوك بو لەو هەڵبژاردنە.

سەردانەكە هاوكاتیش بو لەگەڵ ناكۆكی توندی نوری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێمی كوردستان، كە كەركوك خاڵێكی ناكۆكییەكەیان بو.

دیارنییە کە ئایا ئەمە یەکەم سەردانی بایدن بوە بۆ کەرکوک یان نا، بەڵام ئەحمەد عەسکەری ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک، کە لەو کۆبونەوەیەدا بەشداربوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "جۆبایدن یەکێک بو لەو سەرکردە ئەمریکییانەی دواتر زۆرترین سەردانی عێراق و کەرکوکی کردوە، خوێندنەوەیەکی وردی لەسەر رەوشی ناوچەکە هەبو و پەیوەندی تایبەتیشی لەگەڵ کەسایەتییەکانی کورد، عەرەب و تورکمانەکاندا هەبو."

ئەحمەد عەسکەری، کە لە نزیکەوە لەگەڵ جۆ بایدندا گفتوگۆی کردبو، وتی "بایدن و هاوەڵانی زیاتر وەکو ئامۆژگاریکار رۆڵیان گێڕاوە و باسیان لە گرنگی پێگەی جوگرافی کەرکوک کردوە، ئاماژەشیان بەوەکردوە کە حکومەتی بەعس ساڵانێکی زۆر هەوڵیداوە ئەم نەتەوانە لەیەک بکات."

بایدن كە سەرەتای ئم مانگە بوە سەرۆكی نوێی ئەمریكا، لە كۆبونەوەكەی 11 ساڵ لەمەوبەر، وتویەتی "ئێمە داواکارین ئێوە بگەڕێنەوە بۆ رابردوتان کە بە ئارامی ژیاون، ئێمە دەمانەوێت ئەم شکۆمەندییە بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکی کەركوك. دەمانەوێت ئێوە لەسەر بەرنامەیەک بۆ کەرکوک رێککەون و ئێمەش لەگەڵ حکومەتی عێراق قسە دەکەین و هاوکارتان دەبین"، ئەحمەد عەسكەری وایوت.

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك، راکان سەعید، جێگری پارێزگار، رێبوار تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەوكاتی ئەنجومەن لە كۆبونەوەكەدا بەشداربون، لەگەڵ هەریەكە لە ئەحمەد عەسكەری و محەمەد كەمال وەكو نوێنەری كورد، عەبدوڵا سامی عاسی و جواد جەنابی وەكو نوێنەری عەرەب، تەحسین ساری کەهیە و حەسەن تۆران لە بەرەی تورکمانی و سلڤانا بویا وەکو نوێنەری كریستیانەكان.

لەپاڵئەوانەشدا، جەمال تاهیر فەرماندەی ئەوكاتی پۆلیسی كەركوك و ژمارەیەك فەرماندە و لێپرسراوی تری پارێزگاكەش بەشداربون.

بەپێی سەرچاوەکانی (كەركوك ناو)، ئەو بەرنامەیەی نوێنەری پێکهاتەکان لە کەرکوک پێشکەشی جۆ بایدنیان كرد، ناوەڕۆکەکانیان لەیەكەوە دوربون، كورد داوای دەكرد كەركوك بە تەواوی بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، عەرەب بە خاكی عێراقیان دەزانی و داوایان دەكرد هەر وەكو خۆی بمێنێتەوە، هەرچی توركمان بو ئەوكات پێداگری دەكرد بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ.

"لە کۆبونەوەکەدا هەمو پێکهاتەکان بانگەشەکانی هەڵبژاردنیان بەیەکتر دەفرۆشتەوە"، ئەحمەد عەسکەری، كە ئێستا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییە بۆ (کەرکوک ناو) وایوت.

محەمەد کەمال، ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای کەرکوک و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێش هاتنی بایدن، دەمانزانی دێت بۆ گفتوگۆ و چارەسەر، بۆیە ئێمە وەکو لیستی برایەتی – زۆرینە كورد بون- پێشوەختە کۆبونەوەی خۆمان گرێداو نوسراوێکی رەسمیمان ئامادەکرد و پێشکەشمان کرد... کاتێک بایدن داوایکرد هەمو پێکهاتەکان پیکەوە پڕۆژەمان هەبێت. ئێمە ئامادەییمان دەربڕی، بەڵام دواتر نەكرا."

