2019-04-01   5108     
ئا: ئاوێنە
میریان قادر، هاوەڵی
شاجوانی کوردستان کە بەهۆی بەکارهێنانی دو وشەی "چەینج کەڵەر"و
"ئەلەرم"ەوە لەکاتی رێورەسمی هەڵبژاردنی شاجواندا ناوبانگی دەرکرد،
ئەمڕۆ دامەزراندنی رێکخراوی "چەینج لایف"ی بۆ گەشەپێدانی مرۆیی راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە ١ی
نیسان، خاتو میریان هاوەلی شاجوانی کوردستان لەڕێورەسمێکدا بەئامادەبونی ژمارەیەک
کەسایەتی یەکەم بانگەشەی بۆ رێکخراوە نوێکەی "چەینج لایف بۆ گەشەپێدانی مرۆیی"
کرد، ناوبراو لەوتەیەکیدا بەم بۆنەیەوە وتی 'زۆر کەس پرسیار ئەوە دەکەن کە ناوی
رێکخراوەکە لەچییەوە هاتوە؟ لەوەڵامدا دەلێم لەکاتی رێرەسمی هەڵبژاردنی شاجواندا
لەچاوپێکەوتنێکدا بەکارهێنانی وشەی چەینج کەڵەر بوە جێی سەرنجو خۆشەویستی گەنجان،
ناوی ئەم رێکخراوە لەوەوە هاتوە، کە بەمەبەستی گەشەدان بەتوانای گەنجانو گۆڕینی
ژیانی گەنجان چەینج لایف دامەزراوە".
میریان ئەوەشی رەتکردەوە
کە کاتی خۆی بڵاوکرایەوە گوایە وتویەتی "ئەگەر گەنجان هیچیان پێنەبێ با داوای
هیچ لەحکومەت نەکەن"، بەڵکو ئەو کەناڵەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوە قسەکانی
"کەت" کردوە.
میریان لەکۆتایی
قسەکانیدا بەتایبەتی بەخێرهاتنی سەعدی پیرەو شێخ جەعفەرو شاجوانی کرد بەهۆی
ئامادەبونیانەوە لەم رێورەسمەدا.
پاش وتەی هاوەڵی شاجوان،
سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان قسەی بۆ ئامادەبوان
کردو وتی "خۆشعالم کە لەگەڵ ژمارەیەک لەکەسایەتی گەورەو تێکۆشەری گەورە لەخۆشەویستی ئەم
پڕۆژەیە ئامادەم دەبم"،
وتیشی "چەند سالێک لەمەوپێش، لەبۆنەی دامەزراندنی رێکخراوێکی تردا، دیتم
سەعات نۆو نیوی بەیانی شاجوان هاتە ژورەوەو وتم خەلک وا دەزانێ دەبێ شاجوان تا
سەعات ١١ بخەوێو تا سەعات ٢ی پاشنیوەڕۆ خەریکی ئارایشت بێ ئەوسا بێتە دەرەوە،
بەڵام بەختی کوردە شاجوان دەبێ سەعات نۆو نیو بێت بەشداری لەمناقەشەیەکی سیاسی وشکدا
بکا، ئەوە بەختی کوردەو قەدەری کوردە شاجوانەکانمان لەسەنگەری خەباتو تێکۆشاندا
بێ".
سەعدی پیرە ستایشی شاجوانو هاوەڵی شاجوانی کرد کە بیر لەم جۆرە پڕۆژانە
دەکەنەوەو جەغتی لەوەش کردەوە کە دەبێت کەسانی وەک "شێخ جەعفەر"
پشتیوانی لەمە بکەنو وتی "ئێمەو مانانیش لەهەر کوێ بین لەخزمەتانا دەبین".
وتیشی "میریان خان چەینج کەڵەرو ئەلەرمو ئەو قسانە زۆر مەشهورتریان
کرد لەوەی جێگری شاجوانەو زیاتر بەخەڵکیان ناساند بەو هەمو جوانییەوە، کە ئێستا بڵێی
هاوەڵی شاجوان یەکسەر دەلێن ئەها چەینج کەڵەر".