سەرکردەی دروزەکانی سوریا: ئەگەر هێرشەکانی سەرمان بەردەوام بن، بەدوای پارێزگاریدا دەگەڕێین
  2025-04-30       301       

شێخ سەمیح یوسف ئەلریشی، شێخی دروز لە سویدە هۆشداریدا لە مەترسییەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە، جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە دەستدرێژییەک و پابەندبونی دروزەکان بە یەکڕیزی سوریا کردوەتەوە، هاوکات ترسی لە ململانێ و دوبەرەکی دەربڕیوە، ده‌شڵێت، "قبوڵ ناکەین هیچ کەسێک هێرش بکاتە سەرمان".

ئاوێنە: شێخ ئەلریشی لە لێدوانێكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاندوە، "سوەیدە گەمارۆدراوە، ئێمە قبوڵ ناکەین هیچ کەسێک هێرش بکاتە سەرمان، هەروەها هێرش ناکەین بۆ هیچ کەسێک، ئێمە مسوڵمانین".

ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکە بەتایبەتی سەحنایا دۆخێکی "نائاسایی" بەخۆیەوە دەبینێت و گەنجانی سویدە بە ژمارەیەکی زۆر لەوێ ئامادەن سەرەڕای هەوڵدان بۆ داخستنی ڕێگای نێوان دیمەشق و سەحنایە.
 
شێخ ئەلریشی ده‌ڵێت، "ئێمە لە هیچ شتێک کەمتر لەوە ڕازی نین کە وەک باقی گەلی سوریا بین، ئێمە سورین"، هاوكات ڕەخنەی لە لاوازی سەرکردایەتییەکی سوریا گرت و وتی، "سەرۆکی ڕاستەقینە لایەنگری هەمو گەلی سوریایە و لایەنگری گروپێک نییە بەرامبەر بە گروپێکی دیكه‌".

ئه‌وه‌شی وت، "ئەوەی ئەمڕۆ لە سوریا ڕودەدات بەشێکه‌ لە پلانی دابەشکردنی نێودەوڵەتی کە تورکیا باکوری سوریای کۆنتڕۆڵکردوە، ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی کۆنتڕۆڵکردوە و ئیسرائیلیش باشوری پێدراوە، ئێمە سوریامان دابەش نەکرد و نامانەوێت پاسەوانێک بەسەرماندا بێت".
 
شێخ ئەلریشی ده‌ڵێت، "کۆمەڵگەی دروزەکان تا  چۆڵکردنی یەکجاری شەڕی کۆلۆنیالیزمی فڕەنسییان کردوە"، ئاهەنگەکانی 17ی نیسانی ڕۆژی چۆڵکردنی بەبیرهێنایەوە، ئاماژەی بەوەشکردوە، هەوڵەکان بۆ چاندنی ناتەبایی بەردەوامن و دوای ئەوەی هێرشەکانی ئێستا بۆ سەر ئەو ناوچانە کۆتاییان هاتوە، "ئەوان بەدوای برا مەسیحییەکانماندا دەڕۆن".
 
شێخ الرشی جەختی لەوەکردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە ئەوەیە لە ڕێگەی سەرکردایەتییەکەوە هەمو کەسێک لەخۆبگرێت کە هەموانی تیادا بێت.

ئەلریشی لەبارەی لێدوانەکانی وەلید جومبلات، سەرۆکی پێشوی پارتی سۆسیالیستی پێشکەوتنخوازی، کە داوای کرد لە ڕێگەی سوریایەکی یەکگرتوەوە چارەسەری ئەو پرسە و ڕەتکردنەوەی تائیفەگەری لە بەرژەوەندی گەلی سوریا و دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل، وتی، "یەکگرتویی ئەگەر ئیرادەیەک هەبێت، شێخە ژیرەکان توانای ئەوەیان هەیە سوریا لەم تەنگژە سەختە دەربهێنن".

هۆشداریشیدا لەوەی بەردەوامبونی دۆخی ئێستا دەتوانێت پاڵ بە کۆمەڵگاوە بنێت بۆ ئەوەی بەدوای پاراستنی بەدیلدا بگەڕێت و وتی، "ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئێمە بەدوای پارێزگاریدا دەگەڕێین و ئاواتەخوازین لەژێر چاودێری ئیسرائیلدا بین".

جەختیشی لەوە کردەوە کە گومان هەیە لەوەی کێ لە پشت گرژییەکانەوەیە و دەڵێت "ڕه‌نگه‌ ئیسرائیلییەکان لە پشت ئەم ململانێیەوە بن"، ناوبراو هەندێک لە سەرکردەکانی بەوە تۆمەتبارکرد کە کەمتەرخەم بون لە ئازارەکانی خەڵکی سویدە، ئەوەش وایکرد هەندێکیان پەیوەندی بە کەسوکارەکانیانەوە بکەن لە ئوردن و ئیسرائیل بۆ داوای پشتیوانی.
 
ئەلریشی باسی لە بارودۆخی ئاوارەکان کرد و وتی، "کۆبونەوەی سەدان ئاوارە لە شوێنی جیاجیادا هەیە، خەڵکیش ڕویان لە سەحنایە کردوە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی سەرکردایەتی سوریا، ئەلریشی وتی، "کاتێک ژیانم دەکەوێتە مەترسییەوە و سەرکردایەتیم نەمپارێزێت، مانای وایە ئەوان گرنگیم پێنادەن، گەلی سوریا بە هەمو پێکهاتە هەمەچەشنەکانیانەوە ئامادەن بۆ ئاشتەوایی و پێکەوەژیان".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×