وتیشی "بایدن لە یەکنەگرتویی پێکهاتەکانی کەرکوک نیگەران بوە"، محەمەد كەمال زیاتر وتی "بایدن وتی ئێمە عێراق جێدەهێڵین، ئەوکات ئەگەر دیکتاتۆرێک لە سەدام خراپتریش بێت هەقمان نییە، مادام ئێوە پڕۆژەیەکتان نییە بۆ پێکەوەژیان."

لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت - ئەوكات جێگری پارێزگار بو-، بە جۆ بایدنی وتوە "تۆ هەر ئەو کەسە نیت کە پڕۆژەیەکت هەیە بەناوی پڕۆژەی بایدنەوە؟". لەوەڵامدا بایدن وتویەتی "ئەوە میدیا وام پێدەڵێن، بەڵام ئەو پڕۆژەیە من خاوەنی نەماوم و بوە بە پڕۆژەیەکی ئەمریکیی و بەناوی منەوە لە ئەنجومەنی سیناتۆرەکانی ئەمریکا لەسەر رەفەکان ماوە و 75 دەنگی لە کۆی 100 دەنگ بەدەستهێناوە... ئەو پڕۆژەیە چارەسەرێکی باشبو بۆ عێراق". محەمەد كەمال ئەو گفتوگۆیەی نێوان راكان سەعید و جۆ بایدنی بۆ (كەركوك ناو) گێڕایەوە.

پڕۆژەكە خۆی لە دابەشكردنی عێراق بۆ سێ ناوچەی كوردی، شیعەو سوننە دەبینییەوە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (نیوۆرک تایمز)، کە لە 24ی نۆڤەمبەری 2009دا بڵاوکراوەتەوە، مەبەستی سەرەکی سەردانەکەی بایدن بۆ کەرکوک، هەوڵدان بوە بۆ چارەسەری کێشەکانی هەڵبژاردن و تێگەیشتن لە هۆکاری سەختی ململانێیەکان لەسەر ئەو پارێزگایە.

لە راپۆرتەكەدا هاتوە "سەردانەكە بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربون بوە لە رەوشی کەرکوک لە نێوان هەوڵەکانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق کە دەیویست رێگری بکات."

لە سەروەختی هاتنی بایدن بۆ عێراق لە ساڵی 2009، مەسعود بارزانی لەهەوڵی ئەوەدا بوە ناكۆكییەكان لەسەر هەڵبژاردنەکان بکات بە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم کە کەرکوکیشی دەگرتەوە. بەڵام عەرەب لە کەرکوک بەربەستی دروستدەكردو ناڕازی بو، بەتایبەت لە بەكارهێنانی ئاماری دەنگدەران و دانیشتوانی كەركوك بۆ رەتکردنەوەی ئەم هەوڵانە. ئەمەش بە یەکێک لەو هۆکارانە دادەنرێت کە تیایدا بایدن سەردانی کەرکوکی کرد.

هەر لە هەمان راپۆرتدا، ئاماژە بەوە کراوە کە سەردانی بایدن بۆ کەرکوک لە کاتێکدابوە کە گرژییەکانی نێوان عەرەب و کورد بە رێژەیەکی گەورە زیادیکردبو. "هیچ نیشانەیەک لە بەرەوپێشچونی رەوشی کەرکوک نەبو کە کوردەکان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی خۆیان دەیانبینی و هاوکات ژمارەیەکی زۆری عەرەب و تورکمانیش بانگەشەی خاوەنداریان دەکرد."

نیوۆرک تایمز دەنوسێت "8.5 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی کەرکوکیش وایکردوە کە ئەم شارە ببێتە خەڵاتێک کە هیچ کەسێک نەیەوێت پاشگەزبێتەوە و سازشی لەسەر بكات."

هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەهەمان راپۆرتدا ئاماژەی پێکراوە، بەرپرسە عێراقییەکان خوازیاربون بایدن وەكو ناوبژیوان یان لایەنی سێیەم بێتەناوەوە بۆ چارەسەری کێشەکانیان، کە كەركوك خاڵی سەركی كێشەكان بو.

نوری مالیکی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، داواکاربو کە بایدن فشاربخاتە سەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوكاتی هەرێمی کوردستان بۆ دواخستنی پلانی ریفراندۆم لە دەستوری هەرێمی كوردستاندا.

لە 20ی هەمان مانگدا، پاش هەفتەیەک لە سەردانەکەی بۆ عێراق  و کۆبونەوەکەی لە کەرکوک، جۆ بایدن بە فەرمی وەکو جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەستبەكاربو.

لە میدیا ئەمریکییەکان و لەناویاندا "سی ئێن ئێن"، ئاماژە بەوە کراوە کە بایدن پاش گەڕانەوەی بۆ واشنتن ترسی گەورەی هەبوە و نەیشاردۆتەوە لە زیادبونی گرژیی و ململانێیەکان لە کەرکوک، ئەوەش بەهۆی رکابەرییەکانی هەرێم و بەغدا.

هەر بۆیە دوای سەردانەكە، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کریستۆڤەر هیل، باڵیۆزی ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکان لە عێراق و جەنەڕاڵ ئۆدرینۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامداوە. هەروەها لە پەیوەندی بەردەوامدابوە لەگەڵ مالکی و بارزانی و کەسایەتییە فەرمانڕەواکانی تر.

"بایدن فشاری خستەسەر مالکی بۆ ئەوەی بەپێی پلانەکان بڕوات و سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها فشاریشی خستە سەر بارزانی کە ریفراندۆم دوابخات و داوای لە هەریەکێکیان كرد بوەستن لە باسکردنی یەکتر وەکو دوژمنی ئاشتی"، بەپێی نیوۆرک تایمز.

قوباد تاڵەبانی کە ئەوکات نوێنەری حکومەتی هەرێم بوە لە ئەمریکا، بە رۆژنامەی نیوۆرک تایمز دەڵێت کە ئەوکات بایدن بە بارزانی  وتوە "بێ هودەیە" ئەگەر لەم کاتەدا کورد سەربەخۆیی رابگەیەنێت. بەو هۆیەی کە توڕەیی عەرەب لە کوردەکان لە کەرکوک، دەبێتەهۆی دروستبونی توندوتیژیی و ململانێ.

پاش چەند مانگێک لە سەردانەکەی بۆ كەركوك و لە 2ی حوزەیرانی 2009، بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەی بی سی، لە وەڵامی پرسیارێکی جۆرج ئۆپۆلۆسی رۆژنامەنوس دەڵێت "نەتەوە یەکگرتوەکان دەستیانکردوە بە پڕۆژەیەک بۆ مامەڵەکردن لەسەر ناوچەكانی جێناكۆك لە عێراق، کەرکوک دەکرێت گەورەترین خاڵی وەرچەرخان بێت بەرەو توندوتیژی زیاتر...  سەرکردەکانی عێراق خۆیان داوایان لێکردم کە قسە لەگەڵ سەرکردایەتی کوردی بکەم و پێیان بڵێم کە پەسەندكردنی دەستورەکەیان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە زۆر هاوکاریان نابێت، هەروەها داوایانكرد رێگری بکەم لە زیادبونی ململانێیەكان."

بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، بایدن ئەوكات سەرکەوتوانە توانی بەغدا و هەرێم بگەیەنێتە رێککەوتن و لە 31ی كانونی دوەمی 2009 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام كەركوك لەو هەڵبژاردنە دەركرا.

دوابەدوای ئەم سەردانەی ساڵی 2009، جۆ بایدن چەند جارێکی تر سەردانی عێراقی کردەوە، بەڵام بەپێی وتەی ئەحمەد عەسکەری، هیچ پەیامێکی تایبەتی بایدنیان لە دوای سەردانی ساڵی 2009وە لەبارەی كەركوكەوە پێنەگەیشتوە.

جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان سەرەتای ئەم مانگە توانی بەسەر دۆناڵ ترەمپ-ی ركابەریدا سەربكەوێت و ببێتە 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا.

ئەحمەد عەسكەری وتی "ئومێدمان بەوە هەیە کە دەستبەکاربونی بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا، هاوکاربێت لە پێشخستنی رەوشی کەرکوک و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم."

"ئەوکات کە سەردانی کەرکوکی کرد تەنیا سیناتۆرێک بو، پاشانیش بو بە جێگری سەرۆک، رەنگە هێندە بڕیارەکانی نەڕۆیشتبێت، بەڵام ئێستا سەرۆکە، هەمومانیش دەزانین سەرۆک چ دەسەڵاتێکی هەیە. لەوانەیە بتوانێت هەندێك کێشە چارەسەر بکات"، عەسكەری وایوت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×