مامەڵەی هەوایی، گەنجانێکی زۆری مایەپووچ کرد
  2025-04-29       1034       
خەڵكانێك هەن لەم بازاڕەدا ریسكی زۆر گەورە دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی گەنجن

ئا: محەمەد هاوژین

 

رۆژانە لەبازاڕی دراوی سلێمانی، جۆرێك لەكڕین‌و فرۆشتن بەتمەنی ئێرانییەوە دەكرێت كە بە"مامەڵەی هەوایی" ناودەبرێت، وتەبێژی بازاڕی دراوەكە دەڵێت "خەڵكانێك هەن لەم بازاڕەدا ریسكی زۆر گەورە دەكەن، لەوانەیە هەموو سامانەكەی 50 هەزار دۆلار بێت بەڵام مامەڵە بە 500 هەزار دۆلار یان بەملیۆنێك دۆلارەوە دەكات".

 

دلاوەر بەهادین. گەمجێکی تەمەن ٣٦ ساڵەو لەئیوارەیەکی درەنگ وەختدا کە بازاڕی دراوەکە داخراوە، لەگەڵ جەند گەنجێکدا لەبەردەم بازاڕی دۆلارەکە وەستاوەو بەمامەڵەکردنی تمەنەوە سەرقاڵە، ئەو بەئاوێنەی وت "چەند جۆرێك لەمامەڵەی جیاواز لەبازاڕی دراوی سلێمانی پەیڕەو دەكرێت، یەكێك لەو جۆرانە پێیدەوترێت مامەڵەی هەوایی، کە جۆرێکە لەقومار، ئەو وتی "بۆ نمونە لەم مامەڵەیەدا من ١٠ هەزار دۆلارم پێیە، هاتووم مامەڵەیەكی هەوایی دەكەم‌و بڕی 2 ملیار یان 3 ملیار تمەن دەكڕم‌ بۆ بەیانی، ئەگەر قازانجی كرد قازانجەكەی وەردەگرم‌‌و ئەگەر زیانی كرد زیانەكەی دەدەم، بەکورتییەکەی خۆمان یان گاڵ دەهێنم یان پەموو".

وتیشی "خەڵكانێك هەن لەم بازاڕەدا ریسكی زۆر گەورە دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی گەنجن، لەوانەیە هەبێ‌ هەموو سەروەت‌و سامانی ٥٠ هەزار دۆلار بێت، بەڵام مامەڵەی نیو ملیۆن دۆلار یان ملیۆنێك دۆلار دەكات، لەپڕا مایەپوچ دەبێت‌و ئەوەشی هەیەتی تیائەچێت‌و دەكەوێتە ژێر قەرزیشەوە، هەشە بەپێچەوانەوە، لەم مامەڵەدا خەڵكی بەخێرایی یان زۆر دەبەنەوە یان زۆر دەدۆڕێنن".

 

لەبازاڕی دراوەکە ئاماژە لەوە دەکەن کە زۆرێک لەوانەی ئەم جۆرە مامەڵەیە دەکەن بەهۆی زیانێکی زۆرەوە مایەپووچ بوون، هەشیانە تووشی جەڵتە بوون.

 

عەلی غەفور. کە پیاوێکی تەمەن ٣٩ ساڵەو لەبازاڕی دراوەکە کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە مامەڵەی هەوایی، لەساڵانی رابردوودا گرفتی گەورەی بۆ بەشێک لەو گەنجانە دروستکردووە کە دەیانەوێ بەخێرایی ببنە خاوەنی پارەو سەرمایە، ئەو بەئاوێنەی وت، "برادەرم هەبووە شەش دەفتەری پێبووە، نەک بەهۆی نانەڵەی هەواوەییەوە دۆلارێکی پێنەماوە، بەڵکو دە دەفتەریش کەتووەتە ژێرەوەو بەناچار خانووەکی فرۆشتووە بۆ ئەوەی پارەی زیان‌و قەرزەکەی بداتەوە".

وتیشی "لەو ماوەیەی پێشوودا کەسیک کە بەپارەی چەند کەسێک کاری دەکرد، لەمامەڵەی هەواویدا تیاچوو، چی پێبوو، پێینەما، پارەی خەڵکیش بوو، هەموو رۆژێک خەڵک دەچوونە سەری، لەماڵی خوشکێکی خۆی شاردبۆوە، بەڵام هیچ شتێک دادی نەدا تا جەڵتە لێیداو مرد".

