بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزەی عێراق پێکهێنانی هێزێکی تایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت و گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێنی نوێی ئەمنی و تەکنیکی بۆ پاراستنی تۆڕی بۆرییەکانی نەوت لە سەرانسەری وڵاتدا ڕاگەیاند.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی (١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، فەریق ڕوکن حامید حوسێنی، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە لە لێدوانێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە دیاردەی زێدەڕۆیی و کونکردنی بۆرییەکان تەنها لە بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوتی خاودا کورت نابێتەوە، بەڵکو تەواوی تۆڕی بۆرییە بڵاوەکانی لە سەرجەم ناوچەکانی عێراقدا گرتووەتەوە. ڕوونیشی کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە پارێزگای بەسرە، بەهۆی بەکارهێنانی ئامێری هەستەوەری مۆدێرن (سێنسەر) و چاودێریکردنی وردی قفڵ و دەمەوانە کۆنەکان، توانراوە چەندین هەوڵی دزینی نەوت ئاشکرا بکرێن و پووچەڵ بکرێنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە ئاماژەی بەوەش دا، هێزێکی تایبەتیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و دزیکردن لە ناوچەی باشوور پێکهێناوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە خۆیەوە. ئەرکی ئەم هێزە کێوماڵکردنی بەردەوامی ناوچە بیابانییەکانە بە مەبەستی پاراستنی تۆڕە بەرفراوانەکانی بۆریی نەوت، کە لە ئەنجامی چالاکییەکانیاندا توانیویانە سێ هەوڵی بەستنی قفڵ و بۆریی نایاسایی بە مەبەستی دزینی نەوت لە کێڵگەی نەوتی "سەبە" لە پارێزگای زیقار پووچەڵ بکەنەوە.
لە چوارچێوەی دووبارە ڕێکخستنەوەی یەکە ئەمنییەکانیشدا، فەریق ڕوکن حامید حوسێنی ڕایگەیاند کە ڕێنمایی دەستبەجێی دەرکردووە بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی هێزەکانی مغاویر و بەستنەوەیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە فەرماندە مەیدانییەکانەوە. ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە کە ئەو هێزانە وەک هێزێکی پاڵپشتی و گەڕۆک لە کێڵگە نەوتییە ستراتیژییەکاندا کار بکەن، بەتایبەتی لە کێڵگەکانی ڕومەیلەی باکوور و باشوور، کێڵگەی سەبە، کێڵگەی غەڕاف و کێڵگەی ئەحدەب.
سەبارەت بە قەبارەی ئەرکەکانیان، حوسێنی باسی لەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ڕۆژانە هەزاران ئەرکی مەیدانی لەگەڵ تیمەکانی کارکردن لە ناو کێڵگە نەوتییە بەرفراوانەکاندا ئەنجام دەدات، کە قووڵایی هەندێکیان دەگاتە 40 کیلۆمەتر. لەم ڕووەشەوە داوای کرد پاڵپشتی پێویست بۆ پۆلیسی وزە دابین بکرێت تاوەکو بتوانن هاوشانی فراوانبوونی ئەرکەکانیان هەنگاو بنێن، ئەویش لە ڕێگەی پڕکردنەوەی میلاکات و دابینکردنی لانیکەم 5 هەزار پلەی وەزیفی بە شێوەی گرێبەست، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی کارەکانی ئەو سیستمە ئەمنییە بە ڕێژەی 100% مسۆگەر بکرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە، هێرش و زێدەڕۆییەکانی سەر بۆرییەکانی گواستنەوەی نەوت بە ڕێژەی 90% کەمی کردووە. گەڕاندنەوەی ئەم پاشەکشەیەشی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند گەڕاندەوە، کە خۆی لە دیاریکردنی ناوچە قەدەغەکراوە نەوتییەکان (محرمات)، جووڵەی شەوانەی کاریگەری هێزەکانی دژە قاچاخچێتی، دانانی کامێرای چاودێری و بەدواداچوونی سات بە سات دەبینێتەوە، کە بە هەماهەنگییەکی بەردەوام لەگەڵ عەلی موسەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵ و بۆرییەکان بەڕێوەدەچێت و لە کاتی پێویستیشدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزیری نەوتدا دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد، دەست بەسەر زیاتر لە 420 تانکەری سەرپێچیکاردا گیراوە بەهۆی دەستکاریکردن یان گۆڕینی ڕێڕەوی یاسایی خۆیان. هەروەها ئاماژەی بە بوونی 26 بنکەی پۆلیسی تایبەتمەند کرد کە کاریان بەدواداچوونە بۆ دۆسیەکانی زێدەڕۆیی، سەرباری تەرخانکردنی دادوەرێکی تایبەتمەند بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی قاچاخچێتیی نەوت. جەختیشی کردەوە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنی کارای یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت و بەرهەمەکانی (ژمارە 41ی ساڵی 2008) و ڕێنماییەکانی، ئەوا پرۆسەی قاچاخچێتی بە ڕێژەی 100% کۆتایی پێدێت.
ئەم ڕێکارانەی پۆلیسی وزە لە کاتێکدایە، کە پێشتر عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی کردبوو بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان لەسەر پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی "جورف نەسر".