“هیندستان هێرش دەكاتە سەر پاكستان”
  2025-04-30       770       

وەزیری ڕاگەیاندنی پاكستان ڕایگەیاند، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی وڵاتەكەمان هیندستان پلانی هەیە، لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ كاتژمێردا هێرشی سەربازیی بكاتە سەر پاكستان، دەشڵێت، هەر هێرشێك بۆ سەر وڵاتەكەمان ئەنجام بدرێت ئەوا وەڵامی یەكلاكەرەوەمان دەبێت.

ئاوێنە: عەتوڵا تارار وەزیری ڕاگەیاندنی پاكستان سەبارەت بە نیازی هێرشێكی سەربازی هیندستان بۆ سەر پاكستان و ئەگەری وەڵامی ئیسلام ئاباد، لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە، هەواڵگری وڵاتەكەی زانیاری هەیە، هیندستان لە ماوەی ٢٤ بۆ ٣٦ كاتژمێردا هێرش دەكاتە سەر پاكستان، بۆ ئەو مەبەستەش دوایین هێرش وەك “بیانوویەكی ناڕاست” بەكاردەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەكە.

ئاماژەی بەوەشكردوە، بۆ وەڵامی هەر هەوڵێكی شەڕانگێزانە وەڵامێكی یەكلاكەرەوەمان دەبێت و هیندستان بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت لە هەر ئاڵۆزییەك لە ناوچەكەدا.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دا لە ئەگەری هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، هەروەها ماركۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات گرژییەكان تاوتوێ دەكات.

لە ٢٢ـی نیسان لە ناوچەیەكی گەشتیاری كشمیر هێرشێكی سەربازی ڕوویدا، بەهۆیەوە ٢٦ كەس كوژران و ١٧ كەسی دیكەش برینداربوون كە زۆربەیان گەشتیارانی هیندستان بوون، ئەمەش گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی زیاد كرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×