 

ئەوانەی ئاگاداری بازاڕی دراوەکەن مەزەندەی ئەوە دەکەن کە ئەو بڕە پارەیەی رۆژانە لەمامەڵەی هەواییدا لەبازاڕی دراوی سلێمانی دەكرێت قەبارەی زۆر گەورەیە.

 

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، كە هەڵگری بڕوانامەی كارگێڕیی داراییە، مامەڵەی هەوایی بەجۆرێك لەریسك كردن ناودەیات كە لەگەڵ هیچ پرەنسپێكی دارایی ناگونجێ‌‌، ئەو بەئاوێنەی وت "كە كەسێك دێت دەڵێت 5 ملیار تمەن ماڵم بێت بۆ دوو بەیانی، یان دەڵێت 10 ملیار تمەن دەفرۆشم بۆ دووبەیانی، جۆرێكە لەریسك كردن‌و تەنانەت دەچێتە خانەی قوماریشەوە".

ئەو پێیوایە مەزەندە كردنی ئەو بڕە پارەیەی رۆژانە لەمامەڵەی هەواییدا لەبازاڕی دراوی سلێمانی دەكرێت، كارێكی قورس‌و گرانە، ئەو وتی "مامەڵەی روبەڕووی تمەن رۆژانە نزیكەی ٢٠ ملیارە، بەڵام هەواییەكە تەنها ژمارەیە‌و قەبارەی زۆر گەورەیە، داتایەك لەبەردەستدا نییە"!

جەبار ئەوە روندەكاتەوە كە هەرچەندە زیاتر مامەڵەی هەوایی بەتمەنەوە دەكرێت، بەڵام جار جار ئەم جۆرە مامەڵەیە بەدۆلاریشەوە دەكرێت، ئەو وتی "كۆمەڵێك مامەڵە هەیە كە باگراوندێكی یاساییان نییە، گرێبەستی یاساییان تێدا رەچاو ناكرێ‌‌و زۆربەی مامەڵەكان لەسەر بنەمای متمانەیە‌و هێزی یاساییان نییە، بۆ نمونە من دەڵێم ١٠٠ هەزار دۆلارت لێدەكڕم بۆ بەیانی، گرەنتی چییە كە من سبەینێ‌ پەشیمان نابمەوە؟ یان ئەوی فرۆشیار پەشیمان نابێتەوە؟ بۆیە زۆرجار لەم مامەڵانەدا لەڕوی یاساییەوە كێشە دروست دەبێ‌".

وتیشی "ئەوانەی مامەڵەی هەوایی دەكەن، هیچ گرێبەستێك لەنێویاندا نیە، هەرچەندە گروپێكیان دروست كردووە لەتەلەگرامدا‌و جۆرێك لەگرێبەستیان دروستكردوە كە تمەن دەكڕی یان دەفرۆشی كلیكت لەسەر كرد تێكستێكت دەداتێ‌‌و ئەمە وەك گرێبەستی لێدێ‌، بەڵام ئایا ئەم تێكستە هێزی یاسایی هەیە؟ بۆ نمونە سبەینێ‌ كابرا پەشیمان بوەوە ئەگەر سكاڵای لەسەر تۆمار بكەیت ئەمە دەخوات؟!".

جەبار جەغت لەوە دەكات كە خەڵكێك هەن مایەپوچ بون بەهۆی ئەم مامەڵانەوە‌و دوایی سوڵحیان كردوە بەنیوە بەنیوە، ئەو وتی "هەبووە لەپڕ توشی زیان بووەو چەند دەفتەرێك كەوتوەتە ژێرەوە، هەبووە ئوتومبێلی لەبری وەرگیراوەو هەبووە خانوویان لەبری وەرگرتوە، خەڵكیش هەبووە براوە بووەو پارەی بردوەتەوە".

وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی ئاماژە ئاماژە بەوە دەكات ئەگەر كەسێك نەزانن سەرمایەی هەیەو ناسراو نییە لەبازاڕی دراو ئەم جۆرە مامەڵەیەی زۆر لەگەڵ ناكەن، زۆربەی ئەم جۆرە مامەڵەیەش دەکەن گەنجن، ئەو وتی "رۆژانە لەهەر سێ‌ بازاڕەكەی دراوو دۆلارەکەی سلێمانی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیۆن دۆلار مامەڵە بەدینار‌و دۆلار‌و تمەنەوە دەكرێت".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×