تیمی یەکێتی لەحکومەتی هەرێم وه‌ڵامی‌ مه‌سرور بارزانی‌ ده‌داته‌وه‌
  2020-04-17       1595       
تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان وه‌ڵامی‌ مه‌سرور بارزانی‌ ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "یەکێتی تاقم‌و دەستە نیە."

ئاوێنه‌: تیمی یەکێتی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان له‌په‌یامێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، "ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە تیایدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان."

راشیگه‌یاندووه‌، "یەکێتی تاقم‌و دەستە نیە. حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژویەکی پڕ سەروەری‌و ئایندەیەکی گەشە. تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دیدو ستراتیژو تێڕوانینە نیشتیمانی‌و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات".

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، لەپەیامێكدا سەبارەت بەگرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و رەوانەكردنی هێز بۆ زینی وەرتێ رایگەیاند، "تاقمێکی دیاریکراو بەمەبەست و بە نەفەسی حیزبیانە، هێزی حیزبییان بەرامبەر بە هێزی حکومەت جوڵاندو بە ئاشکرا دژی حکومەت وەستانەوە، بە بیانوی ئەوەی کە گوایە ئەم سنورە هی حیزبێکی دیاریکراوەو حکومەتی هەرێم ناتوانێت هێزە هاوبەشەکانی تێدا جێگیربکات و بۆ ئەم مەبەستەش کەوتونەتە تۆمەت هەڵبەستن و تێکەڵکردنی بابەتی نابەجێ و ناپەیوەندیدار."



ده‌قی‌ په‌یامه‌كه‌:


پەیامێک لە تیمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان

بەشدارکردنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کابینەی نۆیەمینی حکومەت لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسی بو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. 

ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، کە تیایدا هێرشێکی ناڕەوای کردووەتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. 

یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تاقم و دەستە نیە. حزبێکی تێکۆشەری خاوەن مێژوویەکی پڕ سەروەری و ئایندەیەکی گەشە. تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات، لەو بارەیەوە یەکێتی هاوبەشی هەموو دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حزبێکی کوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە کابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە. 

تیمی یەکێتی لە حکومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکات لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندکراوی حکومەت لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە کار دەکەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکانی تەرخان بکرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان نەک ببن بەبەشێک لە کێشە سیاسیەکان.

لەم بارەیەوە تیمەکەمان نامەیەکی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.  

تیمی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×