وەزیری پێشمەرگە: دڵنیام لە كابینەی داهاتودا كۆتایی بە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هاتوە
  2025-04-28       129       

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، دڵنیام لە كابینەی داهاتودا كۆتایی بە پڕۆسەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هاتوە. دەشڵێت، هاوپەیمانان و ئەمریكا بەڵێنی دابینكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانییان بۆ هەرێمی كوردستان داوە.

ئاوێنە: شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی،"لە پرۆسەی چاکسازیدا هەنگاوی گەورە نراوە و وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە."

 ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئەمریکا کردویەتی، لە کۆتایی 2026 پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پیشمەرگە و کۆکردنەوەیان لەژێر چەترێکدا بە ئەنجام بگەیەنێت.

وتیشی، دڵنیام لە كابینەی داهاتودا كۆتایی بە یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هاتوە، بڕیارەكەش هەر وایەو ئیرادەی جدیش هەیە لە هەمو لایەكەوە كە ئەم هێزە ببێت بە هێزێكی یەكگرتوی نیشتمانی.

ئەمریکا و هاوپەیمانان مانگانە بڕە پارەیەک وەکو هاوکاری بۆ لیوا پیادەکانی وەزارەتی پیشمەرگە دەنێرێت. وەزیری پێشمەرگە لەبارەی بەردەوامبوونی هاوکارییەکە وتی"هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن، شتێکمان نەبیستوە کە کێشەیەک لە هاوکارییەکاندا هەبێت، بەڵکو بەردەوامبونی دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە هێزی پیشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لە پرۆسەی چاکسازیدا بەردەوام بن."

جەختیشی كردەوە"پێویستە بە هەنگاوی جدی لە یەکگرتنەوەی هێزەکان بەردەوام بین و هەوڵ بدرێت یەک هێزی یەکگرتوی نیشتمانی هەبێت، پێموایە ئەمە توانایەکی ئەوتۆ بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات، کە پشتیوانیی زیاتر لە هەمو روەکانەوە بۆ خۆی دابین بکات، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە."

لەبارەی دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕو"بێگومان هەنگاوی جدی نراوە و لەوبارەوە بەڵێن دراوە بە هێزی پیشمەرگە و کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×