2025-04-30   262     
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی رایانگەیاند، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردووەتە سەر هێزێکی سووریا کە پلانی هەبووە هێرش بکاتە سەر دروزەکان لە پارێزگای دیمەشق.
ئاوێنە: بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیران و یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکە "ئۆپەراسیۆنێکی هۆشداری بووە،" کە لە رێگەیەوە "پەیامێکی جیدی" دراوەتە بەرپرسانی باڵای سووریا و پێی راگەیاندوون، "ئیسرائیل ئەو چاوەڕوانییەی هەیە کە سووریا هەنگاو بنێت بە مەبەستی رێگەگرتن لە زیانگەیاندن بە دروزەکان."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، "پێزانینمان هەیە بۆ بەشداریی گەورەی کۆمەڵگەی دروزی لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل. پابەندبوونمان بۆ کۆمەڵگەی دروزی لە ئیسرائیل بەلاوە گرنگە و پاراستنی برا دروزەکانیش لە سووریا بەلامانەوە گرنگە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئیسرائیل رێگە نادات زیان بە کۆمەڵگەی ئیسرائیلی لە سووریا بگەیێندرێت، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی پابەندبوونی گەورەمان بە برا دروزەکانمان لە ئیسرائیل، کە پەیوەندیی خزمایەتی و مێژووییان لەگەڵ برا دروزەکانیان لە سووریا هەیە."