سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی سلێمانی لەبارەی دۆسیەی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و منداڵەكەیان وەڵامی لێدوانەكانی ئەمڕۆی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان دەداتەوەو دەڵێت"نازانین ئەو قسانە لەم كاتەداو دوای تێپەڕبونی ماوەیەك بەسەر بڕیاری كۆتایی دادگادا بە داخستنی دۆسیەكە، لەبەرژەوەندی كێ و لەپێناوی چیدا كراون."
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەهەولێر سەبارەت بە دۆسیەی گیانلەستدانی ئامانج بابانی و هاوسەرەكەی و منداڵەكەی رایگەیاند، جگە لەو حەوت قەوانەی كە لە دەمانچەكەی ئامانج بابانی-یەوە تەقێنراون، چوار قەوانی دیکە لەلایەن تیمی بەڵگەی تاوانی ئاسایشەوە لەسلێمانی لەکاتی روداوەکە هەڵگیراوەتەوە كە بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراون و ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیار نییە."
بەپێی قسەی جەبار ئەحمەد شەریف بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم کەیسە نەدەبوایە پەلەکرابایەو وتیشی"گومان دەکرێت ئەم کارە خۆکوژی نەبێت و کوشتن بێت."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا، وەڵامی ئەو بانگەشانەی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستانی داوەتەوەو بە "قسەی ناڕاست و چەواشەكاری" ناوی بردون.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی وتویەتی"سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٢/٦ بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەختدا، بێئەوەی كەس داوای لێكردبێت كۆمەڵێك قسەی ناڕاست و چەواشەكارانەی لەسەر دۆسیەیەكی تایبەت بە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كردوە و پرسیارو گومانی لای هاوڵاتیان دروستكردوە."
ئەوەشی خستۆتەڕو"نازانین ئەو قسانە لەم كاتەداو دوای تێپەڕبونی ماوەیەك بەسەر بڕیاری كۆتایی دادگا بە داخستنی دۆسیەكە لەبەرژەوەندی كێ و لەپێناوی چیدا كراون، جگە لە لەقكردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دادگاكان و سیستمی دادوەری و دەزگاكانی لێكۆڵینەوە، بە دەزگاكەی خۆیشییەوە!"
جەختیشی كردۆتەوە"ئەو كەسەی ئەو قسانەی كردوە خۆی جێبەجێكاری فەرمانەكانی دادگایەو پێویستە هەركات دادگا فەرمانی پێكرد وەكو خۆی جێبەجێی بكات و ئەنجامەكەی بخاتەوە بەردەستی دادوەر، بەهیچ شێوەیەك كاری ئەو نییەو بۆی نییە رێوشوێن بۆ دادگا دیاری بكات و رێنمایی دادوەر بكات كە چی بكات و چی نەكات."
ئەوەشی وتوە"ئەوكارەی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچونە لە سنوری یاسایی خۆی و مافی خۆمان لە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەری دەپارێزین."
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی هاوڵاتیانی دڵنیا كردۆتەوە كە "دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بەهەمو توانایانەوە یاسا بەسەر هەمواندا پیادەئەكەن و مافی هەمو كەس و لایەنێك لەچوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی یاسا بۆی دیاریكردون، ئەپارێزن."
شەوی چوارشەممە 16-10-2019 له نزیک تێرمیناڵی شارهزور لەسلێمانی، ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵهكهیان لە روداوێکدا گیانیان لەدەستدا کە دواتر پۆلیسی سلێمانی روداوەکەی بە خۆکوژی ناوبرد.
رۆژی 29-01-2020 دادگای سلێمانی بەشێوەیەكی كۆتایی دۆسیەكەی داخست و رایگەیاند "روداوی گیانلهدهستدانیان کردەوەی خۆکوژی بوە."
دەقی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی...
راگەیەنراوێك لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٢/٦ بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەختدا، بێئەوەی كەس داوای لێكردبێت كۆمەڵێك قسەی ناڕاست و چەواشەكارانەی لەسەر دۆسیەیەكی تایبەت بە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كردوە و پرسیار و گومانی لای هاوڵاتیان دروستكردوە، بۆیە بە هەمو لایەكی ڕادەگەیەنین كە:
1.نازانین ئەو قسانە لەمكاتەدا و دوای تێپەڕبونی ماوەیەك بەسەر بڕیاری كۆتایی دادگا بە داخستنی دۆسیەكە لەبەرژەوەندی كێ و لەپێناوی چیدا كراوە، جگە لە لەقكردنی متمانەی هاوڵاتیان بە دادگاكان و سیستمی دادوەری و دەزگاكانی لێكۆڵینەوە، بە دەزگاكەی خۆیشییەوە!
2.ئەو كەسەی ئەو قسانەی كردوە خۆی جێبەجێكاری فەرمانەكانی دادگایە و پێویستە هەركات دادگا فەرمانی پێكرد وەكو خۆی جێبەجێی بكات و ئەنجامەكەی بخاتەوە بەردەستی دادوەر، وە بەهیچ شێوەیەك كاری ئەو نییە و بۆی نییە ڕێوشوێن بۆ دادگا دیاری بكات و ڕێنمایی دادوەر بكات كە چی بكات و چی نەكات.
3.ئەوكارەی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچونە لە سنوری یاسایی خۆی و مافی خۆمان لە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەری دەپارێزین.
4.هەمو هاوڵاتیانی بەڕێز دڵنیا دەكەینەوە كە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بەهەمو توانایانەوە یاسا بەسەر هەمواندا پیادە ئەكەن و مافی هەمو كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی یاسا بۆی دیاریكردون، ئەپارێزن.
سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
٢٠٢٠/٢/٦