لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتو، جەختیان لە پێویستی یەکدەنگی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق كردۆتەوە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە لە شاری سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی بە یاوەری وەفدێكی بەرەی گەل سەردانی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستانیان کرد و لەگەڵ سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە كۆبونەوە.
لاهور شێخ جەنگی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"لەو کۆبونەوەیەدا دۆخی ئێستا و هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و دۆخی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا."
سەرۆكی بەرەی گەلی ئەوەشی خستۆتەڕو"جەختمانکردەوە لەسەر پێویستی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی هێز و لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و نەفەوتانی دەنگی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان."
هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە "باسمان لە پرۆسەی ئاشتیکرد لە تورکیا و جەختمان لە پشتیوانیکردن و سەرخستنی ئەوپرۆسەیە کردەوە."
لاهور شێخ جەنگی وتوشیەتی، لەبارەی رۆژئاوای کوردستانیش یەکدەنگی پارتە کوردییەکان بەگرنگ لەقەڵەمدراو و پشتیوانی هەموان بەگرنگ زانرا بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە.