توانا ئەمین (مرواریی تاقانە)ی بڵاوکردەوە
  2019-03-24       1672       

کتێبخانەی گۆڵدن بووک کتێبی (مرواریی تاقانە)ی نووسەر و وەرگێڕ (توانا ئەمین)ی بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە لەم بارەیەوە نووسەر بە ئاوێنەی وت: " ئەم کتێبە بۆ دوو ئاست دابەش دەبێ، ئاستێکیان نزیک لە ژیانی ڕۆژانە و خەمە جڤاکی و ئینسانییە گشتییەکانە کە هەر کەسەمان هەمانە. بە چاوێکی کونپشکیانەوە دەپرسێ پارە چییە؟ پەیوەندی و خیانەت چین؟ موڵکایەتی چیە؟ خۆشەویستی چییە؟ تەنیایی چییە؟ شار چییە؟ دڵ چییە؟ خوداپەرستی چییە؟ و هتد... ئاستی دووەم کە بۆ من گرنگترینیانە؛ ئاستێکە بڕێ زیاتر دەڕوات، ئەویش پرسە یونڤێرساڵی و وجودییەکانە وەک ئینسان؛ گاهێ عیرفانی و گاهێ گومانکارانە دەپرسێ: ئێمە بۆ هەین، لە کوێوە هاتووین، کێ ئێمەی دروست کردوە، ئەم شتانە بۆ وان، ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ کوێ، ئازار بۆ هەیە؟ ژیان چییە؟ مەرگ بۆ هەیە؟ و هتد...
بەگشتی تێڕامانێکی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر بەڵام بە زمانێکی سادە و شیعریانە، بە شێوەیەک هەمووان بتوانن تێی بگەن... لەگەڵ ئەمانەیشدا سەرجەمی لاپەڕەکانی کتێبەکە لە لایەن هونەرمەند (چینەر عوسمان)ـەوە نیگارڕێژ کراوە و بۆ هەر بابەتێک سکێچێکی دروست کردووە... ئەمەیش پتر کتێبەکەی هەمەڕەنگ و ڕەونەقدارتر کردووە."
توانا ئەمین، نووسەرێکی تاراوگەنشینی کوردە و زیاتر لە ٢٠ بەرهەمی لە بوارەکانی چیرۆک، لێکۆلێنەوەی ئەدەبی، وەرگێڕاندا هەیە.
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×