بزووتنەوەی نوجەبا ڕایگەیاند، سەرجەم گرووپەکانی ناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەیە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی کە بە "بەئامانجگرتنی ئەبو حوسێن حەمیداوی" ناوی بردووە. بزووتنەوەکە وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو شێوازانەی بەرامبەر ناوبراو بەکارهێنراون، جەختی لە پێویستیی هاوهەڵوێستی کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی بە "ستەم و خۆسەپێنی" وەسفی کردووە.
ئەنجوومەنی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، حەمیداوی لە پێناو پاراستنی پیرۆزییەکان و نیشتماندا قوربانیی گەورەی داوە. هەر لە بەیاننامەکەدا، ئەنجوومەنەکە ناڕەزایی توندی خۆی نیشانداوە بەرامبەر ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ ناوبراودا دەکرێت و بە هەنگاوێکی "قبووڵنەکراو و بێ پاساو" لە قەڵەمی داوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەیەک دەنگ و وەک "یەک جەستە" لە بەرامبەر ئەوەی بە "ستەم، زۆرداری و هەلپەرستیی سیاسی" ناویان بردووە دەوەستنەوە، و جارێکی دیکە جەختیان لە یەکڕیزیی هەڵوێستی گرووپەکان و هاوسۆزییان بۆ حەمیداوی کردووەتەوە.
ئەم هەڵوێستەی بزووتنەوەی نوجەبا لە کاتێکدایە، ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و گرووپە چەکدارەکان گرژی و ئاڵۆزیی سیاسی و ئەمنیی بەخۆیەوە بینیوە؛ کە هۆکارەکەی بۆ ناکۆکی لەسەر دۆسیەکانی کۆنترۆڵکردنی چەک، سنووری هەژموون و ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا دەگەڕێتەوە.